8   کاتژمێر پێش ئێستا 122 جار خوێنراوەتەوە

هاوسەرۆکی پژاک: ئەمریکا و ئێران لە ئامادەکاریی شەڕدان و تورکیاش چاوی لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێرانە

ئەمیر کەریمیی: هاوپەیمانیی لایەنە کوردییەکان تووشی قەیران بووە و دەبێت بچینە سەر خاڵە ستراتیژییەکان

هاوسەرۆکی پژاک، جەخت دەکاتەوە ئێران دواین وێستگەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و تەنها بە توندوتیژی و سەرکوتکاری خۆی ڕاگرتووە؛ هاوکات هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی مەزهەبی دەدات و ڕایگەیاند بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی هیچ مەرجێک دانانێن و پرۆژەیان بۆ داهاتووی ئێران هەیە.

چۆن سەیری بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی نەپچڕاوی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن؟

ئێران دواین وێستگەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وێستگە سەرەکییەکەیە. وا دیارە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا سەرناگرن، چونکە ئەمریکا گۆڕانکاری دێتە پێشەوە و ئێران دەیەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت تا دەستێوەردانەکانی بەردەوام بکات. چونکە هیچ خاڵێکی بەیەکگەیشتن لە نێوانیاندا نییە، هەرلایەک لە ئامادەکاریی شەڕدایە.

ئایا مەترسی دروستبوونی شەڕێکی مەزهەبی لە نێوان ئێران و تورکیادا هەیە؟

بەرنامەیەک هەیە بۆ سازکردنی شەڕێکی مەزهەبی لە نێوان هێڵی سوونە و شیعەدا، کاتێک شەڕەکە دەستپێبکات ئێران و تورکیا بە تەواوی دێنە بەرامبەر یەکتر. ئێستا تورکیا کێشەی ناوخۆیی هەیە و دەترسێت کە ئەگەر لە ئێراندا کێشە ئەتنیکییەکان سەرهەڵبدەن، تورکیاش بگرێتەوە؛ بەڵام ئەگەر ناچار بێت، چاوی لەوەیە بەشێک لە خاکی ئێران داگیربکات، وەک ئەوەی لە سووریا کردی.

دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چی ئاستێکدایە؟

شەڕی بنەڕەتی، شەڕی کۆماری ئیسلامی و گەلە کە هەرگیز نەوەستاوە. لە ڕووی سیاسییەوە گەل تەواوی دەرگاکانی لێداخراوە، باری ئابووری زۆر سەخت بووە. ڕژێم لەو دۆخە ئابوورییە خراپەدا تێچوویەکی زۆر گەورە بۆ بەجاشکردن و پروپاگەندە خەرج دەکات، هەموو ئەم زەخت و نەهامەتییانە گەل بەرەو تەقینەوەیەک دەبات کە ئیدی کەی و لە کوێ دەبێت دیار نییە.

ئایا دەسەڵاتی ئێران هیچ پرۆژەیەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و گەلانی تر هەیە؟

ئێران هیچ پرۆژەیەکی بۆ ئەم بابەتە نییە؛ کاتێک کۆماری ئیسلامی تەنگاو دەبێت، هەندێک شتی تاکتیکی و بڕیاری کاتی دەردەکات کە هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری نین. سەرکوتکاری بە هەمان هێزی پێشوو بەردەوامە و لەسێدارەدان و هێرش هەن، بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیەک نییە کە ئێران بیر لە هەنگاوی دیموکراتیک و چارەسەری بکاتەوە.

پێگەی پژاک بەرامبەر پەیامەکانی دیداری مێری و دەستپێشخەری ئاشتی چییە؟

دەستپێشخەرییەک ئەگەر بۆ چارەسەری پرسی کورد هەبێت دەبێت بە ڕێزەوە پێشوازی لێبکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیازێک ئاراستەی ئێمە نەکراوە. هاوکات لەگەڵ ئەو قسانە، دەسەڵاتی ئێران سزای سێدارەی ژنە تێکۆشەران (وریشە مورادی و پەخشان عەزیز)ی پشتڕاستکردەوە و هێرشی کردە سەر هەڤاڵانمان لە شاهۆ. ئەمە پەیامێکە کە دەیانەوێت بە هێز شتێک بسەپێنن کە عەقڵییەتێکی هەڵەیە.

ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامیی سزای سێدارە لە ئێراندا چییە؟

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاپەڕینیان سەرکوتکرد، بەڵام گەل جارێکی تر ڕاپەڕییەوە. لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ـدا گەل بە ڕوونی وتی ئەم دەسەڵاتدارییەتەمان ناوێت. ئێستا ئەوەی لە دەستی کۆماری ئیسلامیدا ماوە تەنها جێبەجێکردنی توندوتیژییە تا چاوترسێنی دروستبکات، بەڵام ئەمە مەحکومە بە شکست و هەر لەسێدارەدانێک بزمارێکە لە تابووتی خۆی دەدات.

پەیامی پژاک بۆ ئەو کەسانەی لەژێر ناوی "پێشمەرگەی موسڵمان" لەگەڵ ڕژێم کاردەکەن چییە؟

خەڵکی بڕواداری ئێمە وڵاتپارێزە و نەچووە لە دژی ئازادیخوازانی خۆی شەڕ بکات؛ ئەوانەی چەکی دەوڵەت هەڵدەگرن جاشن. ئێمە بانگەوازییان لێدەکەین تا زووە واز لە خیانەت بێنن، بێن لە بەرامبەر گەلدا داوای لێبوردن بکەن، چونکە کەشتیی دەسەڵات کۆن بووە و ئاوی تێکەوتووە.

پەیوەندی نێوان پژاک و کۆمەڵگە، و داواکاریی گەل لە پارتە سیاسییەکان چییە؟

پژاک ڕێکخستنێکی بەهێزی لەناو گەلدایە و خۆمان بە بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین. داواکاریی گەل ئەوەیە کە حزبی سیاسی ڕەنگدانەوەی جووڵەی دیموکراتیکی ناو کۆمەڵگە بێت، نەک بۆچوونی سەروو کۆمەڵگە. بە ڕای ئێمە هێزی سەرکەوتوو بە دەستەبەرکردنی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" دروست دەبێت کە تێیدا ژنان، گەنجان و هەموو ناسنامەکان بەشدار بن.

هاوپەیمانیی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە چی ئاستێکدایە؟

هاوپەیمانییەکە هەنگاوێکی جدی بوو، بەڵام لە ئێستادا تووشی قەیران بووە چونکە بابەتی لاوەکی دەخرێتە پێشەوە. کاتی ئەوە هاتووە لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان کاربکەین، نەک بچین داواکاری پێشکەش بەم و بەو بپەڕێنەوە. دەستێک لە دەرەوەش هەیە کە لەگەڵ هەندێک هێزدا هەوڵی تێکدانی ئەم هاوپەیمانییە دەدەن.

پرۆژەی پژاک بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی لەخۆدەگرێت؟

ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە کە چەند ڕەهەندێکی هەیە:

پێگە و ستاتۆ: داوای فیدراڵیزم دەکەین بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی ناوەند و نەتەوەکان.

دیموکراتیی ڕاستەوخۆ: دانانی یاسا بۆ خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی گەل.

بەشداری کارا: کورد دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادە بێت بۆ داڕشتنی سیستەمی داهاتووی ئێران.

کۆماری دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن: دانپێدانانی فەرمی بە تەواوی ناسنامە و ئینکارنەکردنی مافی گەلان.

دۆخی گەریلاکانی پژاک دوای بەریەککەوتنەکانی دوایی چۆنە؟

ئێمە سیاسەتی هێرشبردنمان نییە و لە قۆناغی پاراستنی ڕەواداین. لە ڕووداوەکەی شاهۆدا هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەکی گران و درۆن لێیاندان، بەڵام گەریلاکان بە سەلامەتی ڕێکاری پێویستیان گرتەبەر و تەنها هەڤاڵێکمان بە سووکی بریندار بوو، لە بەرامبەریشدا وەڵامی گونجاو درایەوە.

پەیامی کۆتایی پژاک بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد چییە؟

ئێمە وەک پژاک بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی هیچ مەرجێک دانانێین و بانگەوازی لە هەموو لایەک دەکەین کە ئەم قۆناغە مێژووییە ببینن. جیاوازییەکانمان ئاسایین، بەڵام نابێت دژی یەکتر کاربکەین، چونکە لاوازکردنی هەر لایەکمان لاوازبوونی هەموومانە. ئێمە ئامادەی دیالۆگ و دانیشتنین لەگەڵ هەر لایەنێکدا.

  • هاوسەرۆکی پژاک: ئەمریکا و ئێران لە ئامادەکاریی شەڕدان و تورکیاش چاوی لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێرانە

  • د. هێرش عەبدولڕەحمان: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت

  • بڕیارەکەی دادگا کۆڕەک لە دانەوەی قەرزەکان نابەخشێت و مۆڵەتەکەشی بۆ نوێ ناکاتەوە

  • هانا مرد!

  • بۆچى ئێران به‌شداریى لوتكه‌ى ئاشتى شه‌رم شێخ نه‌كرد؟

  • دوای 127 ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بۆچی نابین بە خاوەن میدیای نیشتیمانی ؟

  • ڕاپەڕینی ساڵی 1991لە شاری سلێمانی چۆن دەستیپێکرد؟

  • هاوسەرۆكی كەجەكە: لە بارودۆخی گۆشەگیرییدا چۆن چاوەڕوانی بانگەوازییەك لە ڕێبەر ئاپۆ دەكرێت؟

  • مەزڵوم عەبدی: لە سوریا تەنها گوێ بەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەدەین

سەرەکی