2025-10-12 15018 جار خوێنراوەتەوە

بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، شەش ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە تێدەپەڕێت‌و بکوژەکەی لەلایەن سوپای سوریاوە ڕێزی لێگیراوە، لەكاتێكدا لەلیستی سزادراوانی ئەمریكادایەو تاوانبارە بەچەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

ڕوانگەی سوری ئاشكرایكردوه‌، بەوێنەو گرتە ڤیدیۆییە بەڵگەدارەکان سەلمێنراوە کە ئەحمەد ئەلهاس ناسراو بەئەبو حاتم شەقرا بەشێوەیەکی کەسی‌و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەتیرۆرکردنی سەرکردەی دیارو سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە هەڤرین خەڵەفەوە هەیە كە تیرۆرکردنەکە لە(تشرینی یەکەم/ مانگى 10)ی ساڵی 2019 لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، وێنەو زانیارییە بەڵگەدارەکانی ئەوکاتە پشتڕاستیانکردەوە کە پێشئەوەی هەڤرین خەڵەف بکوژرێت‌و وێنەی بگیرێت، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەگەڵ هاوڕێکانی دەستگیرکراوە، بکوژان‌و تاوانباران بینراون کە شانازی بەکارەکانیانەوە دەکەن.

ڕوانگەی سوری باسی لەوەشكردوە، سەرەڕای ئەو تاوانە قێزەونەو تاوانەکانی دیکە کە ئەبو حاتم شەقرا ئەنجامیداون، لەساڵی 2023 ڕێزی لێگیرا بەبەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا لەزانستە سیاسییەکان لەزانکۆی ماردین لەتورکیا، "وڵاتێک کە پشتیوانی ئەوو گروپەکەی دەکات".

ئەوەشیخستەڕوو، بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەبو حاتم شەقرا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لەپێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسوریا.

لەوانە بازرگانیکردن بەژنان‌و منداڵانی ئێزدی‌و دامەزراندنی ئەندامانی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"، جگەلەوەی فەرماندەی زیندانی ئەحرار ئەلشەرقییە بوەو سەدان دەستگیرکراوی لەساڵی 2018 لەسێدارەداوە.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری، ئەبو حاتم شەقرا لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە وەک فەرماندەی فرقەی 86 ڕێزی لێگیراوە، سەرەڕای ئەوەی بەتاوانەکانی جەنگ‌و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارکراوە.

لای خۆیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دوپاتیدەکاتەوە، تاوانەکانی جەنگ‌و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی بەتێپەڕبونی کات لەبیر ناچنەوە، هەروەها داوای دادگاییکردن‌و لێپێچینەوە لەهەموو ئەوکەسانە دەکات کە تێوەگلانیان لەم تاوانانەدا دەسەلمێنرێت، بەبێگوێدانە پلە یان ئاستی سەربازیی‌و ئەمنییان، جا سەر بەڕژێمی پێشوبن یان ڕژێمی ئێستا.

شه‌ش به‌ر له‌ئێستاش، لەچوارچێوەی كاردانەوەكاندا لەسەر كوشتنی نۆ هاوڵاتى مەدەنی لەباكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمریكا بەتوندترین شێوە ئیدانەی كوشتنی هەڤرین خەڵەف ئەمینداری گشتی پارتی سوریای داهاتووى كردو لێپرسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، بەتوندترین شێوە كوشتنی هاووڵاتیان ئیدانە دەكەین‌و كوشتنی هەڤرین خەڵەف به‌كرده‌وه‌یه‌كى دژه‌ مرۆڤى ده‌زانین.

هەڤرین خەڵەفی تەمەنی 35 ساڵ ئەندامێكی سەركردایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیش بووە، هاوكات پارتی سوریای داهاتووش ڕایگەیاندبوو، هەڤرین بەر لەكوشتنی، لەڕێگه‌دا بووە بۆ چوونەسەر كار لەشاری ڕەققە.

ئەمینداری گشتی حزبی سووریای ئاییندە، ئێوارەی ڕۆژی 11ى 10ى 2019 لەکاتێکدا بەڕێگه‌ی گشتی نێودەوڵەتی بەرەو قامیشلۆ دەچوو، کەوتە بۆسەیەکی چەتەکانی هاوکاری سوپای داگیرکەری تورک کە بۆ ئۆتۆمبیلە ڕێگوزەرەکان دایدەنێن، شەهید بوو.

هەڤرین ساڵی 1983 لەشارۆچکەی دێرک-ی ڕۆژئاوای کوردستان لەخانەوادەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە، خوشکێکی شەهیدەو دایکی یەکێکبووە لەوکەسانەی لەڕیزەکانی پەکەکەدا کاریکردووەو چاوی بەعەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتووە، هەڤرین بۆخۆى کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لەحەڵەب تەواوکردووە.

لە ساڵی 2012 لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، هەڤرین چالاکانە بەشداریی لەشۆڕشەکەدا کردووەو بەرپرسیارییەتی ڕێکخستنی گەنجانی لەئەستۆ گرتووەو دواتر بووەتە بەرپرسی ڕێکخستنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پاشان بووەتە بەرپرسی ئەنجوومەنی ئابووری لەشاری قامیشلۆو دواتریش پاش ڕاگەیاندنی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەریی، بووەتە جێگری دەستەی وزە لەهەرێمی جزیرەو پاشان بووەتە هاوسەرۆکی دەستەی ئابووری لەهەرێمەکە.

لەسەرەتای ساڵی 2018 لەگەڵ کۆمەڵێکی کەسایەتی دیکەی (سووریا) دەستیکردووە بەدامەزراندنی حزبێکی سووری، ڕۆژی 27ی مارسی 2018 لەکۆنگرەی دامەزراندنی پارتی سووریای دواڕۆژدا کە له‌ڕەققە بەبەشداریی چەندین کەسایەتی کوردو عەرەب‌و سریانی بەڕێوەچوو، هەڤرین خەڵەف وەک سکرتێری گشتی پارتەکە هەڵبژێردرا.

ئەحمەد حسێن جاسم ناسراو بەئەبوحەفز شەرقییە بەرپرسی ئەو گرووپەی هەڤرین خەڵەفیان شەهیدکرد، بەپلابێکی تۆکمە لەلایەن شەڕڤانان لەگوندێکی عێن عیسا لەنۆڤەمبەری 2019 کوژرا، به‌ڵام ئەحمەد ئەلهاس ناسراو بەئەبو حاتم شەقرا كه‌ كه‌سى یه‌كه‌مه‌و فه‌رمانه‌كه‌ى ده‌ركردووه‌و هاوكات به‌شداریشیكردووه‌، هه‌ڵات‌و خۆى شارده‌وه‌و ئێستاش به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌.

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

  • ئێران‌و عێراق له‌گفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

  • بۆ ماوه‌ى 10 كاتژمێر نه‌وتى هه‌رێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ به‌نده‌رى جه‌یهان

  • چه‌كه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان به‌كێ ده‌درێن؟

  • ورده‌كاریى یه‌كگرتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریا ئاشكراده‌كرێت.. هه‌سه‌ده‌ سێ فیرقه‌و چه‌ند لیوایه‌كى ده‌بێت

  • بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

  • ئه‌و پێشنیازه‌ى ته‌لئه‌بیب چییه‌ دیمه‌شقى هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌؟

  • ئیسرائیل چاوى له‌شنگال‌و نه‌ینه‌وایه‌.. ئه‌ردۆغان هاوارى لێ هه‌ستا

  • زانیاریى گرنگ‌و نهێنى.. شه‌رع هاوكاریى ئه‌مریكیه‌كان ده‌كات بۆ له‌ناوبردنى كورده‌ جیهادیه‌كانى سوریا

سەرەکی