2025-07-05 9247 جار خوێنراوەتەوە

ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

 

پوختە

عەلاوی ئەلبەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانى عێراق، لەلێدوانێكى دا بۆ میدیاكانى ناوخۆ، وردەکاریی کۆبونەوەی داهاتوی لیژنەکەی ئاشکرا کرد، کە لە دەستپێکی خولی نوێی یاسادانان دەستپێدەکات و تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان، کە چەند شارێکی عێراقیان کردۆتە ئامانج.

عەلاوى، لەو لێدوانەیدا ئاماژەى بەوەداوە كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لیژنەکەیان کۆبونەوەیەکی گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەسەندنی هێرشە نەناسراوەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكان ئەنجامدەدات کە دوایینیان هێرشێك بو پارێزگاى سلێمانی کردە ئامانج و وتیشى: ئەم پێشهاتە ئەمنییە؛ مەترسیدارە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیددی هەیە.

لیژنەكە میوانداريى كێ دەكات؟

بەپێى لێدوانەكەى ئەلبەنداوی، لیژنەکە میوانداريی کەسایەتییە ئەمنی و سەربازییە بەرپرسیارەکان دەکات بۆ پێداچونەوە بەو ڕێكکارانەی کە گیراونەتەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانە، ناوبراو جەختیشی لەوەش كردۆتەوە كە کۆبونەوەکە بڕیار و ڕاسپاردە بەرهەم دەهێنێت و دەخرێتە بەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی سەربازیی پەیوەندیدار، ئەمەش لەپێناوى ڕوبەڕوبونەوەی ئەمجۆرە دەستدرێژییە مەترسیدارانەى كە پێشتر لەو قاڵب و فۆڕمەدا نەبون.

لەناوخۆى عێراق؛ درۆنەكان كوێ دەكەنە ئامانج؟

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا ناوچە جیاجیاکانی عێراق شاهیدی دوبارە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان بون؛ کە شوێنە سەربازی و مەدەنیەکانیان کردۆتە ئامانج لەوانە فڕۆکەخانەی کەرکوک و بارەگای هێزەكانی حەفتاى یەكێتى لە سلێمانی.

ئەم هێرشانە نیگەرانی بەرفراوانی ئەمنی و جەماوەریی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داواکارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرسیار و بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی، بێ ئەنجام ماونەتەوەو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا ڕوداوی كەمێك هاوشێوە بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی و ئاشكراكردنى ناوى تاوانباران دوبارەبۆتەوە، هەربۆیە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناكۆكییەكان؛ سڵ لە بەكارهێنانى درۆنەكان ناكەنەوە.

جێى ئاماژەیە، ئیرادە پێشتر لە راپۆرتێكى دا بە ناونیشانى "کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟" هەر لە زارى ئەلبەنداوى ئەوەى ئاشكرا كردبو؛ كە هەڵکشانی پێشهاتەكانى ئەم دواییەی سلێمانی؛ پێویستی بە هەڵوێستێکی جیددی هەیە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی نەبونی تەواوەتی هیچ گێڕانەوەیەكی فەرمی کە سروشتی فڕۆکەکان، ڕێڕەوی فڕۆکەکانیان، یان کێ ئاراستەى كردون، دیاری بکات.

 

 

  • دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە

  • ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا

  • ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

  • هەرێمى كوردستان.. سەرەڕاى پابەندبون؛ تاران هەڕەشەى لێدەكات

  • پەکەکە لەنێوان نیازپاكى چەكدانان و بەڵێنەكانى توركیادا

  • چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق

  • کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟

  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'

  • سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو

سەرەکی