23   کاتژمێر پێش ئێستا 10646 جار خوێنراوەتەوە

پەکەکە لەنێوان نیازپاكى چەكدانان و بەڵێنەكانى توركیادا

 

پوختە

لە پێشهاتێکی سەرسوڕهێنەردا کە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی ئەمنيی و سیاسی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان هەبێت، غەیاس سورچى ئەندامى دیارى یەكێتى نیشتمانى كوردستان، نیازێکی ڕاستەقینەی لەنێو ئەندامانی پەکەکە ئاشکرا کرد کە چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا بکەن. ئەمەش دوای دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردولا دێت، لە کاتێکدا باس لە هەڵوەشاندنەوەی وردە وردەی هەیکەلی حزبەکە لە کوردستانی عێراق دەکرێت.

ڕادەستکردنەوەیەكی مەرجدار و چاودێريکراو

سورچی لەلێدوانێكى دا بۆ ماڵپەڕى "بەغداد ئەلیەوم" ڕايگەیاند، "ئەم ئاراستەیە لە راستیدا بونى هەیە، و پەیوەستە بە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان پەکەکە و تورکیا، کە بوە هۆی بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حزبەکە و ڕادەستکردنی چەکەکانی بە وەجبەی جی جیا.

غەیاس سورچى دوپاتیكردەوە، تا ئێستا شوێنی پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە دیاری نەکراوە، بەڵام شاری سلێمانی وەک بژاردەیەکی ئەگەریی هەژمار دەکرێت، ئەمەش لەژێر چاودێریی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکانی ناوخۆی کوردستان دەبێت.

هیچ وادەیەکی ڕاگەیەندراو نییە.. بەڵام رێوشوێنەكان وەك خۆیانن

سەرەڕای بڵاوبونەوەی زانیاری سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی ڕادەستکردنی چەكەكان لەم هەفتەیەدا، سورچى ئەوەى رونكردەوە كە تا ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی دیارینەکراوەو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوەدەچێت ڕێکخستنێکی کارگێڕیی و ئەمنیی و لۆجستییە، لەوانەش هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بە کەمترین ئاڵۆزیی و بۆ ڕێگریکردن لە هەر سەرلێشێواوییەکی ئەمنی یان سیاسی کە لەوانەیە لە ئەنجامدا ئەوەدا روبدات.

پێشینەى ململانێكانى پەكەكە و توركیا

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕى باكورى كوردستانەو  زۆرینەى ئەندامەکانی ساڵانێکە لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سنوری تورکیا چالاکن و بەردەوامن لە خەبات و چالاكى سیاسى و شەهیدێكى زۆریان بەخشیوە بە پرسى شۆڕشى كوردان لە باكور.

هاوكات، دوبارەبونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوخۆی عێراق، گرژیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە و لە نێوان هەولێر و بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان دروستکردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتى بەردەوام لە دژایەتیكردنى پەكەكەدا چاوساغيى بۆ توركیا كردوەو بەشدارن لە جموجوڵى سەربازيى و چەكداریى لە دژى پارتى كرێكارانى كوردستان و تەنانەت زانیارى هەواڵگریى-ش لە دژى پەكەكە دەدەن بە میتى توركى.

لەلایەكى ترەوە، گفتوگۆی ڕادەستکردنی چەکەکان لە کاتێکی هەستیاری سیاسیدا دێت، ئەوەش لەگەڵ زیادبونی فشارەکانی تورکیا بۆ سەر بونی سەربازیی پەکەکە لە ناوخۆی عێراق و زیادبونی هەماهەنگيی ئەمنيی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە چەند مانگی ڕابردودا.

هەنگاوێکی تاکتیکی یان کۆتایییەکی ڕاستەقینە؟

ئەگەر زانیارییەکان سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی ڕادەستکردنەوە ڕاست بن، ئەم هەنگاوە دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پرسێکی ئاڵۆزدا بکاتەوە کە بۆ دەیان ساڵە بەردەوامە، بەڵام چاودێران پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی "فەرمی" ئەو حزبە بە مانای کۆتایی هاتنی نفوزی مەیدانی پەكەكە نییە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جەماوەرە زۆرەى پارتى كرێكارانى كوردستان لە هەر چوار پارچەى كوردستان هەیەتى.  

جگە لەوەش، چوارچێوەی چاودێریی سێ قۆڵی (بەغدا، هەرێم، و حکومەتە خۆجێییەکان) ڕەنگە ئەرکی بەدواداچون و چاودێریکردن ئاڵۆزتر بکات، مەگەر پرۆسەکە بەشێک بێت لە ڕێککەوتنێکی ئەمنيی گشتگیر کە هەمو لایەنەکان ڕازی بکات.

مەستەفا كاراسو: ئێمە ئامادەین بەڵام توركیا هەنگاوى پێویست هەڵنانێت

مستەفا كاراسو یەكێك لە دەستەى دامەزرێنەرانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا جیهانییەكان كە تێیدا كەناڵى "ئەلعەرەبییە حەدەس" راپۆرتێكى دورودرێژى لەسەر لێدوانەكانى بڵاوكردەوە، رایگەیاندوە، ئێمە ئامادەین بەڵام تا ئێستا توركیا هیچ هەنگاوێكى پێویستى نەناوە بە مەبەستى چارەسەركردنى كێشەكان.

كاراسو، لە درێژەى لێدوانەكەیدا ئەوەى خستەڕو، كۆمەڵێك لایەن لەنێوخۆى توركیا لە هەوڵى تێكدانى پرۆسەكەدان و لاى خۆمانەوە ئەوەشمان پێناخۆشە كە دۆخى دەستبەسەركردنى رێبەر "عەبدوڵا ئۆجەلان" باش نەبوە.

جێى ئاماژەیە، پێشتر زاگرۆس هیوا؛ وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، كە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە؛ بە ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشێتد پرێس"ى راگەیاندبو، يەکەم گروپی گەریلا لە 10 بۆ 12ى ئەم مانگە لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن، ئەمەش نیازپاكى ئەو حزبە پیشاندەدات سەبارەت بە پرۆسەى چەكدانان و گوێڕایەڵى ئەندامەكانى بۆ بانگەوازەكەى رێبەرى دەستبەسەركراوى پارتەكە، " عەبدوڵا ئۆجەلان".

 

 

  • دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە

  • ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا

  • ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

  • هەرێمى كوردستان.. سەرەڕاى پابەندبون؛ تاران هەڕەشەى لێدەكات

  • پەکەکە لەنێوان نیازپاكى چەكدانان و بەڵێنەكانى توركیادا

  • چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق

  • کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟

  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'

  • سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو

سەرەکی