21 کاتژمێر پێش ئێستا
233 جار خوێنراوەتەوە
دەرکەوتنى شاسوار عبدالواحید پلانە مەترسیدارەکەى تورکیاى لە هەرێم ئاشکراکرد
گرنگترین ناوەندی بڕیاری هەرێمی کوردستان کە پەرلەمانە دەرگاکەی داخراوەو پارتی و نەوەی نوێش لە تورکیاوە ڕێنمایی و ڕاسپاردە وەردەگرن و لەژێر فەرمانی دوژمن و بێگانەدا کێکی دەسەڵات دابەش دەکەن.!
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەنگیان بە کاندیدو لیست و نوێنەری لایەنەکان دا بۆ ئەوەی ببنە پەرلەمانتار و بۆ بەدی هێنانی خواستەکانیان لە هەولێر کۆببنەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم پێچەوانەکەی دەرچوو، ئێستا ڕێگای تورکیا و ئەنقەرە بووە بە کاروان سەرای زۆرینەی سەرۆکی حزب و نوێنەری لایەنەکانی هەرێم.
بە پێی دەرکەوتەکان، ئێستا ئەنقەرەی تورکیا ناوەندی بڕیاری کوردستانە لە جێگەی بینای پەرلەمانەکەی کورد، تورکیا بۆ پارتی و لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیش بووە بە کاروان سەرا و لەژێر فەرمانی سوڵتاندا کێکی دزراوی هاوڵاتی کوردیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
پێشتر بەرپرسانی پارتی و بە دوایدا سەلاحەدین محمد بەهادینی ئەمینداری یەکگرتوو و ئێستاش شاسوار عبدالواحیدی سەرۆکی نەوەی نوێی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە ئەنقەرەوە دەرکەوتن، ئەگەرچی ناوبراو نەیویست دەربکەوێت و سەفەرەکەی بە نهێنی بوو، بەڵام دابەزاندنی وێنەی کۆبوونەوەکە لە پێگەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ماسکی سەر دەم و چاوی سەرۆکی بەناو ئۆپۆزسیۆنی هەڵماڵی .
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا بە دابەزاندنی وێنەیەکی خۆی و شاسوار عبدالواحد نهێنى هەنگاوی تەسلیمبوونی شاسوار عبدولواحیدی بەتورکیا لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان ئاشکرا کرد، ئەوەش ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاستکردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بەرپرسانی پارتی وتیان لەنزیکترین ماوەدا کابینەی 10 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکدەهێنرێت ..
کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاسوار عبدلواحید کە خاوەنی چەندان کەناڵی ئاسمانی و دەیان میدیای سێبەر و ماڵپەڕ و پەیج و بە سەدان ڕۆژنامەنوسە، لە هیچ گۆشەیەکیەوە باس نەکرا، بەڵکو ویسترا کۆبوونەوەکە لە هاوڵاتی و تەنانەت دەنگدەرانی نەوەی نوێش بشارنەوە .
بەڵام ئاشکرا بوونی سەردانەکە، جیاواز لە دەرکەوتنی ڕووی ڕاستی بەخشینی 15 کورسی پەرلەمان بە سەرۆکی نەوەی نوێ، پەردەی لەسەر پلانی تورکیا بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەڵماڵی و دەرکەوت تورکیا بە نیازی چیە و لەپلانەکانیدا کێ و چ لایەنێک جێبەجێکاری نەخشە و نەخشەسازی ئەون .
ئێستا بە خوێندنەوە سیاسیەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، با بزانین تورکیا لە رێگەی بانگهێشتکردنى بەرپرس و سەرۆکی لایەنە کوردیەکان بۆ ئەنقەرە بەتەمای چیە ؟
دوا بەدوای بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و شاسوار عبدالواحید سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ ئەنقەرە و پێشوتریش سەلاحەدین بەهادینی ئەمینداری یەکگرتوو، زانیارییەکان وردە وردە دزەدەکەن کە دەوڵەتی تورکیا بەتەمای چ پیلانێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی باشوری کوردستان لە رێگای دورستکردنی حکومەتێکی کارتۆنی گوێڕایەڵ بۆ حکومەتە ئەمنی و سیخوڕیەکەی تورکیا لە هەولێر.
خوێندنەوەکان وای بۆ دەچن تورکیا حکومەتی داهاتووی هەرێم پێکدەهێنێت دوای ئەوەی ناوی وەزیر و کاربەدەستەکانی بەفلتەری ئەودا تێپەڕ دەبن، بێگومان ناویشی دەنێت حکومەتی تەکنۆکرات و بانگهێشتکردنی سەرۆکی ئەو حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنانەش بۆ وەرگرتنی دڵنیایی تەواوە لە دەنگدان پێی، بە بێ ئەوەی بەشداری حکومەت بکەن.
بۆچوونێکی دیکە پێى وایە بانگهێشنکردنى ئەو سەرۆک حزبانە و بەتایبەت نەوەی نوێ کە 15 کورسی پەرلەمانی پێبەخشراوە، ناردنی پەیامە بۆ یەکێتی و هەوڵدانە بۆ تەسلیم بوونی ئەو حزبە بە دەوڵەتی تورکیا و هێنانە خوارەوەی سەقفی داواکاری ئەو حزبەیە لە حکومەتی داهاتووی هەرێم .
لە هەردوو باردا ئەوەی کە هەر لەسەرەتاوە دەبینرێت، حکومەتێکی داهاتووی هەرێم حکومەتێکی تەواو گرێدراو گوێ لەمستی تورکیا و دەزگای سیخوڕی میت دەبێت بە دەنگی لیستەکانی پارتی و نەوەی نوێ و بەشێک لە یەکگرتوو لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی تورکومان و نەتەوە جیاوازەکان، بەشێوەیەک لە پەرلەمانەوە دەنگی پێبدرێت بە بێ ئەوەی هەریەک لە لایەنەکانی وەک نەوەی نوێ و یەکگرتوو بەشداری حکومەتەکە بکەن، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی خۆیان لە هێرشی هاوڵاتیان و توڕەییان بپارێزن .
چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو شرۆڤە و بۆچوونانە بەلایەنی کەمەوە ڕووبدەن ؟
لەیەکەم هەنگاودا هەوڵەکەی تورکیا و دەزگای سیخوڕی میت، هەرێمی کوردستان لە پێش هەر حزب و کەس و لایەنێکەوە دەکەنە هەرێم و دەسەڵاتێکی تەسلیم کراوی تورکیا ، دوورنیە حکومەتی داهاتوو بەو پێکهاتەیەی تورکیا دەیەوێت لە دژی رۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لەم قۆناغە چارەنوس سازەدا بەکارنەهێنرێت هەروەک چۆن پێش 100 ساڵ ئەو دەورە درا بە حەسەن خەیریەکان و کوردیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو دەردە برد کە هەموومان شاهیدی مێژووە خوێناویەکەین . هاوکات گەورەترین زیان لە ئاستی ناوخۆیدا بە هاوڵاتیان و بە دیاری کراویش یەکێتی وەک حزبی حاکم لە خوار دێگەڵەوە دەدەن .
بەپێی دواداچوونەکانی میدیای ئیرادە، ئەو هەوڵ و ڕێنماییانەی تورکیا لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمدا جیا لە پارتی کە وەک باڵێکی سیاسی و سەربازی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان، بۆ هەریەک لە یەکگرتوو و نەوەی نوێ و هەندێک پەرلەمانتاری دیکەی نەتەوە جیوازەکان و پارتە بچووکەکانی نێو پەرلەمان ڕۆشتووە و ئاگاداریش کراون کە پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێنمایی تورکیا بن لە ناوچەکە بەو پێیەی حکومەتی داهاتووی هەرێم بە سەرکردایەتی پارتی حکومەتی پاراستنی دەسەڵاتە ئەمنی و سەربازیەکانی تورکیا دەبێت لە باشوری کوردستان .
|