×

سودانی لەگەڵ پزیشکیان
18   کاتژمێر پێش ئێستا 96 جار خوێنراوەتەوە

گۆڕانكاری بەڕێوەیە؛ سودانی بۆچی چووە تاران؟

ناوەندی هەواڵ

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران، لەسەرووی هەمویانەوە چارەسەركردنی پرسی گروپە چەكدارەكان، لەكاتێكدا میدیا عێراقییەكان دەڵێن سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هەمان مەبەست بۆ بەغداد "بێ ئەنجام" بووە.

بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و لێدوانی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، سەردانەكەی سودانی بۆ تاران، بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوو وڵات، پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی رووداوەكانی سوریا، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانەیە كە لەمیانەی سەردامی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە ساڵی رابردوودا بۆ بەغداد واژۆ كران.
جگە لەو تەوەرانە، بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی دەسەڵاتدار، پرسی چارەسەركردنی دۆسیەی گروپە چەكدارەكان لەسەروی كارنامەی سەردانەكەی سودانییەوەیە و سودانی دەیەوێت لەرێگەی چارەسەركردنی ئەو پرسەوە عێراق لە مەترسی سزا دووربخاتەوە پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 20 ی ئەم مانگەدا بچێتە كۆشكی سپی.

ئێران لەگەڵ بچوككردنەوەی گروپە چەكدارەكان نییە

 بەپێی رۆژنامەی ئەلمەدای عێراقی، ئێران لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا نییە، كە دوای رووداوەكانی سوریا دەنگی داواكاری لەو شێوەیە و یەكخستنیان بەرزبووەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە نزیكەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چوارچێوە پێشوازی لە چاوخشاندنەوە بە هەیكەلی حەشدی شەعبیدا دەكات، بەڵام گروپەكان ئەوە رەتدەكەنەوە. تا ئێستاش هیچ لایەنێكی شیعە بەرەسكی پرسی یەكخستن یان هەڵوەشاندنەوەی گروپەكانی بەئاشكرا باس نەكردووە.

بڕیاربوو سودانی نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر سەردانەكەی بۆ ئێران ئەنجامبدایە، بەڵام بەهۆكاری نادیار دواخرا، لەگەڵ دزەكردنی هەواڵی سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ بەغداد و كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

سەردانەكەی قائانی بێ ئەنجام بوو

بەپێی رۆژنامەكە، قائانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد سەركەوتوو نەبووە لەو ئەركەی پێسپێردراوە لەبارەی دۆسیەی گروپە چەكدارەكان.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش سەردانەكەی بۆ ئێران و لە دوو رۆژی رابردوودا چەند جارێك جەختیكردەوە، حەشدی شەعبی بەشێكە لە دامەزراوەی سەربازی وڵات، هەر گفتوگۆیەكیشی لەبارەی گۆڕانكاریی لە عێراق رەتكردەوە.

هەروەها حەشدی شەعبی كە گروپە چەكدارەكانی عێراق لە خۆدەگرێت تا ئێستا جەخت دەكاتەوە كە وەك هێزێكی ناوخۆیی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی هێزە چەكدارەكاندایە.

بەوتەی میسال ئالوسی سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشوو، "لە ئێستادا نێوەندگیریی لەنێوان عێراق و واشنتن لە ئارادایە لەو بارەیەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی دەسەڵاتدار دڵنیایی پێدراوە، بەڵام دڵنیاییەكە لە كەسێكی هەڵەوەیە".

وتیشی"ئیدارەی بایدن چوارچێوەی هەماهەنگی دڵنیاكردووەتەوە لەبارەی پرسی گروپە چەكدارەكانەوە، بەڵام بایدن رۆژانێكی كەمی ماوە لەدەسەڵاتدا و یاسای ئەمریكا رێگەی پێنادات بڕیاری ستراتیژی بدات بەهۆی ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لەكۆتایی نزیك بووەتەوە".

بەم نزیكانە گۆڕانكاری روودەدات

دەشڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێت وەكو پێشوو یاری لەگەڵ كۆشكی سپی بكات و بەم نزیكانە گۆڕانكاریی روودەدات و سەردەمێكی نوێ لەناوچەكە دەستپێدەكات كە شوێنی بریكارەكانی ئێرانی تێدا نابێتەوە".

لەدوای گۆڕانكارییەكانی سوریا، دەنگی "گۆڕانكاریی" لە عیراق بەرزبووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك بە دیاریكراوی مەبەستی خۆی لەو بارەیەوە دیاری بكات كە دەیەوێت بەچی شێوەیەك گۆڕانكاری بكرێت.
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس جەخت لە پێویستی بوونی چەك تەنها بەدەستی دەوڵەت دەكاتەوە، هەڵوێستێك كە پێشتر عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق جەختیان لێكردووەتەوە.

بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، زۆربەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكاندان، بەڵام نایانەوێت بەروونی رایبگەیەنن.

دوای رووداوەكانی سوریا و كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، گروپە چەكدارەكان لەچەند ناوچەیەكی گرنگ لە قائیم و جەرف سەخر كشاونەتەوە.

 

  • عێراق و ئێران لە دوودڵییەكانیان بەرامبەر سوریا هاوبەشن؛ خامنەیی چی بە سودانی وت؟

  • وردەكاری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەیان؛ سوننەكانی عێراق دەستیان بە جموجوڵ كردووە

  • گۆڕانكاری بەڕێوەیە؛ سودانی بۆچی چووە تاران؟

  • دەرکەوتنى شاسوار عبدالواحید پلانە مەترسیدارەکەى تورکیاى لە هەرێم ئاشکراکرد

  • 104 ساڵە دامەزراوە؛ سوپای عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمەوە بۆ 28 ەم

  • داهاتی ناوخۆ كێشەكەی دروستكردووە؛ بەغداد بۆچی ئامادەنییە پارەی مانگی 12 بنێرێت؟

  • سودانی بۆچی دەچێتە ئێران؟

  • بەهۆی نەوتی هەرێمەوە؛ بودجەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە

  • شەڕی سەخت لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت؛ نزیكەی 90 چەكداری سەر بە توركیا كوژراون

سەرەکی