1 کاتژمێر پێش ئێستا
6467 جار خوێنراوەتەوە
ئایا دواى هەڵبژاردنەكانى عێراق؛ حكومەتى هەرێم پێكدەهێنرێت؟
پوختە
نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دا تێدەپەڕێت و هێزە سیاسییەکانی هەرێمیش تا ئێستا شکستیانهێناوە لە پێکهێنانی حکومەت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حكومەتى هەرێم ئەگەر بەردەوام باسى دەوڵەتى دامەزراوەیى پێشكەوتن و دیموكراسیى بكات، هێشتا هەر لە خزمەتى حزبە دەسەڵاتدارەكان دایەو پاشكۆیەكى شەرمنى ئەو حزبانەیە.
هاوكات، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە کە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم نزیک بێت، تا ئێستا هەردو لایەنە سەرەكییەكەى هەرێم "یەكێتى و پارتى" نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بەو ناکۆکییەی ساڵانێکە بۆ پێكهێنانى هەمو كابینەكانى حكومەت دوبارەى دەكەنەوە، جگە لەوەش کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێندەى تر پرسى پێكهێنانى حكومەتى بێ ماناكردوەو شتێك نەماوەتەوە ناوى سیستم و سێنتەرى بڕیاردان بێت، بەڵكو ئەوەى هەیە حوكمى سەرۆك خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەیە.
ئەنجامى هەڵبژاردنەكان چۆن بو؛ وا پێكهێنانى حكومەتى هێندە ئاڵۆز كردوە؟
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە چوار پارێزگای کوردستان (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە) لە 20ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچو، بەپێى ئەنجامەكان، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی پەرلەمانیی لە کۆی 100 کورسی بەدەستهێنا، ئەمە جگە لەوەی سێ کورسییەكەى کەمینەكانیش هەر هاوپەیمانى پارتین و لە بڕیارى ئەو حزبە دەرناچن.
لەلایەكى ترەوە، یەکێتی نیشتمانى کوردستان 23 کورسی بەدەستهێنا، جگە لەوەی دو کورسی تریش تایبەتە بە کەمینەکان، ئەم دوانەش لە قسەى یەكێتى دەرناچن. هەرچى جوڵانەوەى نەوەی نوێ-یە کە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبونی پەسەندکردوه، 15 کورسی بەدەستهێناوە، یەکگرتوی ئیسلامیش لەو هەڵبژاردنەدا بوە خاوەنى حەوت کورسی و دوای ئەویش رەوتى هەڵوێستی نیشتمانی چوار کورسی بەدەستهێنا، كۆمەڵى دادگەریى توانى سێ كورسى بەدەستبهێنێت بەڵام هێرۆ عەتارى پەرلەمانتار لەكاتى سوێندخواردن دا لە فراكسیۆنەكە كشایەوە، بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی کە لەم دواییانەدا بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و هاندانی ئاژاوەگێڕيی دەستبەسەرکرا، توانى ببێتە خاوەنى دو كورسى و هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان و حزبى سۆسیالیست هەریەکەیان یەک کورسییان بەدەستهێنا.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەدا نەیتوانی نیسابی یاسایی بۆ ئەندامانی نوێ دەستەبەر بکات، بەتایبەتی لەو دانیشتنانەی کە چاوەڕوان دەکرا گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکرێتەوە.
دواى هەمو هەڵبژاردنێك، لیستە براوەكان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە پەرلەمان ڕوبەڕوی مەرجی زۆرینە (نیوە لەگەڵ یەک) دەبنەوە، واتە 50 پەرلەمانتار زائيد یەک پەرلەمانتار، مەرجێک کە هیچ کام لە هێز و لایەنەكانى هەرێم بەدەستیان نەهێنا.
ناكۆكییەكانى یەكێتى و پارتى لەسەر چییە؟
سەرچاوە سیاسییەکانی ناو هەرێم ئەوە دوپاتدەکەنەوە کە ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی نێوان هەردو لایەنە گەورەکە؛ هۆکاری سەرەکی بەربەستی پێکهێنانی حکومەتە تا ئێستا، ئەمەش ئەوە پیشاندەدات کە پێدەچێت بڕیاری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی داهاتو لە بەغدا.
میدیا عەرەبییەکان لە زاری سەرچاوەکانی ناو هەرێمەوە بەشێوەیەكى گاڵتەجاڕانە ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە، كە تا ئێستا دو لایەنە سەرەكییەكەى هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت؛ بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیانەوە لەسەر پۆستەكان؛ نەگەیشتونەتە هیچ دەرئەنجامێك.
هاوكات ئەوەشیان خستۆتەڕو كە یەکێتی داوای کردوە نیوەی پۆستەكانى کابینەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و نیوەی پێکهاتە سەربازییەکان و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی پێبدرێت. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هەمو ئەو داواکارییانەی ڕەتکردۆتەوە.
بۆچى حكومەتى هەرێم لە دواى پێكهێنانى حكومەتى بەغدا ئینجا ئەگەرى پێكهێنانى هەیە؟
سەرچاوەکانى هەواڵ ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە، باسی پێکهێنانی حکومەت دوادەخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق کە بڕیارە مانگی 11ى داهاتو ئەنجامبدرێت، هاوكات دابەشکردنی وەزارەتەکان لە بەغدا لە نێوان هەردو لایەنی کوردی كاریگەریى لەسەر پێكهێنانى حكومەت هەیە لە هەرێمى كوردستان، چونكە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو لە بەغدا و دابەشکردنی پۆستەکانی نێوان هەردو حزب؛ کارئاسانی بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەکات، بەتایبەتی کە پارتی دەیەوێت یەکێتی هەمان ئیمتیازى ساڵانى رابردو لە بەغدا وەرنەگرێتەوە؛ لەنێویاندا پشكى پۆستى سەرۆككۆمار كە لەدواى روخانى سەددامەوە بەر یەكێتى كەوتوە.
لەلایەكى ترەوە، سوبحی مەندەلاوی كادى پێشكەوتوى پارتی؛ لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رایگەیاند، پێدەچێت هەنگاوە ڕاستەقینەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستپێبکات، ئەمەش دوای ئەوەی هەردو حزب "پارتی و یەکێتی" لە دوایین کۆبونەوەیاندا بۆ تێپەڕاندنی کێشەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن.
ئەلمەندەلاوی لە درێژەى لێدوانەكەى دا وتوشیەتى: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دۆخی ئەمنی و جوگرافی و سەربازی و ئیداریی، هەروەها ئەو پێشهاتانەی کە لە ناوچەکەدا بەدیکران، لە شەڕی غەززەوە، تا ڕوداوەکانی سوریا و شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەمو ئەو هۆکارانەن کە بونەتە هۆی دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و ڕێککەوتن لەسەر کابینەی دەیەم دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارتی پێداگریی لەسەر ئەوەکردوە کە وەزارەتە ئەمنییەکان پشکی خۆیان بن، ئەو كادرە پێشكەوتوەى پارتى جەختی لەوەشكردەوە كە دواکەوتنەکەش بەهۆی ڕێکنەکەوتنی نێوان هەردولایە لەسەر بەرنامەی حکومەت، کە دەبو لە ماوەی ڕابردودا چارەسەر بکرایە.
-
ئایا دواى هەڵبژاردنەكانى عێراق؛ حكومەتى هەرێم پێكدەهێنرێت؟
|
-
بەنداوەكانى عێراق پێنچ ملیار مەترسێجا ئاویان تێداماوە
|
-
٣ساڵ بەر لە ئێستا ژینا ئەمینی شەهید کرا
|
-
چەند بڕیارێك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەرچوو
|
-
پزیشکیان: هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشی ئیسرائیل پارێزراو نییە
|
-
حەج و عومرەی هەرێم: دەستگیرکراوانی سعودیە پەیوەندییان بە هەرێمەوە نییە
|
-
یارمەتى پێشمەرگە دەبێتە دو هێندەو ئەوەى بەغداش كەمدەبێتەوە
|
-
ئهمریكا دوو هێزه كاریگهرهكهى كورد لهبیر ناكات.. پێشمهرگه كهمترو ههسهده زیاتر پارهى بۆ دیاریكرا
|
-
حهشدى شهعبى ڕوو لهسودانىو پشتى لهمالیكیه
|
|
|