5   کاتژمێر پێش ئێستا 57 جار خوێنراوەتەوە

خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە

ئیرادە میدیا

پوختە
خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان داوایەکی هەشت خاڵییان دا بە پاریزگای سلێمانی و داواى کەمکردنەوەی باج و رسومات و پێدانی مافی خۆیان کرد.

خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی گردبونەوەو نیگەرانن لە چۆنیەتی گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی و بەوتەی خۆیان بەهۆی پرۆژەی ڕوناكی سەروەت و سامانیان لەمۆلیدەكاندایەو لەدەستی دەدەن.

 لە هەولێر هەزار و 92 مۆلیدە، لە سلێمانی 79 مۆلیدە و لە دهۆک 89 مۆلیدە کوژێندراوەتەوە بەکۆی گشتی تا ئێستا 17%ی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە.

خاوەنی مۆلیدەکانی سلێمانی داوای چی دەکەن؟

ئەمڕۆ سێ شەممە1ی تەمموزی2025، خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی لەبەردەم بینای قائیمقامییەتی سلێمانی گردبونەوە و ڕایانگەیاند، بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو گرێبەستەن كە لەپرۆژەی ڕوناكیدا كراوەو كە گرێبەستێكی زۆرە ملێیەو تاكلایانە لەلایەن ئیدارەی جێبەجێكارەوە دیاری كراوە كە داوای كردووە خاوەن مۆلیدەكان پابەندی بڕیارەكان بن.

ڕاشیانگەیاند، ئەوان وەک خاوەن مۆلیدەکان بەهۆكاری پرۆژەی ڕوناكی هەموو سەروەت و سامانیان لەدەست دەدەن، وتیشیان، ئێمە داوای قەرەبو دەكەین و پێویستە بارودۆخی ژیانمان لەبەرچاو بگیرێت و داواكارین لە بەرپرسان گوێمان لێ بگرن و ئێمە ناڕازین لەو گرێبەستەی كە كراوەو پێویستە ڕێككەوتنێك بكرێت كە خاوەن مۆلیدەكان زیان نەكەن.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان هەر لە ئەمڕۆوە تەواوى گەڕەکەکانى ناو شەقامى بازنەیى مەلیک مەحمود لە شارى سلێمانى کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێرى، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیش دەڵێت: ئەو مۆلیدانەى دەکەونە ناو پرۆژەى رووناکى، کاریان پێناکرێت.

عوسمان محەمەد، نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەو سنوورەی پرۆژەی رووناکی دەیگرێتەوە، 270 مۆلیدەى ئەهلی هەن و بەشێکی زۆریان دەیانەوێت مۆلیدەکانیان لابەرن.

گرێبەستی دوای جێبەجێکردنى کارکردنی پرۆژەی رووناکی چی یە؟

بەگوێرەى گرێبەستەکە، لەپاش جێبەجێکردنى کارکردنی پرۆژەی رووناکی، مۆلیدە ئەهلییەکان دەبێت بۆماوەی شەش مانگ بمێنن، هەرکات پرۆژەکە لەکارکەوت، مۆلیدە ئەهلییەکان بکەویتەوە کار و کارەبا بداتە هاونیشتمانییان، لەو کاتەشدا حکومەت مانگانە بڕی 800 هەزار بۆ ملیۆنێک دینار دەداتە خاوەن مۆلیدەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەت تا کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

سەرەتای مانگی حوزەیران فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی، لە کۆی حەوت هەزار مۆلیدە لەهەموو هەرێمی کوردستان، هەزار و 260 مۆلیدە کۆژێندراوەتەوە، کە دەکاتە 17%ی کۆی مۆلیدەکان.

ژمارەی ئەو مۆلیدانەی بەهۆی پڕۆژەی روناکی لابراون

پەپێی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە هەولێر هەزار و 92 مۆلیدە، لە سلێمانی 79 مۆلیدە و لە دهۆک 89 مۆلیدە کوژێندراوەتەوە و تا ئێستا 17%ی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە، حکومەت دەڵێت: کە لەڕووی ژینگەییەوە یەکسانە بە لابردنی 250 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان.

فەرمانگەکە دەشڵێت، کاریگەرییەکانی کوژاندنەوەی مۆلیدەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 یەکسان دەبێت بە لابردنی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان و ئەم ژمارانەش دەبنەهۆی کەمکردنەوەی رێژەی دەردانی گازی ژەهراویی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە رێژەی 4% لە هەرێمی کوردستاندا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، پرۆژەی رووناکی گرێبەستی لەگەڵ خاوەنەکانیان کردووە بۆ کوژاندنەوەی مۆلیدەکان و تەنها کارکردنیان وەک جێگرەوەیەک، جگەلەوەی، خاوەن مۆلیدەکان بە بەردەوامی مانگانە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە،بەڵام خاوەنی مۆلیدەکانی سلێمانی کارنەکردنی مۆلیدەکانیان رەتدەکەنەوەو دەڵێن توشی زیانی گەورە بوون و پێویستە قەرەبوبکرێنەوە.

پرۆژەی رووناکی، پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی کارەبا ئامانجی ئەوەیە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تاکو کۆتایی ساڵی 2026 دابینبکات.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024،حکومەتی هەرێم پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری تا کۆتایی ساڵی 2026. 

بەپێی بەرنامەی حکومەت، تا کۆتایی ساڵی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەروەها هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێدەگات و ناوچەکانی دیکە تا کۆتایی ساڵی 2026 دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری لەچوارچێوەی پڕۆژەی  ڕووناکی.

1 ملیۆن هاوڵاتی 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبای هەریم، زیاتر لە 1 ملیۆن هاوڵاتی  کە یەکسانە بە ٪15ی هاوڵاتیانی هەرێم  کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی،کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشبوون:
 هەولێر: 860،000
 سلێمانی: 132،000
 دهۆک: 114،000
 کۆی گشتی: 1،1 ملیۆن.

نرخی کارەبای24 کاتژمێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات

بەپێی پرۆژەکە وەزارەتی کارەبا بڕیاری لەسەر نرخی کارەبای24 کاتژمێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات بەمێشێوەیە داوە:   
 
1- یەک بۆ 400 کیلۆوات 72 دینار
2- لە 400 وات بۆ 800 کیلۆوات 108 دینار
3-لە 800 وات بۆ 1200 کلیۆوات بە 175 دینار.
4-لە 1200 کیلۆوات بۆ 1600کیلۆوات بە 265 دینار. 
5-لە1600 بۆ سەرەوە بە 350 دینار.

پێدانی کەرتە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەکەرتی تایبەت و زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکان بەخواستی کۆمپانیاکانی سەربەدەسەڵات وایکردووە هاوڵاتیان بەردەوام گومانیان هەبێت و ترسی ئەوەیان لادروست دەبێت کە حکومەتی هەرێم بێ باکانە نرخەکانیان لەسەر گران بکات بەئامانجی ئەوەی کاری کۆمپانیاکانی خۆیان بەباشی بڕوات،لەپرۆژەی ڕوناکیشدا هاوڵاتیان بەردەوام بەهۆی زۆری نرخەکانی کارەبا، پرۆژەکە ڕەتدەکەنەوە بەڵام بەرپرسانی هەرێم بێ گوێدانە بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان و نەدانی مووچەو گرانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، بەویستی خۆیان کاری کۆمپانیاکانیان لەسەر هاوڵاتیان جێبەجێ دەکەن.

  • خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە

  • ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن

  • عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە

  • پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

سەرەکی