5   کاتژمێر پێش ئێستا 8865 جار خوێنراوەتەوە

شارەکانی هەرێم لە ڕوی ئابورییەوە بەرەو داڕمان دەچن

 

پوختە

شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی، واقیعێکی ئابوری کارەساتبار بەخۆیانەوە دەبینن کە گەیشتۆتە ئاستی داڕمان، ئەمەش لە چوارچێوەی پاشەکشەیەکی هەمەلایەنە کە لە بازاڕەکانەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان درێژبۆتەوە.

هاوكات، لەئەنجامی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و نەبونی ڕێگەچارەیەکى بەرچاو لەسەر ئەرزى واقیع، دیمەنی شۆککەری بازاڕەکانی سلێمانى كە نزیکن لە چۆڵبونى تەواوەتى و دوکانە داخراوەکانیش بێدەنگییەكى خامۆش بەسەر دیمەنی بازرگانی و جوڵەى ئابوریى یەکێک لە شارە زیندوەکان پیشاندەدەن.

گەشتێکی خێرا بەناو بازاڕەکانی سلێمانیدا دۆخێکی ناوازەی چەقبەستو ئاشکرا دەکات، لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی ژمارەی کڕیاران، تەنانەت لەو ناوچانەی کە سەردەمانێک بە زیندویی خۆیان ناسراون، وەک شەقامی مەولەوی و پاركى ئازادی، چۆڵییەکی نزیک به ته واویی له شەقامه بازرگانییەکاندا وەدەردەخەن، هاوكات، دیمەنێکی نائاسایی که گوزارشته له قوڵایی قه یرانێكى زیندو که بەهۆی دواکه وتنی موچەوە دروستبوه، بەدیاردەكەوێت.

دوكاندارەكان كەمتر لە دوكان دەمێننەوە

بەهۆی دابەزینی خواستی گشتی و نەبونی نەختینەیی، ژمارەیەک خاوەن دوکان لە بازاڕەکانی سلێمانی ناچاربون کاتی دەوامیان کەمبکەنەوە یان بەشێوەیەکی کاتی فرۆشگاکانیان دابخەن، ئەمەش لەئەنجامی ئەو پاشەکشەیەی کە کەوتۆتە بازاڕەوە.

لەلایەكى ترەوە هەندێکیان بە میدیاكانى عێراقیان ڕاگەیاندوە، کە چالاکییە بازرگانییەکان بۆ ئاستێکی بێ وێنە دابەزیوە و بەردەوامیى ئەم دۆخە بەرەو ڕوی زیانى گەورەیان دەكاتەوە.

بەپێى بەدواداچونەكانى ئیرادە و بە گوێرەى ئەو وێنە مەیدانییانەى لەنێو میدیا عێراقییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، دیمەنى دوکانە داخراوەكانى تەنانەت ناوچە بازرگانییە ناسراوەکانیش  ڕەنگدانەوەی گەورەیی قەیرانەکان بەدەردەخەن.

كاسبكاران،  بانگەوازێك ئاراستەى سودانی دەكەن

لەناو ئەم مەینەتییەدا، ژمارەیەک هاوڵاتی و خاوەن دوکانەکان بانگەوازیان ئاراستەى محەممەد شەییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوەو داوایانلێكردوە دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی موچە و بەرپرسیارێتی مرۆیی لەئەستۆ بگرێت بەرامبەر بەو هاوڵاتییە کوردانەی کە لەژێر فشارێکی بەرگە نەگیراودا دەژین.

ئەوەی سلێمانی و شارەکانی هەرێم شایەتحاڵین تەنها پاشەکشەی ئابوری نییە، بەڵکو داڕمانی یەک لە دوای یەک سوڕی ژیانە، بازاڕەکان بونەتە نیشاندەرێکی ڕون بۆ قوڵایی قەیرانەکە، دواکەوتنی بەردەوامى موچە خەریکە کارەساتەکە لە داراییەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆیی، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامە و هیچ ئەنجامێكیشى نییە وتەنها هاوڵاتی کورد بە موچەخۆرو بێ موچەوە باجەكەى دەدەن، نەك بەپرسان كە 34 ساڵە بە ئیدارەو حكومەتێكى شكستخواردوەوە نەیانتوانیوە دۆخ و گوزەرانى خەڵك باش بكەن.

بۆچى شێركۆ جەودەت هۆشدارییەكى بەپەلەى دا؟

هەر سەبارەت بەم دۆخەى ئێستاى هەرێم ناكۆكییەكانى بەغدا و هەولێر، شێرکۆ جەودەت ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، لەلێدوانێكى دا بۆ میدیا ناوخۆییەكانى هەرێم؛ هۆشداریدا و دۆخەكەى بە "مەترسیدار" وەسفکرد، ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا نەکرێت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

جەودەت لەو لێدوانەیدا ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی تا ڕۆژی سێشەممە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوا بەغدا دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا دەگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی فیدراڵی بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە حکومەتی هەولێر بکات؛ ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات.

ئەو ئەندامەى پێشوى پەرلەمانى كوردستان لایەنە کوردییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد؛ كە بەهۆى ناپاکی ئەوانەوە دۆخەكە گەیشتوە بە قۆناغێكى گرنگ بەجۆرێك مەترسیی لەسەر ئایندەی ناوچەکە دروستدەکات.

 

 

 

  • شارەکانی هەرێم لە ڕوی ئابورییەوە بەرەو داڕمان دەچن

  • تینوێتى عێراق دەخنكێنێت

  • عێراق.. 7900 کاندید رکابەریی 329 کورسی پەرلەمانيى دەکەن

  • شاندی ئیمراڵی پەیامی نوێی ئۆجەلان ئاشكرادەكات

  • سودانی بەڵێندەدات کۆتایی بەدۆسیەى لێکچونی ناوەكان بهێنێت

  • ئەگەر ئێران بڕوخێت، چارەنوسی عێراق چی دەبێت؟

  • دەم پارتی بانگەوازییەکی گرنگ بۆ هەنگاوە مێژووییەكەی گەریلا بڵاودەکاتەوە

  • ئەنجومەنی ئابوری عێڕاق کۆبوەوە ئەم بڕیاڕەی لە بارەی موچە دا

  • ئەم هەفتەیە پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هێرشە درۆنییەكان دەكات

سەرەکی