خامنەیی و سودانی و پزیشکیان
17 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
عێراق و ئێران لە دوودڵییەكانیان بەرامبەر سوریا هاوبەشن؛ خامنەیی چی بە سودانی وت؟
ناوەندی هەواڵ
ئێران و عێراق لەسەر ئەوە كۆكن كە سوریا جێگای دوودڵی هەردوولایانە، داوا لە وڵاتان دەكەن ئارامی و ئاسایشی سوریا بپارێزن.
لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ تاران، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق چاوی بە عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران كەوت، خامنەیی لە دیدارەكەدا داوای لە سودانی كردووە هەیكەل و ڕێكخستنی حەشدی شەعبی بپارێزێت، بوونی هێزەكانی ئەمەریكاشی بە نایاسایی و پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی گەل و حكومەتی عێراق ناو بردووە.
خامنەیی بە سودانی وتووە:"ئاماژەكان هەوڵی ئەمریكییەكان دەردەخەن بۆ مانەوە و فراوان بوونیان لە عێراق، پێویستە بە جددی دژی ئەم داگیركارییە بوەستین".
وەك پێگەی خامنەیی ئاماژەی پێداوە، ڕابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران بە سەرۆكوەزیرانی عێراقی وتووە:"حەشدی شەعبی لەگرنگترین هێزەكانی عێراقە، پێویستە كارلەسەر پاراستن و زیاتر بە رێكخستنكردنی بكرێت". خامنەیی جەختیشی "لە پێكەوەیی نێوان پێكهاتە و مەزهەب و نەتەوەكانی عێراق كردەوە".
ئەو قسانەی خامنەیی لەكاتێكدابووە كە سودانی باسی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد كردووە.
خامنەیی زیاتر قسەی كردووە و وتوویەتی "ڕۆڵی حكومەتە بیانییەكان لەم پرسەدا بە تەواوی ڕوونە".
"تا عێراق زیاتر ئاوەدان و ئارام بێت، ئەوە زیاتر لە بەرژەوەندی ئێرانە". خامنەیی وای وتووە.
بەپێی هەواڵی پێگەكەی خامنەیی، سودانی كۆبوونەوەكانی لە تاران بە ئەرێنی ناوبردووە، هیواشی خواستووە "گفتوگۆ و ڕێككەوتنەكان ببێتەهۆی زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات".
سودانی ستایشی پێكهێنەرەكانی هێزی لە عێراق كردووە كە بەڕای ئەو گەل و حەشدی شەعبی و پێكەوەیی نیشتمانی و مەرجەعیەت دەگرێتەوە، جەختیشیكردووەتەوە "هەڵوێستی مەبدەئی عێراق پشتیوانی غەززە و لوبنانە دژ بە داگیركاری ئیسرائیل و بەرگریی لە ناوچەكە".
سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە رۆڵی وڵاتانی بیانی لە گۆڕانكارییەكانی سوریا كردووە و ڕایگەیاندووە كە هەڵوێستی عێراق هەموو كات بۆ پشتیوانی گەلی سوریایە لە پاراستنی ئاسایشی و یەكێتی خاكەكەی و پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر.
پێش كۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كۆبوەوە و پێكەوە باسیان لە فراوانكردنی پەیوەندیەكانی نێوان دوو وڵات لە هەموو بوارەكاندا كردووە.
پزیشكیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سودانی ڕایگەیاند:"عێراق وڵاتێكی گرنگ وهاوبەشێكی ستراتیژی ئێرانە، دڵخۆشین كە پەیوەندی نێوان دوو وڵات لە ئاستی باڵادایە، چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەش ڕۆژ بەڕۆژ فراوانتر دەبێت".
وتیشی:"ئەم سەردانەی سودانی تەواوكەری سەردانەكەی منە بۆ عێراق لە ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، كە بووە وێستگەی گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق".
بەوتەی سەرۆك كۆماری ئێران، هەردوو وڵات هاوبەشن لە ترسیان سەبارەت بە سوریا، ئەوەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەرچوونی ئیسرائیل لەخاكی سوریا و گرنگیدان بە پێكهاتە ئاینیەكان بەتایبەتیش "مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە".
|