3 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
پژاک : حدکا و کۆمەڵە بە دوورخستنەوەیان لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" تۆمەتبار دەکات
داوای ڕونکردنەوەیان لێدەکەین
ناوەندی هەواڵ
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا، هەریەکە لە "حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پشت پەردەوە کاریان بۆ سڕینەوەی ناوی نوێنەرانی ئەوان لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" کردووە، کە بڕیارە لە لەندەن بەڕێوەبچێت.
کورتەی کێشەکە: لە بانگهێشتی فەرمییەوە بۆ سڕینەوە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پژاک، ئەو پارتە بە فەرمی لەلایەن "کۆمیتەی جێبەجێکاری کۆنگرەی ئازادیی ئێران"ەوە بانگهێشت کرابوو بۆ بەشداری لەو کۆنگرەیەی کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئادار لە شاری لەندەن ساز بکرێت. بەڵام دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخەران لە هەفتەی ڕابردوودا، پژاک ئاشکرای کردووە کە ناوی نوێنەرانیان لە لیستی کۆتایی بانگهێشتکراوان سڕاوەتەوە.
پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنە کوردییەکان
پژاک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بە ئاشکرا ڕەخنە لە هەڵوێستی هەردوو حزبی کوردی (دیموکرات و کۆمەڵە) دەگرێت و دەڵێت:
"بەگوێرەی زانیارییەکانمان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە پرۆسەی سڕینەوەی پژاکدا ڕۆڵیان هەبووە، بۆیە داوای ڕوونکردنەوەی فەرمییان لێ دەکەین."
ڕەخنە لە "پێوەرە دیموکراتییەکان"ی کۆنگرەکە
پژاک ئەم هەنگاوە بە "هەڵسوکەوتێکی جیاکارانە" و "پێچەوانەی بنەما ڕاگەیەندراوەکانی کۆنگرە" وەسف دەکات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا چەند خاڵێکی سەرەکی وەک ناڕەزایەتی خراونەتە ڕوو:
مەترسیی دیکتاتۆرییەت: پژاک پێی وایە تەنها دروشمی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی گەرەنتی دیموکراسی نییە، بەڵکو ئەم جۆرە سڕینەوەی لایەنە سیاسییەکان مەترسیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی "دەسەڵاتی تاکڕەوانە" نیشان دەدات.
تێکدانی متمانە: چۆن دەکرێت لایەنێک باس لە داڕشتنەوەی متمانە لە کۆمەڵگای ئێراندا بکات، بەڵام لە هەنگاوی یەکەمدا پەنا بۆ "دەستی شاراوە" و سڕینەوەی لایەنە سیاسییەکان ببات؟
هۆشداری لە توندوتیژی: پژاک هۆشداری دەدات کە "سڕینەوەی نەرم" لە ئێستادا، لەوانەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ "سڕینەوەی توندوتیژانە" لە قۆناغەکانی داهاتوودا.
داواکاری کۆتایی
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان داوای وەڵامێکی "ڕوون، ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە" لە ڕێکخەرانی کۆنگرەکە و ئەو دوو حزبە کوردییە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە هیچ پاساوێکی سیاسی هەڵناگرن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەمشێوەیە:
“وەک ماوەیەکە لە میدیاکاندا باسی لەسەر دەکرێت، بڕیارە لە ٢٨و ٢٩ی ئادار کۆنگرەیەک بە ناوی “کۆنگرەی ئازادیی ئێران” لە لەندەن بەڕێوەبچێت. لە کەش و هەوای سیاسی زۆر هەستیاردا کە لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکانی ئێراندا هەیە، ئێمە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هەوڵماندا لەگەڵ هەموو ئەو بزووتنەوە سیاسیانەی کە بانگەشەی پشتیوانی لە دیموکراسی و ئازادیی دەکەن، گفتوگۆ و هاوکاریمان هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ڕێکخەرانی “کۆنگرەی ئازادیی ئێران” ئەنجامدا کە بووە هۆی دیالۆگێکی بنیاتنەرانە. لەم گفتوگۆیەدا بۆچوون، بەرنامە و پڕۆژە سیاسییەکانی پژاکمان لەگەڵیان باسکرد، بۆچوون و بەرنامەکان کە لایەنی بەرامبەریشەوە بە شێوەی ئەرێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. دواتر ڕێکخەرانی کۆنگرەی ئازادیی ئێران وەک پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی کورد و ئێرانی، بە فەرمی بانگهێشتی پارتەکەمانیان کرد بۆ بەشداریکردن لەم کۆنگرەیەدا، ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دیالۆگە ئەرێنییانەی کە ڕوویدابوو و هەروەها بەو ڕوانگەوە کە ئامانجی ئەم کۆنگرەیە دروستکردنی یەکڕیزییەکی بەرفراوانە لە نێوان هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێراندا، بەرپرسیارانە بڕیارماندا وڵامی ئەرێنی ئەم بانگهێشت کردنە بدەینەوە و بەشدار بین.
لە ناوەرۆکی گفتوگۆکان و نووسینە فەرمییەکانی بەرپرسانی کۆنگرەکە وا تێگەیشتین کە دەتوانرێت کەشێکی کراوە و دیموکراتیک لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و بەرنامەکان دروست بکرێت، چاوەڕوان دەکرا ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ڕوون، هەمەلایەنە و دیموکراتیک بەدوور لە هەر جۆرە سەپاندنێک بەڕێوە بچێت. بەڵام هەر لەسەرەتاوە بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێمە و بەبێ کەمترین ئاگاداری ئێمە، بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو شایەتی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دامەزراوەیەک بەناوی “ئەنجومەنی هەماهەنگی کۆنگرەی ئازادیی ئێران” بووین کە لە ماڵپەڕی فەرمی کۆنگرەکەدا بڵاو کرایەوە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە گومانەوە سەیری ئەم بۆچوونە ناڕوون و نادیموکراتیکەمان کرد و نیگەرانییەکانمان بە بەرپرسانی کۆنگرەکە ڕاگەیاند. ئەوان وڵامیان ئەوە بوو کە ئەم ئەنجومەنە بە هیچ شێوەیەک بڕیاردەر یا جێبەجێکەر نییە. بەڵام دواتر کردارەکانی ئەم ئەنجومەنە نیشانی دا کە ئەم دڵنیاکردنەوانە لەگەڵ ڕاستییەکاندا نایەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە بانگهێشتی فەرمی لەلایەن نوێنەرایەتی کۆمیتەی جێبەجێکاری کۆنگرەوە بۆ پارتەکەمان نێردرابوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە بەهۆی ڕەفتاری نابەرپرسیارانە و پێچەوانەی پرەنسیپە ڕوونەکانی لێکنزیکبوونەوە و دیموکراسی، ناوی نوێنەرانی پارتەکەمان لە لیستی بەنگهێشت کراوان لابراوە. ئەم کارە نەک تەنها ناشارەزایی سیاسییە بەڵکو بە ئاشکرا پێچەوانەی بنەما ڕاگەیاندراوەکانی کۆنگرەکە بوو.
بەداخەوە، بە پێچەوانەی ناونیشانی ئەم کۆنگرەیە، مامەڵەی ئەنجوومەنی هەماهەنگییەکەی بەبیرهێنانەوەی ڕێبازی هەڕەمەکی و سەپاندنانەی دەسەڵاتدارانی وەک ‘شەورای نەگهبان’ـە. لە کۆتایدا ئەوەی ڕوویدا نە نیشانەی خواستی دیموکراسی و ڕاستگۆیی سیاسی و ئەخلاقی بوو نە نیشانەی بەشداری یەکسان و ئازادانە بوو. بەڵکو دەرخەری هەڵسوکەوتێکی جیاکارانە و بەرهەمی جۆرێک دوورخستنەوە و پلانی پشت پەردە بوو.
لەسەر بنەمای بەدواداچوون و ئەو زانیارییانەی بەدەستکەوتوون، دانیشتنی دەنگدان لە ئەنجوومەنی هەماهەنگیدا بە شێوازی قەیومانە و تاکڕەوانە بەڕێوەچووە و لە ئەنجامدا مافی بەشداریکردنی پژاک لەم کۆنگرەیەدا پێشێلکراوە. لە هەمان کاتدا، ئەو کەسانەی کە لەگەڵیان کۆبونەوەی هاوبەشمان ئەنجامداوە، هێشتا بە نیازپاکی دەبینین و خۆیان ڕایانگەیاندووە کە لە پرۆسەی دوورخستنەوەی پژاکدا دەستی شاراوە لە کاردابووە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: چۆن دەکرێت لە چالاکییەکانی کۆنگرەیەکدا دەستە شاراوەکان بەو شێوەیە دەستوەردان بکەن کە ئامانجی ڕاگەیاندراوی دروستکردنی متمانە و لێکنزیکبوونەوەیە و بتوانن ئەو جۆرە ڕەفتارە ناڕوون و تێکدەرانەیە ئەنجام بدەن؟ بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەی ناوەوەی ئەم ئەنجومەنەوە دەستمان کەوتووە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە دوو حیزبی دیکەی کوردی ئامادەی کۆنگرەکە، یانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە پرۆسەی سڕینەوەی پژاکدا ڕۆڵیان هەبووە. ئەم بانگەشەیە، بەبێ گوێدانە ڕاستی و دروستییەکەی، پرسێکە کە پێویستە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی کورددا لێکۆڵینەوەی لەسر بکرێت؛ بەڵام لە هەر حاڵدا، لە بەرپرسیارێتی و دەرئەنجامەکانی ئەو کارەی کە بۆ سڕینەوەی پژاک لە “کۆنگرەی ئازادیی ئێران” دا گیراوەتەبەر کەم ناکاتەوە.
پرسیاری ئێمە بۆ ڕێکخەران و بەرپرسانی کۆنگرەکە ڕوون و ئاشکرایە: ئایا ئەم ڕێبازی سڕینەوە و سەپێندراوە، دەرئەنجامی کاریگەری، سیستماتیک یان فشاری حکومەتێکی دیاریکراو یان بزووتنەوەیەکی سیاسییە؟ لەم ڕووەوە چاوەڕوانی وڵامێکی ڕوون و بەرپرسیارانە دەکەین.
ئێوە لە بانگەشەکاندا باسی لێکنزیکبوونەوە، بەرپرسیارێتی و هەمەلایەنەتان دەکرد. کەواتە چ هۆکار یان هۆکارگەلێک—وەک هاندان، هەڕەشە، یان بەرژەوەندی کاتی—ئێوەی مەجبوور بە پاشەکشە لە بانگەشەکانتان کردووە؟ لە کاتێکدا لە نووسراوە فەرمییەکانتاندا باسی دژایەتیکردنی دەستێوەردانی دەرەکی و دانوستانە پشت پەردەییەکانتان دەکرد، بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هەمان میکانیزمی ناڕوونی و مامەڵەی بەرژوەندخوازانە کە ماوەیەکی زۆرە دیمەنی سیاسی ئێرانیان لەکەدار کردووە، لە هەنگاوی یەکەمی کۆنگرەکەتاندا دووبارە سەری هەڵداوە.
هەروەها پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئایا ئەم کارە دەبێتە سەرەتایەک بۆ پرۆسەی لابردنەکانی دوایی؟ ئەزموونی مێژوویی ئێران نیشانی داوە کە سڕینەوە نەرمەکانی سەرەتا لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی سڕینەوەی توندوتیژانە لە قۆناغەکانی داهاتوودا.
ئێوە لە ماڵپەڕەکەتاندا ئاماژەتان بەوە کردووە کە “ئەم کۆنگرەیە شوێنێک نییە بۆ هەڵبژاردن یان ڕەوایەتیدان بە ڕێبەرێک یان پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەڵکو مەبەستی لێکۆڵینەوەیە لە میکانیزمەکانی دەستوەردان بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتە بە شێوەی هاوبەش.” بەڵام ئەوەی لە کرداردا ڕوویداوە پێکهێنانی جۆرێک لە هاوپەیمانی نەنووسراوە بۆ ڕێگریکردن لە بەشداری ئازاد و دیموکراتیک. بەڵکوو پرۆسەیەکە کە هەر لە سەرەتاوە بنەماکانی دیموکراسی، یەکسانی و هەمەلایەنەی پێشێل کردووە.
ئێمە بە ڕوونی و ڕاشکاوانە دەڵێین: هەرجۆرە مامەڵەی سڕینەوە و دوورخستنەوە، هەڕەمەکی و سەپاندنی ئەنجومەنی هەماهەنگی کۆنگرە هیچ پاساوێکی قبوڵکراو هەڵناگرێت و بە شێوەیەکی بەرچاو ناکۆکە لەگەڵ ناونیشان و بانگەشەی “کۆنگرەی ئازادیی ئێران”.
ئایا بەم کردەوانەوە، ئەم کۆنگرەیە بەرەو بەرهەمهێنانی نموونەیەکی دیکەی “نامیلکەی فریاگوزاری” دەڕوات؟ بەم بۆچوونە، ئایا هێشتا خۆی لە پێگەی ڕەخنەگرتن لە هێزە دەستەڵاتخوازەکان وەک لایەنەکانی پەهلەوی— دەببنێت، یان بە کرداری هەمان شێوازەکانی سەڵاتداری و سڕینەوە بەرهەم دەهێنیتەوە؟
ئێوە کە باستان لە داڕشتنەوەی متمانە لە کۆمەڵگای ئێراندا دەکەن، چۆن پاساو بۆ ئەم تێکدانی متمانەیە دەهێننەوە؟ لە ڕوانگەی ئێمەوە، هیچ پاساوێک قبوڵ ناکرێت. چونکە ئێوە بنەما هەرە سەرەتاییەکانی پەیوەندی دێموکراتیک و پەیوەندییە سیاسییەکانتان پێشێل کردووە بەم شێوازە، چۆن دەتانەوێ سەبارەت بە ئازادیی، یەکسانی، دادپەروەری، هاوڵاتیبوون، دیموکراسی و بەشداریکردن قسە لەگەڵ خەڵکدا بکەن؟
ئەنجامی ئەنجوومەنی هەماهەنگی کۆنگرە بە ڕوونی نیشانی دا کە تەنها بانگەشەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی گەرەنتی بەدیهێنانی بەها دیموکراتیکەکان نییە. بەڵکو مەترسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مامەڵەی دەسەڵاتدارانە، قەیومانە و سەپاندن لە نێو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی دەکەن هێشتا مەترسیدارە. عەقڵییەتە ناڕوون و نادیموکراتیک ناتوانێت ڕێگە بۆ ئازادیی و یەکسانی هەموار بکات و ئەم جۆرە بۆچوونانە هەرگیز هەل و دەرفەتی متمانە، لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری هاوبەش ناڕەخسێنن.
کۆنگرەی ئازادیی ئێران لەهەنگاوی یەکەمدا لەڕوانگەی ئێمەوە لەدەرەوەی چوارچێوەی لێکنزیکبوونەوە و پێچەوانەی پێوەرەکانی دێموکراسیخوازی هەڵسوکەوتی کردووە. قبووڵکردنی ئەم ڕاستییە لانیکەم هەنگاوێکە کە بەرپرسانی دەتوانن بەرەو چاکسازی دەستنیشانی بکەن.
ئێمەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە پێناو ئەو پرسیارانەی ڕامانگەیاندووە چاوەڕوانی وڵامی ڕوون، ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە دەکەین
-
پژاک : حدکا و کۆمەڵە بە دوورخستنەوەیان لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" تۆمەتبار دەکات
|
-
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەرنەچووە
|
-
رۆژنامەنووسێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا
|
-
ڕۆژنامەی تایمز: کچەزای حەسەن بەننا لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان دادگایی دەکرێت
|
-
جێگرەوەی لاریجانی؛ محەمەد باقر زولقەدر كێیە؟
|
-
وهزارهتى پهروهرده؛ 28ی ئەم مانگە بڕیار لەسەر چارەنووسی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەدات
|
-
ئیسرائیل شەوێكی قورسی بەڕێكرد
|
-
نمونەی جوتیارەکە لەنێوان زاگرۆس هیواو ئەبووبەکر کاروانی دا
|
-
|
|
|
|