2025-02-19 179 جار خوێنراوەتەوە

پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان هەڵگری چ پرۆژەیەکە ؟ ئایا پەکەکە چەک دادەنێت ؟


دوای پەیامەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئیمرالی و دەستڕاکێشانی بۆ ئاشتی، خێرا شاندەکان دەستیان کرد بە جوڵە وپەیامەکان هاتن و چوون، شاندی دەم پارتی دوو دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، وادەردەکەوێت ناگاتە کۆتایی ئەم مانگە، پەیامەکەی ئۆجەلان بەناو کوچە و کۆڵان و سەرچیا و بن دۆڵی چوارپارچەی کوردستان و جیهاندا بڵاو بکرێتەوە .
بە پێی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی جەمیل بایکی هاوسەرۆکی گشتی کەجەکە، وادەردەکەوێت یەکێک لەپەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان کە بڕیارە لەم دوو هەفتەیدا بڵاو بکرێتەوە، دانانی چەکی دەستی گەریلا بێت لەبەرامبەر داننان بە مافی گەلان و  بەیاسایی و سیاسی کردنی پرسی کورد لە تورکیا و پەرلەمانەکەی . ئەوەش یەکێک لەو خاڵاڵانەیە کە پەکەکەی لەپێناودا دروستکرا، پەکەکە وادەڵێت . بەواتایەکی تر داننان بە ماف و بوونی کورد و گەلانی نەک هەر تورکیا بەڵکو تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر بێدەنگکردنی لولەی چەکەکان .
هاوڵاتیان بە گومانن و شارەزایانیش کۆکن لە بە قازانج شکانەوەی هەبوونی دیالۆگی نێوان پەکەکە و تورکیا 
هاوڵاتیانی کورد بە گومانن لە دیالۆگی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بەو پێیەی وەک هاوڵاتیانی کورد دەڵێن "تورکیایەک کە ( 100 ) ساڵە خەونی توانەوەی کوردی هەیە و شوێن و جێگە نەماوە تاوان و کۆمەڵکوژی دژی کوردی تێدا ئەنجام نەدابێت، چۆن وا لەپڕدا بۆ پرسی چارەسەری و کۆبوونەوە لە سەر مێز و دیالۆگێکی لەو چەشنە دێتە پێشەوە"
لەسەر ئەم گومانەی هاوڵاتیان ئیرادە چەند پەیوەندیەکی ئەنجامدا و شۆرڤە بۆچوونەکانی کۆکردەوە، شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسەت و بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی تورکیا پێیان وایە :
بەخچەلی پیاوی بەرێوەبردنی حکومەت و دەسەڵاتی قوڵی تورکیایە ، حکومەتی تورکیا ئەو بەڕێوەی دەبات، ئەو پێش گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە زوو درکی بە گۆڕانکاریەکان و پاشکەوتنی تورکیا کردووە، ئەو دانایە لەوەی شەڕ و درێژەدان بە کوشتار و نەخوێندنەوەی نەتەوەکانی نێو تورکیا و ناوچەکە، سەرەنجامی وڵاتێکی وێران و بەشبەشی دەبێت بۆ تورکیا.
 لەبەرامبەردا ئۆردوغان پیاوێکی خۆپەرست و فاشیستە، هەموو شتێک قبوڵدەکات تەنها لە پێناو ئەوەی خۆی وەک سەرۆک وسوڵتان دەربخات و بمێنێتەوە ، بۆیە بەهەردوکیانەوە لەو خاڵەدا کۆکن کە بۆ پاراستنی تورکیای داهاتوو لە پارچە بوون و مانەوەی ئۆردوغانیش بە سەرۆک و سوڵتان، پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکەن و ڕێگە بگرن لەپارچە بوونی تورکیای داهاتوو، ئەوەش یەکێکە لە داواو داواکاری ئیمرالی و پەکەکە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی نەک هەر کورد بەڵکو گەلانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو شرۆڤەکاران پێیان وایە : پەکەکە و ئۆجەلان ئامادەن زۆر زیاتر لەوەی هەرکەسێک چاوەڕیی دەکات بیکەن و بچنە پێشەوە بۆ بەستن و ئەنجامدانی دیالۆگ بۆ گەشتن بە چارەسەری پرسی کورد و گەلان ئەگەر بە کۆتایی هاتنی خۆشیان بێت، بەوەش خەمی پارچە بوونی تورکیا لای باخچەلی دەڕەوێتەوە و  خەونی ئۆردوغانیش بۆ بەردەوامیدان و مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات قایمتر دەبێت، هاوکات خەونە گەورەکەی ئۆجەلان و کوردیش لە تورکیا و پەرلەمان و دەستورەکەی کە داننانە بە بوون و ناسنامە و زمان و کەلتوری کورد و گەلان لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە دی، هەمان ئەو خەونەی کە پەکەکەی لەسەر بونیات نرا .
بۆچوونەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دیالۆگی ئەم جارەی نێوان ئیمرالی و تورکیا جیاوازە و خەونی جیاوازیشی تێدایە بۆ کۆی گەلانی ناوچەکە و تورکیا، ئەگەر چی بۆ کورد مەترسیدارە، بەتایبەت دوای ئەوەی باسی دانانی چەکی دەستی گەریلای تێدایە، بەڵام خوێندەوە و گفتوگۆکان پێمان دەڵێن پەیامەکەی ئۆجەلان تەنها بریتی نیە لەوەی تەنها چەک دانێن و بڕۆنەوە ماڵەوە، بەڵکو  هەروەک بایک ووتی مەرجی سەرکەوتنی دیالۆگی ئاشتی، ئازادکردنی ئۆجەلانە و ئەوان وەک پەکەکە خاوەن ئەزمونێکی دەوڵەمەندن لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیا و بە ئاسانی فریوناخۆن .
هەنگاو بەرامبەر هەنگاو 
میدیای ئیرادە لەسەر ئەم پرسە دوای بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی زانیویەتی کە پرسەکان هەنگاوبەهەنگاو و کردار لە بەرامبەر کردار دەبێت لە نێوان پەکەکە و تورکیا، بەشێوەیەک دانانی چەکی دەستی گەریلا پەیوەست دەبێت بەوەی دەوڵەتی تورکیا چۆن دێیتە پێش لەبەرامبەر پرۆسەکە ، پەکەکە کاتێک چەکەکان بێدەنگ دەکات کە تورکیا لە پەرلەمانەوە خوێندنەوە بۆ یاسا و دەستورەکەی بکات و لە پەرلەمانەوە بە جیهان بڵێ ئەو خاکەی ( 100 ) ساڵە یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک نەتەوەی تێدا دەسەپێنرێت، چیتر دەگۆڕدرێت بۆ خاک و ئاڵا و زمانی نەتەوەکان، لە نێویاندا و بە دیاری کراوی نەتەوەی تورک و کورد، هەموو ئەوانەش کاتێک ڕوودەدەن کە خودی ئۆجەلان بۆخۆی لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە و هەپەگە و لە کۆنگرەیەکدا بڕیاری دانان و بێدەنگکردنی چەکەکان بدەن .   
 

 

 

  • عەلی حەمە ساڵح: فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچوو

  • كەنەكە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایك پەیامێكی گرنگ بڵاو دەکاتەوە

  • لەژێر فشارو هەڕەشەدا ناوەندەکانی خوێندن دەکرێنەوە

  • هاتۆچۆی سلێمانی: کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لانابرێن

  • پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان هەڵگری چ پرۆژەیەکە ؟ ئایا پەکەکە چەک دادەنێت ؟

  • حه‌یان عه‌بدولغه‌نی: وه‌فدێكمان ناردۆته‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕی بڕیارلێدراوی نه‌وت

  • شاندی ئیمراڵی: کورد بۆ پڕۆسەی ئاشتی یەک دەنگە

  • پارێزگاری كەركوك: ئەو سەربازانەی ئەمڕۆ پەلاماری جووتیارانی كوردیاندا دەستبەسەركراون

  • هه‌سه‌دە دوو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ده‌خاته‌ خواره‌وه‌ و پێگه‌ی سه‌ربازی توركیاش له‌ سوریا بۆردومان ده‌كات

سەرەکی