2024-09-17
1221 جار خوێنراوەتەوە
کارەساتەکەی حزبوڵا، قۆناغی مەترسیدار لە تەکنەلۆجیای جەنگی
ناوەندی هەواڵ
دواپێشهاتی جەنگی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل، کوژران و برینداربوونی هەزاران ئەندامی ئەو حزبەیە بە هۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی (پەیجەر) کە تایبەتە بە ئاگادارکردنەوە و بانگکردنی خێرا.
ئەم ئامێرانە لە مۆبایل بچوکترن و لەلایەن پزیشکان و ئەو کەسانەوە بەکاردەهێنرێت کە لە کارەکانیاندا حاڵەتی کتوپڕ روودەدات، بەمدواییانە کەسایەتییە گرنگەکان و پاسەوانەکانیان و ئەندامانی حزبوڵا بەکاریانهێناوە بۆ مەبەستی ئاگادارکردنەوەی یەکتر لە حاڵەتە کتوپڕەکاندا.
راگەیاندنەکانی لوبنان لەبارەی تەقینەوەی ژمارەیەکی زۆر لەم ئامێرانە بە هەڵگرانیدا، ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی هەزاران ئەندامی حزبوڵا دەدەن لە ناوچەی جیاجیای ئەو وڵاتەدا.
لە ماوەیەکی کەمدا هەزاران ئامێری لەو جۆرە تەقیوەتەوە بە جیاوازییەکی کەم لە کاتدا، پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل توانیبێتی بچێتە ناو سیستمی بێ تەلی پەیوەندیکردنی حزبوڵاوە و لەو رێگەیەوە ئەو هەموو ئامێرەی تەقاندبێتەوە.
نەخۆشخانەکانی لوبنان بانگەوازیان بۆ هەموو جۆرەکانی خوێن بڵاوکردوەتەوە، لەگەڵ بانگکردنەوەی هەموو ستافە پزیشکییەکان بۆ ناوەندە تەندروستییەکانیان.
ئەم پێشهاتە بە یەکێک لە پێشکەوتنەکانی جەنگی تەکنەلۆجی هەژماردەکرێت، کە حزبوڵا ناچاردەکات جارێکی تر بە بیرۆکەی بەگژداچوونەوەی ئیسرائیلدا بچێتەوە.
ئەم روداوە، لەپاش کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە راگەیاندنی خواستی ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی بەرەی جەنگ لە گەڵ لوبناندا.
لە چەند مانگی رابردوودا، حزبوڵای لوبنان بەرپرسیاریەتی لە چەندین هێرشی موشەکی دەربڕییووە، بۆ پشتگیریکردنی هێزە فەلەستینەکان لە جەنگی غەززە، بەڵام کەمتر لە مانگێکە ناتانیاهۆ بەردەوام باس لە فراوانکردنی بەرەی جەنگەکە دەکات بەشێوەیەک لوبنان بگرێتەوە.
ئەگەر تا ئێستا تەکنەلۆجیای سەربازی درۆن، یەکێک لە کارتە بەهێزەکانی باڵانسی هێزبووبێت ئەوە لەم مێژووە بەدواوە، سەرجەم ئامێرە ئەکترۆنییەکان بگرە مەترسی زیاتر دروستدەکەن.
ئێوارەی ئامڕۆ سوپای ئیسڕائیل لەڕێگەی دزە كردنە ناو سیستمی ئامێری پەیوەندی "پەیجەرز"ەوە بە هەزاران ئامێریان لە ناو لوبنان تەقاندۆتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا 8 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 750 كەسیش بریندارن و ژمارەكەش لە هەڵكشانە، كە یەكێك لەوانە باڵیۆزی ئێرانە و تەندروستی ئەو وڵاتەش حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیوەندی “پەیجەرز”ەوە تا ئێستا 8 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە منداڵیشی تێدایە و زیاتر لە 2 هەزار و 750 كەسیش تا ئێستا بریندارن کە حاڵەتی 200کەسیان لەمەترسیدایە.
|