×

چەند سەربازێکی ئەمریکی لە کەرکووک
2024-11-10 222 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی بنكەی هەریر فراوان دەكات؟ گومان لە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا دروستدەبێت

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو وادەیەی بۆ كشانەوە لە عێراق دیاریكردووە، سوپای ئەمریكا كارمەندە مەدەنییەكانی لە بنكەكانی دەگوازێتەوە بۆ بنكەی هەریر لە هەولێر.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید، ژمارەیەك فەرمانبەری مەدەنی‌و ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ سوپای ئەمریكا كردووە لەسەربازگەكانی عێراق كشاونەتەوە بەرەو بنكەی هەریر لەهەولێر.

بەوتەی ئەو ڕۆژنامەیە لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، ئەو فەرمانبەرانە لەو بنكانەی عێراق كشاونەتەوە بەرەو بنكەی هەریری هەولێر.

ڕۆژنامەكە دەشڵێت: هەندێك فەرمانبەری مەدەنی‌و ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ سوپای ئەمریكا كردووە لەسەربازگەی فیكتۆریا، بەغداد و عەین ئەسەدی ئەنبار كشاونەتەوە بەرەو بنكەی هەریر لەهەولێر.

چەند سەرچاوەیەكی حكومی ‌و سەربازیی عێراقی بەڕۆژنامەكەیان وتووە: "لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوەوە، ئەو فەرمانبەرانە هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی گروپە چەكدارەكانی عێراق دژ بەئەمریكا، لەو بنكانەی عێراق كشاونەتەوە بەرەو بنكەی هەریری هەولێر".

پڕۆسەی گواستنەوەكە هاوكات بووە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی گروپە چەكدارەكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كردوویانە سەر ئەمریكیەكان.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ڕایگەیاندووە، ئەوانەی گواستراونەتەوە، زۆر پێویست نەبووە لە سەربازگەكانی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا بمێننەوە، زۆربەیان ڕاوێژكار و شیكەرەوەی زانیاری و كارمەندی كارگێڕی بوون.

ڕۆژی 27ی ئەیلولی ڕابردوو، بەغداد و واشنتن بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و تێیدا ڕایانگەیاند، ڕێككەوتوون لەسەر كۆتایهێنان بە ئەركی سەربازی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە دژی داعش و لە ماوەی 12 مانگ كۆتایهاتنی ئەركەكان ڕادەگەیەنرێت، تا ئەو پەڕی درێژبكرێتەوە، وادەكە دەگاتە كۆتایی ئەیلولی 2025.

هەروەها بڕیارە لە ئەیلولی 2026، كۆتایی بە ئەركەكانی هاوپەیمانێتییەكە لە سوریا بهێنرێت.

ئەو هێزانەی لە بنكەی سەربازی هەریر دەمێننەوە، وەك پشتیوانێكی سەرەكی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا ڕۆڵ دەبینن.

بە گوێرەی پلانەكە، هێزە ئەمریكیەكان لە بنكەكانیان لە عێراق دەكشێنەوە بۆ هەریر، لەوێوە ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە سوریا دادەڕێژن.

ئەمەش بەو مانایە دێت، ڕێكەوتنەكە ڕێگەی داوە بە هێزە ئەمریكیەكان تا بنكەی سەربازی هەریر بۆ پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بەكاربهێنرێت.

بنكەی سەربازی هەریر

 لە سەرەتای هێرشی سوپای ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 بنكەكە لە لایەن ئەمریكیەكانەوە دەستنیشان كرا، بۆ ئەوەی تێیدا جێگیر بن. 

ئەو بنكەیە لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، فڕۆكەخانەیەكی سەربازی بوو، بۆ پشتیوانی هێزی ئاسمانی تەرخانكرابوو. 

دواتر ئەمریكییەكان كردیان بە فڕۆكەخانەی تایبەت بە نیشتنەوەی هێلیكۆپتەرە جەنگییەكان.

زانیاریی لەبارەی بنکەی هەریر

بنكە سەربازییەكە دەكەوێتە سنووری ناحیەی هەریر لە خۆرهەڵاتی هەولێر و 77 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە. 

ئەو بنكەیە نزیكترین بنكەی سەربازی ئەمریكایە لە سنوورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و تەنیا 115 كیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە.

لە 2015دا بنكەكە بە فەرمی كرایە ناوەندێكی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و تا تشرینی دووەمی 2019 تێیدا مانەوە. 

دواتر هێزی دەلتای سوپای ئەمریكا لە بنكەكە جێگیر بوون و لەو ماوەیەدا چەندین كردەوەی سەربازییان لە سوریا كردووە، دیارترینیان هێرشكردن بوو بۆ سەر شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی پێشووتری ڕێكخراوی داعش، كە لە سوریا كوژرا.

ئەمریكا دەكشێتەوە بە یەكجاری؟

  سەرچاوەیەكی سیاسیی نزیك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق ڕایگەیاندووە "گومانمان هەیە هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە. ڕەوشی ئێستای ناوچەكە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات ئەمریكاییەكان ڕێكەوتنی كشانەوە لە عێراق جێبەجێ نەكەن".

وتیشی:" ئەمریكییەكان دەیانەوێت پێگەیەكیان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سەربازگەكانیان لە سوریا بمێنێتەوە".
بەوتەی ئەو سیاسییە شیعییە " ئەمریكییەكان چەندین ساڵە لە هەولێر هەن، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغداد، زیاتر بایەخی هەولێریان بۆ دەركەوتووە، چونكە پێداویستی سەربازی و لۆجستی كردەوەكەیان بۆ هەولێر گواستبوەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، ئەمریكییەكان ڕووبەری بنكە سەربازییەكەیان فراوان كردووە، لە ناو بنكەكەشدا قایمكاری زۆریان كردووە و چەندین كۆگا و ژێرزەمین و ناوەندی ئەمنییان دروستكردووە، جگە لەوەی شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەشیان بۆ زیادكردووە.


  • مێژووی سەرژمێری گشتیی لە عێراق بە داتا

  • سبەینێ قۆناغی سێیەم و تەواوکاریی سەرژمێری بەرێوەدەچێت

  • توركیا له‌ ڕێگه‌ى دیواره‌وه‌ باكور له‌گه‌ڵ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان لێك داده‌بڕێت

  • چیرۆكی ئایدن و ڕۆژین؛ ئەو دوو ئێزدیەی لە ڕێگەی فەیسبووكەوە یەكیان دۆزییەوە

  • پێنج ڕووداوی گرنگ لە مێژووی سلێمانی

  • هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی 10 بۆچی ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێت؟

  • توركیا هێزى زیاتر ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان و گومان له‌سەر نیازى ڕاسته‌قینه‌ى هەیە

  • بۆچی بنكەی هەریر فراوان دەكات؟ گومان لە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا دروستدەبێت

  • دووەم دانیشتنی دۆسیەی نارین گوران بەڕێوەدەچێت

سەرەکی