6   کاتژمێر پێش ئێستا 1118 جار خوێنراوەتەوە

چارەنووسی مووچەی هەرێم لەنێو ناڕوونی مووچەی بەغداد دا؟

" مووچە پارێزراوە بەڵام ڕەنگە پەنا بۆ قەرز ببرێت"

ناوەندی هەواڵ

جەمال كۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختدەكاتەوە، مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و نە كەم دەكرێتەوە و نە دوادەكەوێت، لەكاتێكدا دۆخی عێراق بە ئاڵنگاری سیاسی و سەربازیی و ئابوریدا تێدەپەڕێت، دەشڵێت چەند بژاردەیەك لەبەردەم حكومەتی عێراقدان بۆ ئەوەی پێدانی مووچە گرەنتی بكات، لەوانەش قەرز.حكومەتی هەرێمیش بۆ مووچەی فەرمانبەران لە هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیەدایە كە هەر خۆی دروستیكردووە و نیازی نییە 120 ملیار داهاتەكە بنێرێت.

بەوتەی جەمال كۆچەر، "لە هەموو دۆخێكدا مووچە گرەنتی كراوە، ڕوبەڕووی كێشەی گەورە نابێتەوە، ئەوەش بنەمایەكی جێگیرە بەبێ كەمكردنەوە و گۆڕانكاری، حكومەت دەتوانێت بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە ئەگەر كاربەڕێكەریش بێت".

حكومەت دەتوانێت پەنا بۆ قەرز ببات

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باس لەوەشدەكات، حكومەت دەتوانێت پەنا بۆ قەرز ببات، وەك حكومەتەكانی پێشوو، كاتێك پەرلەمان سێ یاسای بۆ قەرز دەركرد لەكاتێكدا ئەوكاتیش حكومەت كاربەڕێكەر بوو، ئەم بژاردەیەش تائێستا پێشنیازكراوە و ڕەنگە دووبارە ببێتەوە تا لەگەڵ ئەم دۆخەدا بگونجێنرێت.

"ئەگەر حكومەتی نوێ پێكنەیەت و دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پەرلەمان و حكومەت پەنا بۆ ئەو بژاردەیە دەبەن، واتە بژاردەی قەرزكردن، تاكە چارەسەریش لەمكاتەدا ئەوەیە قەرز لە بانكە نێوخۆییەكان بكرێت".

عێراق تەنها كێشەی ئیدارەدانی هەیە نەك داهات

بەوتەی پسپۆڕان، عێراق تەنها كێشەی ئیدارەدانی هەیە نەك داهات، چونكە خاوەنی ژمارەیەكی زۆر سەرچاوەی داهاتە كە گرنگترینیان نەوت و پێكهاتەكانیەتی.

پرسی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان

لەلایەكی دیكەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا درەنگ لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی سێی بۆ بەغداد ناردووە، ئێستا بەنیازیش نییە 120 ملیار داهات بۆ بەغداد بنێرێت، بەوەش كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروستبووە، لەكاتێكدا عێراق خۆی لە كێشەدایە و پاساوی زیاتری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی مووچە نەنێرێت.

حکومەتی هەرێم بەنیاز نییە 120 ملیارەکە بنێرێت

بەپێی زانیارییەكانی "ئیرادە میدیا" حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بەغداد ڕازی  بكات كە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەی مانگانە وەك داهاتی نانەوتی دەنێردرێت، بۆ ئەم مانگە بە ڕێژەی 50٪ كەم بكرێتەوە، پاساوەكەشی ئەوەیە " بەهۆی لێكەوتەكانی جەنگی ئێران و دۆخی ناوچەكە، داهاتی ناوخۆی هەرێم لە مانگی سێدا بە ڕێژەی 70٪ كەمی كردووە".

بۆ ئەو مەبەستە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بگاتە بەغداد و لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق كۆببێتەوە تاوەكو ڕاپۆرتێكی ورد لەسەر داهاتە نانەوتییەكان و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی پێشكەش بكەن، هاوكات وەزیرانی كورد لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە تاوەكو داواكارییەكە بە فەرمی بگەیەنن و ڕەزامەندی وەربگرن، پێشبینی دەكرێت سوودانی خۆی بڕیاری لەسەر بدات یان بیخاتە بەردەم كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران.

هەڵوێستی تەیف سامی

لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی ئاماژەی بەوە كردووە، "لە دۆخی دارایی هەرێم تێدەگات و كێشەی لەگەڵ كەمكردنەوەی بڕینەكە نییە، بەڵام بەوپێیەی ئەو بڕە پارەیە پێشتر بە ڕێككەوتنی هەردوولا و پەسەندكردنی ئەنجوومەنی وەزیران دیاریكراوە، هەر گۆڕانكارییەك پێویستی بە بڕیاری سوودانی یان دەنگی زۆرینەی ئەنجوومەنی وەزیرانە".

چاوەڕوان دەكرێت دوای تەواوبوونی ئەو كۆبوونەوانە، لە ئەگەری ڕازیبوونی بەغداد، ڕۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی كێشە بۆ عێراقیش دروستبووە

پێش جەنگ لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 4.5 ملیۆن بەرمیل بوو، كە 314 هەزار لە هەرێمی كوردستان بووە و ئاستی هەناردەی عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 567 هەزار بوو، كە 198 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی كوردستان بووە ئەم ئامارەش بۆ مانگی شوباتی 2026.

 

بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێم

ئێستا عێراق و لە هەرێمی كوردستان  ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 1 ملیۆن و 332 بەرمیلە كە 80 هەزاری لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانە، واتە  3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبووەتەوە، كە 250 هەزاری لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بووە.

كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق زیاتر بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و نەبوونی كۆگای نیشتمانی و كشانەوەی كۆمپانیا هاوبەشەكان كە لەگەڵ كۆمپانیا عێراقییەكان لە 41 كێڵگە بەرهەمهێنانی نەوتی لەكۆی 67 كێڵگەی نەوتی و گازی هەیە و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوت دەكەوێتە پارێزگای بەسرەوە.

كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی زیاتر لە 70٪ بەهۆی راگرتنی كارەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بووە، كە لەسەرەتای شەڕەوە بەرهەمهێنانیان راگرت و كارمەندەكانیان كشاندەوە و تاوەكو ئێستاش كێڵگەی نەوتی سەرسنگ دووجار بە درۆن كراوەتە ئامانج و زیانێكی گەورە بەر كۆگاكانی نەوت لە كێڵگەكە كەوتووە.

 

  • چارەنووسی مووچەی هەرێم لەنێو ناڕوونی مووچەی بەغداد دا؟

  • هەڕەشەی ترەمپ لە دوورگەی خارگ؛ نرخی نەوت دەگەیەنێتە 200 دۆلار؟

  • لیستی مووچەی مانگی سێ تا سێشەممە دەنێردرێت بۆ بەغداد

  • ئەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەركەوتووە

  • سێگۆشەی بەرتەسك؛ سێ نۆكەندی گرنگی جیهان

  • نهێنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەو كتوپڕییە لەسەر هەناردەی نەوت چییە؟

  • ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە نرخی نەوت چی بەسەردێت؟

  • وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) لە 20ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت

  • دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پێناسی گومرگییەوە رەتکردەوە

سەرەکی