پێنج سەرکردەی سوننە
17 کاتژمێر پێش ئێستا
191 جار خوێنراوەتەوە
وردەكاری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەیان؛ سوننەكانی عێراق دەستیان بە جموجوڵ كردووە
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سوریا و كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە، سوننەكانی عێراقیش دەستیان بە جموجوڵ كردووە.
سەركردە سوننەكانی عێراق جموجۆڵی نوێیان دەستپێكرد، پێنج سەركردەی دیار هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستەكانیان و كاركردن بۆ بەدیهێنانی مافەكانی پێكهاتەی سوننە.
هاوپەیمانێتییەكە شەوی رابردوو دوای كۆبوونەوەیەكی داخراو لە بەغداد پێكهێنرا، كە هەریەكە لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، موسەننا سامەرائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، ئەحمەد جبوری ناسراو بە ئەبو مازن سەرۆكی پارتی جەماهیر، زیاد جەنابی سەرۆكی كوتلەی موبادەرە. لە هاوپەیمانێتییەكەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراقی تێدا نییە.
لەداهاتوودا كارنامەكەیان ڕادەگەیەنن
هاوپەیمانی سیادە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەداهاتوودا كارنامەی هاوپەیمانێتییەكە رادەگەیەنرێت، كە تێیدا سەركردەكان جەخت لە دۆسیە و مافە مرۆیی و یاسایی و سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە دەكەنەوە لەسەرتاسەری عیراق بەتایبەت لە پارێزگا سوننە نشینەكان.
لەدوای رووداوەكانی سوریا و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سوننەكانی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و داوای گۆڕانكاریی و بەدیهێنانی مافی پێكهاتەكەیان دەكەن. نزیكەی 20 رۆژ لەمەوبەر شەش سەركردەی سوننەكان كە ژمارەیەكیان ئەندامن لەو هاوپەیمانێتییەی ئێستا راگەیەنراوە لە بانگەوازێكدا داوای گفتوگۆیەكی روون و راشكاویان كرد بۆ چارەسەری دۆسیەی زیندانییەكان.
لە بانگەوازەكەدا كە بەشێكی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە جەخت لە پێداچوونەوەی گشتگیری پرسەكان لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی كراوەتەوە لەگەڵ بنیاتنانی عیراقی بەهێز و سەربەخۆ بەبێ ئەوەی لەژێر كاریگەریی هیچ هێزێكی دەرەكیدا بێت.
سوننەكان لە عێراق بە زۆری لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەدین و تكریت نیشتەجێن، كە لەم ساڵانەی دواییدا و بەهۆی هێرشی گروپە چەكدارەكانەوە روبەڕووی كێشە و قەیرانی جۆراوجۆر بونەتەوە، كە دیارترینیان دەركەوتنی قاعیدە بوو لەساڵی 2003، لەگەڵ دەركەوتنی داعش لەساڵی 2014.
بەهۆی هێرشی ئەو گروپانەوە، بەشێكی زۆری ناوچە سوننە نشینەكان خاپور بوون و زیانی زۆریان بەركەوتووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری دانیشتوانەكانیان ئاوارە بوون.
ساڵانی ڕابردوو داوای هەرێمیان دەكرد
لە ساڵانی رابردوودا لایەنە سوننەكان چەندینجار داوای دروستكردنی هەرێمی تایبەت بەخۆیان كردووە، بەتایبەتی دوای فشار و پەراوێزخستنیان لەدوای ساڵی 2003 ەوە. ئوسامە نوجێفی یەكێك لەسەركردە سوننەكان ساڵی 2011 كاتێك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو هەوڵەكانی لەو بارەیەوە چڕكردەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
دواتر چەندین هەوڵی دیكە درا بۆ پێكهێنانی هەرێمی تایبەت بە ئەنبار و موسڵ و سەڵاحەدین، بەڵام هیچیان سەركەوتوو نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت هێشتا خەونی دروستكردنی هەرێمی سەربەخۆ لەدڵی سوننەكاندا مابێتەوە.
|