4   کاتژمێر پێش ئێستا 7125 جار خوێنراوەتەوە

عێراق.. 7900 کاندید رکابەریی 329 کورسی پەرلەمانيى دەکەن

 

پوختە

لەماوەی ڕابردودا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ تۆمارکردنی زیاتر لە 7 هەزار و 900 کاندیدی ڕاگەیاند، کە سەرجەمیان بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن. ئەم ژمارەیە بەرزترین ژمارەیە لە دوای ساڵی 2003ەوە، کە ڕەنگدانەوەی فراوانبونی بەشداری سیاسییە، بەڵام پرسیاری بەرفراوانیش لەسەر بەردەوامیی ئەم کێبڕکێیە دەوروژێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ترس لە نەبونی بەرنامە و نەخشەی پارچەپارچەبونی پەرلەمانی هەیە.

ئایا ئەو ژمارە زۆرەى كاندیدەكان نوێنەرایەتى كوالیتییەكى باشى پەرلەمان دەكات؟

چاودێرانی هەڵبژاردن پێیانوایە ڕەنگە ئەو ژمارە زۆرەی کاندیدەکان نوێنەرایەتی كوالیتییەكى باشى پەرلەمان کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی ڕای گشتی عێراق بێت بەرهەم نەهێنێت، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی پارچەپارچەبونی دەنگدەران و بەرزکردنەوەی دەرفەتی هێزە تەقلیدییەکان بە سەرمایەی سیاسی و کاریگەریی ڕێکخراوەیی.

ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کێبڕکێ لەسەر بنەمای کەسایەتیکردن یان ڕەچاوکردنی ناوچەیی و خێڵەکی بەبێ دیدگای نیشتمانی یان بەرنامەی واقیعی، لاوازیی لەناو دامەزراوەی یاسادانان بەرهەم دەهێنێتەوە، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشودا ڕویدا.

بۆچى زۆربەى لیستەكان ئاراستەیەكى ئابوریى یان خزمەتگوزارییان نییە؟

چاودێرانى سیاسى ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی لیستەکان پێشنیاری پێگەیشتوى ئابوری یان خزمەتگوزاریی ئاڕاستەکراویان نییە، لە کاتێکدا زۆرێک لە کاندیدەکان پشت بە بەڵێنی پۆپۆلیستی یان پڕوپاگەندەی سۆزداری دەبەستن، نەک وەك ئەوەى چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانە کەڵەکەبوەکانی وڵات پێشکەش بکەن.

شارەزایانی یاسایی و سیاسی پێشبینی دەکەن کە خولی داهاتوی پەرلەمان دیمەنێکی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردو لە ڕوی دابەشبون و پارچەپارچەبونەوە بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەنجامەکان لیستى بچوک و نایەکسانی لێبکەوێتەوە کە نەتوانن زۆرینەی یەکگرتو پێکبهێنن یان پلاتفۆرمی یەکگرتو بگرنەبەر.

لە هەڵبژاردنى داهاتودا ترس لە چى هەیە؟

ترسی ئەوە هەیە، بەپێی خەمڵاندنەکان، جارێکی دیکە ئەم دابەشبونە بۆ جێبەجێکردنی کۆتا یان هاوبەشکردنی کاریگەرییەکان بقۆزرێتەوە، نەک پێشخستنی پرۆسەی یاسادانان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبونی پێوەرێکی ڕون بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکان لەناو هەندێک قەوارەی سیاسیدا.

ئەم هۆشدارییانە لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکاندایە سەبارەت بە کاریگەریی پارەی سیاسی و چەکی نافەرمی لە هەندێک بواردا. هاوكات، لەلایەكى ترەوە؛ ترس لە دوبارەبونەوەی ساختەکاریی یان فشاری دەنگدەران، چ لە ڕێگەی کڕینی دەنگەوە بێت یان هەڕەشەی نایاسایی، بەربڵاوە.

سەركەوتنى هەڵبژاردنەكان پەیوەستە بە چییەوە؟

چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان تەنها پەیوەست نییە بە ژمارەی بەشداربوان یان ڕێژەی بەشداریی دەنگدەرانەوە، بەڵکو بەندە بە ژینگەی یاسایی و ئەمنی کە دەنگی هاوڵاتیان لە کاریگەریی و زەوتکردن دەپارێزێت، هەروەها پەیوەستە بە ئەدای کۆمیسیۆن لە دەستەبەرکردنی پێوەرەکانی دەستپاکی و دادپەروەریی.

بۆچى عێڕاقییەكان لە دڵەڕاوكێدان؟

لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکان، عێراقییەکان بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی ئەوەن کە ئایا ئەم لیستە بەرفراوانە لە کاندیدەکان؛ دەگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتییەکی کاریگەری پەرلەمانی؟، یان پەرلەمانی داهاتو کۆپییەکی پەرلەمانەکانی پێش خۆی دەبێت؟، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەوازی بەپەلە هەیە بۆ چاکسازیی لە سیستەمی هەڵبژاردن و پاککردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە پەڵەی ئاژاوە و پارچەپارچەبون.

 

  • شارەکانی هەرێم لە ڕوی ئابورییەوە بەرەو داڕمان دەچن

  • تینوێتى عێراق دەخنكێنێت

  • عێراق.. 7900 کاندید رکابەریی 329 کورسی پەرلەمانيى دەکەن

  • شاندی ئیمراڵی پەیامی نوێی ئۆجەلان ئاشكرادەكات

  • سودانی بەڵێندەدات کۆتایی بەدۆسیەى لێکچونی ناوەكان بهێنێت

  • ئەگەر ئێران بڕوخێت، چارەنوسی عێراق چی دەبێت؟

  • دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە

  • ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا

  • ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

سەرەکی