2025-10-12 4218 جار خوێنراوەتەوە

ئه‌و پێشنیازه‌ى ته‌لئه‌بیب چییه‌ دیمه‌شقى هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكى پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بەپشتبەستن بەدوو سەرچاوەی ئاگادار، ئیسرائیل پلانێکی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی پێشکەش بەسووریا کردووە؛ کە تەواوی باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق تا سنووری ئیسرائیل وەک ناوچەی دژەفڕین بۆ فڕۆکەکانی سووریا دیاریبکات، لەبەرامبەر ئەم سنووردارکردنانە لەلایەنی سوریاوە، ئیسرائیل پێشنیازی کشانەوەی وردە وردەی کردووە لەهەموو ئەو خاکانەی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەسوریا داگیریکردووە، جگە لەیەک بنکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بنەمای ناوەندی پێشنیازەکەی ئیسرائیل ئەوەیە، کە ڕێڕەوێکی ئاسمانی لەسوریاوە بۆ ئێران هەبێت، بۆئەوەی لەهێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆسەر ئێران سوودی لێ ببینێت.

تا ساڵی ڕابردوو حکومەتی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی سەرەکیی ناوچەیی ئێران بوو، بەڵام ئێستا تاران بەکردەوە هیچ کاریگەرییەکی بەسەر حکومەتی نوێی سوریاوه‌ نییە.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەمانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بەئاسمانی سوریادا فڕیون بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، لەوکاتەدا بەرپرسێکی سوری ڕەتیدەکردەوە کە ئەحمەد شەرع ڕێگەی بەئیسرائیل دابێت کە ئاسمانی سوریا بەکاربهێنێت بۆ شوێنپێهەڵگرتنی مووشەکەکانی ئێران، بەڵام دیمەشق کاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بەو فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییانەی کە بەسەر ئاسمانەکانیدا دەسوڕانەوە لەماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا، لەوکاتەدا ڕۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، شارەزایان ئەو بێدەنگییەیان بەدەرئەنجامی بڕیارێکی ستراتیژی ئەحمەد شەرع دەزانی.

ئێستا پێشبینیدەکرێت ئەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان ناتانیاهۆو شەرعدا بکرێت، ئیسرائیل دەستێکی زۆر فراوانتر لەپێشووتری دەبێت بۆ ئەگەری هێرشەکانی داهاتوو بۆسەر ئێران‌و نەک هەر ناچارنەبێت خەمی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی بەئاسمانی سوریادا هەبێت، بەڵکو دیمەشقیش لەو هێرشانەدا بەشداربێت.

بۆ دەیان ساڵ، سوریا بەپەیمانێکی ستراتیژیی سەربازیی‌و وبەرگری لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوبەشی تاران‌و نەیارێکی سەرسەختی ئیسرائیل بوو، بەڵام ئێستا وا دیارە هاوکێشەکە بۆ ڕژێمی ئێران پێچەوانە بووەتەوە.

ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ئاڵۆز بووە، تەنانەت لەمانگی تەمموزدا دیمەشقی بۆردومانکرد، ئیدارەی ترەمپ شێوازێکی زۆر دۆستانەتری گرتەبەر لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتیی سوریاو لەوکاتەوە ڕۆڵی ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل‌و سوریای گرتە ئەستۆ.

بەگوێرەی پێگەی ئەکسیۆس، سوریا هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیازەی ئیسرائیلی نەداوەتەوە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشکەشیکردبوو و لەچەند هەفتەی ڕابردووشدا کار لەسەر پێشنیازی بەرامبەریکردووە.

ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل‌و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بەنیازن لەلەندەن لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا کە نێوەندگیریی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دەکات، ئەو پێشنیازە تاووتوێبکەن.

ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەمجۆرە دەبێت. سەرچاوە ئاگادارەکان لەدانوستانەکان دەڵێن پێدەچێت نیشانەکانی پێشکەوتن لەدانوستانەکاندا هەبێت، بەڵام پێدەچێت کاتێکی زیاتر پێویست بێت بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی.

بڕیارە ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەژێر دانوستاندایە جێگەی ڕێککەوتنێکی ساڵی 1974ی نێوان هەردوو وڵات بگرێتەوە، کە بەشێوەیەکی کاریگەر دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەلایەن ئیسرائیلەوە، پووچەڵکرایەوە.

پێشنیازەکەی ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ میسر لەساڵی 1979 دامەزراوە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەوردەکارییەکان، ئەو ڕێککەوتنە نیمچە دوورگەی سینای بەسەر سێ زۆندا دابەشکردو ڕێکخستنی ئەمنی جیاوازی بەپشتبەستن بەدوورییان لەسنووری ئیسرائیل دیاریکرد.

ڕێککەوتنە نوێیەکە پێویستدەکات سوریا ڕەزامەندی لەسەر ناوچەیەکی فراوانی بێچەک‌و ناوچەی قەدەغەکردنی فڕین لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕازیبێت، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لەو بابەتە هیچ گۆڕانکارییەک لەدیوی ئیسڕائیلدا ناگۆڕێت، بەگوێرەی ئەو پێشنیازە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق بەسەر سێ ناوچەدا دابەشدەکرێت‌و سورییەکان دەتوانن ئاستی هێزو جۆری چەکی جیاواز بەپێی ناوچەکە بپارێزن.

لەپێشنیازەکەدا داوادەکرێت ناوچەی پاراستن بەدوو کیلۆمەتر لەدیوی سوریا فراوان بکرێت‌و لەشریتی تەنیشت ناوچەی پارێزراوو نزیکترین لەسنووری ئیسرائیل لەدیوی سوریاوە ڕێگە بەهێزی سەربازیی‌و چەکی قورس نادرێت، بەڵام ڕێگە بەسوریا دەدرێت هێزی پۆلیس‌و ئاسایشی ناوخۆ بپارێزێت.

هاوکات بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن لەوانە ڕۆیتەرز بڵاویانکردەوە، هەرچەندە سوریا دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی خێراتر دەکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئەمنی‌و هیوادارە ئەو پەیماننامەیە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو خاکانەی کە بەمدواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیراون، بەڵام ڕێککەوتنەکە نابێتە هۆی پەیماننامەیەکی هەمەلایەنەی ئاشتی.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆکان باسیان لەدۆخی بەرزاییەکانی جۆلان نەکردووە، کە ئیسرائیل لەشەڕی 1967دا دەستی بەسەرداگرت، سەرچاوەیەکی سوری کە ئاگادارە لەهەڵوێستی دیمەشق ڕایگەیاندووە، ئەو پرسە "دەخرێتە داهاتووەوە".

گیدۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوەکردبووەوە، هەر "ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ دیمەشق بەمەرجی پاراستنی بەرزاییەکانی جۆلان دەبێت". 


  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

  • ئێران‌و عێراق له‌گفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

  • بۆ ماوه‌ى 10 كاتژمێر نه‌وتى هه‌رێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ به‌نده‌رى جه‌یهان

  • چه‌كه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان به‌كێ ده‌درێن؟

  • ورده‌كاریى یه‌كگرتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریا ئاشكراده‌كرێت.. هه‌سه‌ده‌ سێ فیرقه‌و چه‌ند لیوایه‌كى ده‌بێت

  • بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

  • ئه‌و پێشنیازه‌ى ته‌لئه‌بیب چییه‌ دیمه‌شقى هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌؟

  • ئیسرائیل چاوى له‌شنگال‌و نه‌ینه‌وایه‌.. ئه‌ردۆغان هاوارى لێ هه‌ستا

  • زانیاریى گرنگ‌و نهێنى.. شه‌رع هاوكاریى ئه‌مریكیه‌كان ده‌كات بۆ له‌ناوبردنى كورده‌ جیهادیه‌كانى سوریا

سەرەکی