2   کاتژمێر پێش ئێستا 6704 جار خوێنراوەتەوە

نە پارتى لەبەغدا دەكشێتەوەو نە حكومەتى هەرێميش پێكدێت

 

پوختە

یازدە مانگە لە پرۆسەیەكى گاڵتەجاڕیى دا كە خەڵكى هەرێمى پێوە سەرقاڵكراو ناونرا هەڵبژاردن، پرۆسەكە كۆتایى هات و لەجیاتى ئەوەى حكومەتى هەرێم پێكبهێنرێت، پەرلەمانیشى پێوە ئیفلیج بو، چونكە تا ئێستا پەرلەمانتاران تەنها بۆ موچە سوێندیان خواردوەو لەدواى رۆژى سوێندخواردنيش هیچ ئیشێكیان بە پەرلەمان نەبوەو سەردانیان نەكردوە، مەگەر بۆ كارێكى ئیداریى خۆیان نەبێت.

لەلایەكى ترەوە بەهۆى ناكۆكیى هەرێم و كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لەگەڵ بەغدا، تا ئێستا ئاسۆى هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتى ناوەند بەدیناكرێت و رۆژ بە رۆژیش دۆخى دارایى خەڵك بە تایبەتى موچەخۆران خراپتر دەبێت و هەڕەشە پڕ لە درۆو بێماناكانى پارتى و حكومەتى هەرێمیش هێندەى تر دۆخەكەیان بارگاویى كردوە بە گاڵتەجاڕیى.

ئیرادە لەم راپۆرتەدا هەڕەشە بێناوەرۆكەكانى پارتى و فاكتەرەكانى پشت پێكنەهێنانى بەناو حكومەتى  هەرێم دەخاتەڕو.

ئایا قسەكانى پێشەوا هەورامى تا چەندە ئیعتیباريان هەیە؟

پاش ئەوەى پێشەوا هەورامى وتەبێژى حكومەتى هەرێمى كوردستان، لە لێدوانێكى دا سەبارەت بە ئەگەرى رێككنەكەوتن لەسەر پرسى داهاتى ناوخۆو كێشەى نەوت و دەروازە سنورییەكان ئاماژەى بەوەدابو كە ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێكنەكەون، ئەوا بژاردەى كشانەوە لە هەڵبژاردن و پرۆسەى سیاسییان لەبەردەستدایە، ئەم لێدوانە بێ ناوەرۆك و سواوانەى ناوبراو لەگەڵ پارتى و حكومەتى هەرێم؛ بۆتە مایەى گاڵتەجاڕیى لاى خەڵك و هیچ كەسێك نرخ و ئەرزش بۆ ئەو جۆرە هەڕەشانە دانانێت، چونكە پارتى لە دواى روخانى رژێمى سەددامەوە هێندەى لە بەغدا سودمەند بوە ئەوەندە لە ناوخۆى هەرێمى كوردستان سودمەند نەبوەو لێشاوێك لە پەرلەمانتارو وەزیرو پۆستى باڵاى لە بەغدا هەیەو مەحاڵە بڕیارى لەوجۆرە بدات.

لەنێو بەڵێنە درۆكانى پارتى بە كشانەوەو بێباكى بەغداش سەبارەت بە هەڕەشە بێماناكانى پارتى، خەڵكى هەرێم بە تایبەتى موچەخۆران؛ بون بە قوربانى دەستى هەردو حكومەتە شكستخواردوە بێ پلانەكە، چونكە بەغدا هەر كاتێك دەڵێت؛ دەبێت موچە لە پرسە سیاسییەكان جیابكرێتەوە، دەستبەجێ هەستدەكرێت لە قسەكانى پارتى بێماناترە، چونكە هیچ كارتێكى فشارى لە بەرانبەر پارتى و حكومەتى هەرێم دا نییەو تەنها كارتى موچەى بەدەستەوەیە.

ئایا پارتى واز لەو هەمو ئیمتیازو پۆستە گەورەیەى بەغدا دەهێنێت؟

ئاشكرایە پارتى لە سەرەتاى دامەزراندنى حزبەكەوە كە ساڵى 1946 دامەزراوە، تا ئێستا تەنها بیرى لە بەرژەوەندى خۆى و بنەماڵەى حوكمڕانى نێو حزبەكە كردۆتەوەو بەهیچ جۆرێك ئامادەیى ئەوەى تێدا نەبوە لەپێناوى خەڵكى كوردستان سازش لەسەر بچوكترین ئیمتیازى خۆى لە بەرانبەر حكومەتى ناوەنددا بكات، ئێستاش كە ئەو هەمو وەزیرو پەرلەمانتارو پۆستە گەورانەى بەغداى بەدەستەوەیە و هاوكات ماوەیەك پێش ئێستاش لەگەڵ یەكێتى دا لەبەغدا سەرقاڵى پڕكردنەوەى 18 پۆستى باڵیۆزەكانى عێراق بون لە وڵاتانى دەرەوە، ئەمە جگە لەوەى ئەو هەمو داهات و باج و گومرگە زۆرەى لەناوخۆى هەرێم وەریدەگرێت و بەغدا ئاگادارى وردەكارییەكانى نییەو لێى ناپرسێتەوەو هاوكات لە بەغداش ئەگەر موچە بێت ئەوا بە ئاسانى دەتوانێت ژمارەى ناراست رەوانەى بەغدا بكات، ئیتر چۆن بارودۆخەكە بەو قسە بێمانایانە تێكدەدات و فشارى ناوخۆیى و ناوچەیى و نێودەوڵەتى دەخاتە سەر حزبەكەو بنەماڵەى حوكمڕان و حكومەتە شكستخواردوەكەى.

لەبەرئەوە بەپێى راى چاودێرانى سیاسی، تاكە شتێك كە پارتى هەڕەشەى پێبكات و جێبەجێى نەكات كشاندنەوەیەتى لە بەغداو لە پرۆسەى سیاسى عێراق.

ئایا پێكهێنانى حكومەتى هەرێم هیچ بایەخێكى ماوە لاى خەڵك؟

دواى یازدە مانگ لە هەڵبژاردن و ئیفلیجكردنى پەرلەمان، ئەوپەڕى گاڵتەجاڕییە ئەگەر حزبەكانى دەسەڵات وا بزانن خەڵك چاوەڕێى پێكهێنانى حكومەت دەكات و ئومێدیان بەوپرسە هەیە.

چاودێرانى سیاسى پێیانوایە، حكومەتێك، كە هەمان عەقڵیەت و دەموچاوەكانى حكومەتەكانى پێشوى هەرێم بەڕێوەى ببەن نەبونى باشترە، چونكە ئەوەتا ئەنجامەكانى هەڵبژاردن و پەرلەمان و حكومەتیش ئێكسپایەربون؛ بەڵام یەكێتى و پارتى هەمان دەسەڵاتى جارانیان هەیەو نە گوێ لە داواى خەڵك دەگرن و نە رێز لە پرۆسەى دەنگدان دەگرن و هاوكات نە باوەڕیان بە دەنگیى ناڕەزایى خەڵكيش هەیە.

دواجار، لەبەردەم قەیرانى موچەو نزیكبونەوەى زستان و نەبونى تواناى خێزانە موچەخۆرەكان بۆ كڕینى سوتەمەنى و خراپى دۆخى ئابورى فەرمانبەران و كاسبكارانى شارەكانى هەرێم دا، لە ئێستادا ئەوەى بیرى لێنەكرێتەوەو جێگە بایەخ نەبێت لاى خەڵكى هەرێمى كوردستان، پێكهێنانى حكومەتە.

 

  • ئەنجومەنی دەوڵەت، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە

  • نە پارتى لەبەغدا دەكشێتەوەو نە حكومەتى هەرێميش پێكدێت

  • دواى هێرشەكەى دەوحە؛ عێراق ترسى لەهێرشى ئیسرائیل هەیە

  • سوپاى عێراق و حەشد بەنیارى هێرشكردنە سەر شەنگالن

  • لامه‌ركه‌زیى.. ده‌رفه‌تێك بۆ سیستمێكى سه‌قامگیر.. هۆشدارییه‌ك بۆ شه‌رع

  • یه‌كه‌م زه‌نگى هێرش له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌.. ئیسرائیل زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

  • عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى

  • پارتى خه‌ریكى چییه‌... درزێك له‌ڕۆژئاوا خه‌ریكه‌ ماڵوێرانى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت

  • كورد لە ئیجەو لیبیا بە دو شێوازى جیاواز دەخنكێت

سەرەکی