21   کاتژمێر پێش ئێستا 7358 جار خوێنراوەتەوە

سودانی بەڵێندەدات کۆتایی بەدۆسیەى لێکچونی ناوەكان بهێنێت

 

پوختە

دوای چەندین ساڵ لە ناسۆریى بێدەنگ بۆ خێزانە عێراقییەکان لە دیالە و پارێزگاكانى دیکە، دۆسیەى "پێوەرەکانی ئاسایش" گەڕایەوە پێشەنگی سەرنجی حکومەت، ئەمەش دوای بەڵێنەکەی محەممەد شەییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاڵۆزو دڕکاوییە.

پرسى لێكچونى ناو کە نیشاندەرێکی ئەمنییە و مافی هەزاران عێراقی سنوردار دەکات، بە بیانوى  "ئاسایش"، چەندین پرسی سەرەکی ژیانی پەکخستوە.

کۆبونەوەی تایبەت و کردەی فەرمی

مضر ئەلکەروی، نوێنەری پارێزگاری دیالە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاكانى ناوخۆى عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ محەممەد شەییاع سودانى سەرۆکوەزیران کۆبوەتەوەو لە كۆبونەوەكەشدا چەند پرسێکی جەوهەری تاوتوێکراون، دیارترینیان پێوەرە ئەمنییەکانە.

ئەو نوێنەرەی پارێزگاری دیالە ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پێوەرە وایکردوه هاوڵاتیان قەرەبو بکرێنەوه بە دەركردنى بەڵگەنامەى فەرمى و داخوازی خانەنشینی و دامەزراندن و تەنانەت گەشته ناوخۆییەکانیان، ئەوەش بەهۆى هاتنەوەى ناویان یان ناوی کەسوکارەکانیان له ڕاپۆرته ئەمنییه یەکلانەکراوەکاندا.

بەگوێرەی لێدوانەكەى ئەلکەروی، سودانی بەڵێنی داوە راستەوخۆ قسە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بکات و داوای دیدگایەکی هەمەلایەنە بکات و زامنی ئەو زیانانە بکات کە بە خێزانە زیانلێکەوتوەکان دەگات، هاوکات پابەندی ئەوە بێت کە بارگرانی لەسەر کەسانی بێتاوان بە دەرئەنجامەکانی تاوانێک کە ئەنجامیان نەداوە زیادنەكرێت.

پێوەرەكانى ئاسایش.. کۆت و بەندێکی شاراوە لەسەر ملی خەڵکی بێتاوان

پێوەرەکانی ئاسایشى عێراق ڕێکارێکی کارگێڕییە، زۆرجار ڕانەگەیەندراوەو لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە ئەمنییەکانە، لەوانەیە لەلایەن زانیاریدەرەکان یان دەزگا هەواڵگرییە ناوخۆییەکانەوە دەربچن و ناوی هاوڵاتییەک وەک تۆمەتبارێک یان وەک "خزمی کەسێکی داواکراو" دەنوسێت، بەبێ ئەوەی دادگا بڕیاری لەسەر بدات.

ئەم پێوەرە لە ئەنجامدا ئەم كارانەى لێدەكەوێتەوە:

یەكەم: ڕێگریکردن لە دەرکردنی ناسنامەی باری شارستانی یان پاسپۆرت.

دوەم: دواخستنی خەرجکردنی قەرەبوی قوربانیانی تیرۆر یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی.

سێهەم: ڕەتکردنەوەی دانان یان قبوڵکردنیان لە دامودەزگا فەرمییەکان.

چوارەم: بەستنی هەندێک مافی خانوبەرە و کارگێڕی.

هاوكات، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ناوخۆیی ژمارەی خێزانە زیانلێکەوتوەکان بە دەیان هەزار دەخەمڵێنن، بەتایبەتی لەو پارێزگارانەی کە لە ساڵانی ڕابردودا شایەتی شەڕی چەکداری بون.

دیالە وەک مۆدێل.. تۆمەتەکان بەبێ دادگا

بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە پارێزگای دیالە، پێوەرە ئەمنییەکان شمشێرێکە بە ملی زۆرێک لە هاوڵاتییانەوە هەڵواسراوەو بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەی کە نەخراوەتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی، ڕێگريی لە تەواوکردنی مامەڵە کارگێڕییەکانیان دەکرێت و ژمارەیان بە هەزاران کەس دەبن. ئەمەش دۆخێکی "دەستبەسەرکردنی ئیداریی ڕانەگەیەندراو" دروست دەکات، و پاڵ بە هەندێکەوە دەنێت بۆ بەرتیلدان یان نێوەندگیریی بۆ ئازادکردنیان، بێگومان ئەوەش بەبێ هیچ گەرەنتییەکی ڕاستەقینە.

ئەلکەروی جەختی لەوەکردەوە کە پێوەری ئەمنی بۆتە بەربەستێکی ڕاستەقینە لە بەردەم گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بۆ زۆرێک لە خێزانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە توشی ئاوارەبون هاتون یان لە ڕوداوە ئەمنییەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیان بژێوی ژیانیان لەدەستداوە.

سودانی ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەی سەروەریی و دادپەروەریی دەبێتەوە

بەڵێنەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دیراسەکردنی ئەو پرسە و پەرەپێدانی چارەسەری کاریگەر، وەک ئەلکەروی بڵاویکردەوە، یەکێک لە مەترسیدارترین پرسەکانی پەیوەست بە هاوسەنگیی نێوان ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە.

دەوڵەتێک کە هەوڵی چەسپاندنی سەقامگیریی دەدات، ناتوانێت ئاسایشی خۆی لەسەر لیستی ناو یان ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە بەبێ بەڵگە بونیادبنێت، لەکاتێکدا تەواوی خێزانەکان لە مافە دەستورییەکانیان بێبەشن، بەڵام بەڵێنەکەی حکومەت نوێنەرایەتی هەنگاوێکی ئەرێنی دەکات و سەرکەوتنەکەی پەیوەستە بە توانای دەوڵەتەوە کە بتوانێت ئەم خاڵانە جێبەجێ بكات:

یەكەم: پێداچونەوە بە بنەماى داتا ئەمنییەكان بە شێوەیەکی شەفاف.

دوەم: سنوردارکردنی پێوەرە ئەمنییەکان بۆ دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ.

سێهەم: ڕێگریکردن لە بەسیاسیکردنی ڕاپۆرتەکان یان بەکارهێنانیان بۆ ڕەشبگیریی ناوخۆیی.

چوارەم: دابینکردنی قەرەبوی خێرا بۆ ئەو کەسانەی کە زیانیان پێگەیشتوە و بێتاوانییان سەلمێنراوە.

لەلایەكى ترەوە، دۆسیەى "ئاماژەى ئەمنى" تەنیا پێوەرێکی تەکنیکی نییە؛ بەڵكو چیرۆکێکی دور و درێژە لە پەراوێزخستن و تەجمید و نادادپەروەریی بیرۆکراتی، بەڵام بەو کارەی سودانی، پێشبینی دەکرێت ئەم بەڵێنانە بگۆڕدرێن بۆ بڕیاری ڕاستەقینەو دەرگایەک بۆ هەزاران عێراقی دەکاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی سەرەتاییترین مافەکانیان، دور لە دێوەزمەى گومانی بەکۆمەڵ، بەتایبەت كاتێك كەسێك تاوانێكى دەكرد ئیتر بەهۆى لێكچونى ناوى ئەو كەسە لەگەڵ كۆمەڵە كەسێكى دى؛ هەمویان پێكەوە بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیر دەكران.

 

 

 

  • شاندی ئیمراڵی پەیامی نوێی ئۆجەلان ئاشكرادەكات

  • سودانی بەڵێندەدات کۆتایی بەدۆسیەى لێکچونی ناوەكان بهێنێت

  • ئەگەر ئێران بڕوخێت، چارەنوسی عێراق چی دەبێت؟

  • دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە

  • ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا

  • ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

  • هەرێمى كوردستان.. سەرەڕاى پابەندبون؛ تاران هەڕەشەى لێدەكات

  • پەکەکە لەنێوان نیازپاكى چەكدانان و بەڵێنەكانى توركیادا

  • چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق

سەرەکی