3   کاتژمێر پێش ئێستا 2191 جار خوێنراوەتەوە

حه‌ماس به‌په‌له‌ شاندێك ده‌نێرێته‌ قاهیره‌و داواى ئاگربه‌ست ده‌كات

حەماس‌و ئیسرائیل لەتۆمەتبارکردنی یەکتر لەپێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامن‌و لەدوێنێوە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردووه‌ته‌وه‌، هاوکات چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، سەبارەت بەو بابەتە شاندێکی حەماس گەیشتووەتە میسر.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئەمنی بزووتنەوەی حەماس‌و میسره‌وه‌ بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی ئەو بزووتنەوەیە گەیشتووەتە قاهیرە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی وڵاتانی نێوەندگیر کۆببنەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییەی حەماس باسی لەوەشکردووە، لەکۆبوونەوەکە باس لەپێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لەئاگربەست دەکرێت.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکۆبوونەوەی کابینەکەی دووپاتیکردەوە، لەهێرشکردنەسەر حزبوڵڵاو حەماس بەردەوامدەبن.

باسی لەوەشکرد، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندینجار بۆردوومانی لوبنانی کردووەو لەبەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگریی لەخۆ بونیادنانەوەیان بگرین بەردەوامدەبین؛ هاوکات هەمان کار لەغەززەش دەکەین، چونکە حەماس لەپێشێلکاریی ئاگربەست بەردەوامە.

دوێنێ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشیکردبووه‌سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لەکەرتی غەززە بۆردوومانکرد.

بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لەئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆسەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون‌و دەیان کەسیش برینداربوونە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل‌و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەندو خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لەڕاگرتنی شەڕو ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان‌و زیندانییە فەڵەستینییەکان‌و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی 13ی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شه‌رم شێخ لەمیسر بەئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوەچوو و هەریەک لەئەمریکا، میسر، قەتەرو تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆوکردو دڵنیاییان لەجێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا.

  • وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریا هێرشده‌كاته‌سه‌ر هه‌سه‌ده‌

  • وه‌زیرى ئیتڵاعاتى ئێران زانیارییه‌ك له‌باره‌ى وڵاته‌كه‌ى ئاشكراده‌كات

  • ئینته‌رنێتێكى خێزانى له‌هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌كار

  • حه‌ماس به‌په‌له‌ شاندێك ده‌نێرێته‌ قاهیره‌و داواى ئاگربه‌ست ده‌كات

  • وه‌فده‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى توركیا به‌هێلیكۆپته‌رى سه‌ربازیى ده‌گوازرێنه‌وه‌ ئیمراڵى

  • دەستەی دەستپاکی عێراق: نۆ هەزار گەندەڵکار لە زیندان ئازاد دەکرێن

  • قوباد تاڵەبانی: بەبێ یەکێتی حکومەت پێکنایەت

  • دیمەشق ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی فەرماندەکانی هەسەدە دەربڕی

  • پەروین بوڵدان: چارەسەری بەبێ یاسا ناکرێت

سەرەکی