23 کاتژمێر پێش ئێستا
8954 جار خوێنراوەتەوە
هەرێمى كوردستان.. سەرەڕاى پابەندبون؛ تاران هەڕەشەى لێدەكات
پوختە
پاش ئەوەى سەرلەشكر ڕەحیم سەفەوی، جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران؛ هۆشداریى دایە هەرێم و رایگەیاند؛ هەر کردەوەیەکی ئەمریکی کە لە خاكى هەرێمەوە دژی ئێران دەستپێبکات وەڵامى توندى دەبێت، یاسین عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی و ئەمنی، لە لێدوانێكى فەرمیى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن سەبارەت بە وتەكانى سەفەوی، ئاماژەى بەوەدا كە قسەكانى ناوبراو هەڕەشە بۆ سەر سەروەری عێراق و هەوڵێکی ئێرانییە بۆ هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوەی وڵات.
سوپاس دەگۆڕێت بۆ هەڕەشە
عەزیز لەدرێژەى لێدوانەکەیدا ئەوەى خستەڕو كە قسەكانى سەفەوی سەرسوڕهێنەر و سەیرن، بەتایبەتی کاتێك وتەكانى ئەو سەرلەشكرە هاوکات بو لەگەڵ سوپاسێکی فەرمی ئێران کە پێشکەشی ناوچەکەی کردبو لە دوای شەڕی وڵاتەكەى و ئیسرائیل، چونكە هەر خودى حكومەتى تاران لە ئەنجامی پابەندبونى هەرێم بە بەشدارینەكردن لە هیچ جۆرە کارێکی دوژمنکارانە لە خاکەکەیەوە دژی ئێران، خۆشحاڵبون و سوپاسگوزاریى خۆیان ئاراستەى حكومەتى هەرێم كردبو.
ئەو لێكۆڵەرە سیاسى و ئەمنییە ڕونیشیکردەوە، هەرێم رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران، ئەوەش بە سنوردارکردنی جموجۆڵی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و پابەندبون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر عێراق بە گشتی، بەوپێیەی کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەروەریی و سەقامگیریی عێراق دەبێت.
لێدوانی دژبەیەک
بە وتەی ئەو توێژەرە ئەمنییە؛ لێدوانەکانی سەفەوی لە چوارچێوەیەکدا دێت کە بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی، بە "تۆمەتبارکردنی لایەنەکانی دیکە بە پیلانگێڕی"، وەك عادەتێك خویان بە هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان بۆ نەیارانی دەرەکی گرتوە. عەزیز ئەمەی بە "میتۆدێک" وەسف کردوە کە پێشتر بە درۆ ئاشکرا بوە و لە سەر ئەرزى واقیع و لە ڕوی سیاسییەوە بەرامبەر ڕاستییەکان ناوەستێتەوە.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد کە تاران لە چەند مانگی ڕابردودا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە ئاستی هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و هەروەها پێشوازی لە چەندین شاندی باڵای کوردی کردوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی سنورەکان و پەنابەران و ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێران. ئەمەش وا دەکات لێدوانەکەی سەفەوی لە ڕەوتی ئاسایی پەیوەندییەکان لابدات.
پەیوەندی کورد و ئێران... لە نێوان هاوسەنگی و ناڕەحەتی
سەرەڕای پەرەسەندنی تۆپبارانەکانی ئێران لە ماوەی ڕابردودا بە بیانوی بەئامانجگرتنی گروپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتو بوە لە هێورکردنەوەی گرژییەکان بە پابەندبون بەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لە مانگی ئەیلولی ساڵى 2023دا واژۆکراوە، کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆن و گواستنەوەیان بۆ دور لە سنوری ئێرانی تێدایە.
هاوكات، یاسین عەزیز دەشڵێت: پێموانییە ئەو لێدوانەی سەفەوی لەڕاستیدا کاریگەریی لەسەر پەیوەندی نێوان تاران و هەولێر هەبێت، کە شایەتحاڵی پێشهاتە ئەرێنییەکان و پەیوەندییە بەردەوامەکانە لە ئاستە بەرزەکاندا، بەڵام هۆشداریشیدا لە پەیامە سیاسییەکان؛ کە ڕەنگە لە بەغدا وا لێکبدرێتەوە كە هەرێم وەک قەوارەیەکی جیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی عێراق.
شەڕی ساردی تاران و هەولێر
لەلایەكى ترەوە، چاودێرانى سیاسى پێیانوایە؛ لێدوانە دژبەیەکەکانی ئێران سەبارەت بە ناوچەکە؛ ڕەنگدانەوەی درزێکی ناوخۆییە لەناو تاران لە نێوان دو باڵدا: باڵێکی دیپلۆماسی کە هەوڵی چەسپاندنی سەقامگیریی لەسەر سنوری کوردستان دەدات، وە باڵێکی ئەمنی- سەربازی کە لە ڕوانگەی گومان و هەڕەشەوە لە پرسەکە نزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوە پێدەچێت هەڵوێستی ئێستا ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواوی ناوخۆیی ئێران بێت لەدوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هاوکێشەی خۆپارێزیی پێشوەختە لە ناوچەکەدا.
لە هەر حاڵەتێکدا، لێدوانەکەی سەفەوی ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای دڵنیاییەکان لە چوارچێوەی "ئاگری ناڕاستەوخۆ"ی سیاسەتی ئێراندا دەمێنێتەوە، بە واتایەكى دى هەرێم دەكەوێتە نيَوان هاوسەنگییەکی ناسکی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تاران.
-
دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە
|
-
ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا
|
-
ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات
|
-
هەرێمى كوردستان.. سەرەڕاى پابەندبون؛ تاران هەڕەشەى لێدەكات
|
-
پەکەکە لەنێوان نیازپاكى چەكدانان و بەڵێنەكانى توركیادا
|
-
چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق
|
-
کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟
|
-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'
|
-
سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو
|
|
|