2025-10-12 8368 جار خوێنراوەتەوە

زانیاریى گرنگ‌و نهێنى.. شه‌رع هاوكاریى ئه‌مریكیه‌كان ده‌كات بۆ له‌ناوبردنى كورده‌ جیهادیه‌كانى سوریا

 لەسەرەتای بەهاری عەرەبی‌و پاشان چڕبونەوەی شۆڕشی سوریا، هەڵمەتێکی بەرفراوانی میدیایی هەبوو، کە هانی گەنجانی دەدا بەرەو یاخیبوون‌و شەڕکردن بڕۆن بەرامبەر ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، بەشێکی زۆر لەگەنجانی کورد کەوتنە ئەو داوى هەواڵگرییە جیهانییە، کە ژمارەیان زیاتربوو لە 500 کەس‌و زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 25 ساڵ دەبوو.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژئاوا بەڕەڵاکرابوون بۆ هاندانی گەنجان‌و بڵاوکردنەوەی بابەتی تیرۆریستی، تائەوکاتەی کە زیانەکەی گەیشتە خۆیان، پاشان یاساکانیان توندکردەوەو سانسۆریان دانا.

ئەو گەنجە کوردانەی چوونە سووریا، زۆربەیان پەیوەندیان بەبەرەی نووسرەی سەر بەقاعیدەوە کرد، کە لەژێر سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی جۆلانیدابوو. لەوکاتەدا، ئەو گروپە توندڕەوەی لەعێراقەوە هاتبوون، بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر بەغدادی، داعشیان دامەزراند، بەشێکی زۆر لەو گەنجە کوردانە لەبەرەی نوسرە دابڕان‌و کەوتنە داوی دووەمی هەواڵگری جیهانییەوەو پەیوەندیانکرد بەداعشەوە.

زۆربەی ئەوانەی ناو داعشیش کوژران، پاش تەفروتوناکردنی ڕێکخراوەکە؛ بەشێکیشیان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام، ئەوانەی لەناو بەرەی نوسرەدابوون، هەندێکیان تائێستا ماون، زۆرێکیان بەماڵ‌و منداڵەوە چوون، یاخود لەوێ ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، ئێستا لەئیدلیبن.

بەرەی نوسرە لەساڵی 2012 لەلایەن ئەبو محەمەد جۆلانییەوە دامەزراوە، وەکو ڕێكخراوێکی ناڕاستەوخۆی سەر بەقاعیدە.

لەساڵی 2013دا، جیهادییەکی عێراقی، بەناونیشانی ئەبوبەکری بەغدادی، هەڵدەستێ بەڕاگەیاندنی ڕێکخراوێکی دیکە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق‌و شام، (داعش)و نوسرەی پێوە ئەلکێنێ، ئەوکارەی بەغدادی دووربوو لەخواستی ئەیمەن زەواهیری‌و سەرکردەکانی دیکەی قاعیدەوە ئامانجی ڕێکخراوەکەش تەواو جیاوازبوو لەئامانجەکانی قاعیدە.

بۆیە لەساڵی 2013 بەشێوەیەکی فەرمی نوسرە وەک بەشێک لەقاعیدە خۆی دەناسێنێ، پاش ئیدانەکردنی داعش‌و فەرمانکردنی بەهەڵوەشاندنەوەی لەلایەن ئەیمەن زەواهیریەوە.

ئەو هەنگاوەی جۆلانی ڕێگه‌ی لەتواندنەوەی نوسرە لەپاش داعش گرت، لەساڵی 2016، جۆلانی، وەک دەوترێ لەژێر کاریگەری قەتەرو تورکیا، خۆی لەقاعیدە بێبەریکردو بەشێک لەسەرکردایەتی نوسرە بەمە ڕازینەبوون؛ تەنانەت هەندێکیان، لەڕووداوی تەمومژاویدا، پێش هەڵوەشاندنی نوسرەو دامەزراندنی جەبهەتول فەتحول شام، کوژران، کە لەنێویاندا کورد هەبوون.

نوسرە لەژێر سەرکردایەتی جۆلانی هەمیشە بەهێزترین‌و بەدیسپلینترینی گروپە چەکدارییەکانی سووریا بووە، خۆ نوێکردنەوەی ڕێکخراوەکەی جۆلانی بەبەرزو نزمی زۆردا ڕۆشتووە، خۆ تازەکردنەوەی بووه‌تە هۆی لێکجیابوونەوەو شەڕ لەگەڵ ئەو گروپە جیهادییانەی دیکە کە دژبەری نوێبوونەوەبوون، یەکێک لەو گروپانەش کە کێشەی زۆری دروستکردووە، ئەنسارولئیسلام بووە.

کوردەکانی ناو گروپە جیهادییەکانی سوریا ڕێکخراوی بچووک بچووکیان پێکهێناوە، نموونەی ئەو ڕێکخراوانە بریتیین لەلیوای سەڵاحەدینی ئەیوبی سه‌ر به‌سوپای ئازاد، کەتیبەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی، کەتیبەکانی نەوەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی، پێشەوەی ئیسلامی کوردی، بزووتنەوەی سەڵاحەدین کوردی، لەهەموویان گرنگتر لەناو ڕێکخراوە جیهادییەکان، ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلامه‌.

ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلام بەگشتیی ئەندامەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئەوانی دیکە زۆربەی ئەندامەکانیان خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانن، بەڵام تاک تاک ئەندامی هەرێمی کوردستانیان هەیە، ساڵی 2014 زیاتر لە50 ئەندام‌و سەرکردەی ڕێکخراوەکە لەپاڵ گروپە جیهادییەکانی سوریا كشانه‌وه‌و پەیوەندییان كرد بەداعشەوەو تەنانەت هەندێکیان بوون بەئەمیر لەناو داعش، بۆ نموونە، ئەبو خەتاب کوردی کە یەکێکبووە لەسەرکردەکانی شەڕی کۆبانێ، گروپەکە لەپاڵ داعش زیانی زۆر به‌ركه‌وت‌و بەشێکی زۆریان كوژران، بەڵام تائێستاش ناوەناوە كرده‌وه‌و جوڵه‌ى چه‌كداریى توندڕه‌وییان هه‌ر ماوه‌.

لەسوریا، ئەوانەی مانەوە بەردەوامبوون لەشەڕکردن لەپاڵ گروپەکانی دیکەو ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لەشەڕی حەلەب لەساڵی 2016 تا ساڵی 2018ش، لەشارەکانی دیکەی سووریا چالاکیان هەبووه‌و هێرشیاندەکردەسەر پێگەکانی حکومەت، تەنانەت لەلازقییەش، کە گروپەکە چەندین چالاکی گەورەیان ئەنجامداوە.

ساڵی 2018 ڕێکەوتنی سوچی لەنێوان تورکیاو ڕووسیا ئەنجامدرا، تیایدا بڕیاردرا زۆنێکی ئەمنی لەسوریا دروستبکرێت، زۆنێکی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی تورکیاو سووریادا، ساڵی 2019، سوپای سوریا ڕێکەوتنەکە پێشێلدەکات‌و هێرشدەکاتەسەر ئیدلیب، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکەدا، جۆلانی‌و هاوپەیمانیەکانی ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکدەهێنن‌و بڕیاردەدەن، لەدەرەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ژورەکە، هیچ چالاکییەکی سەربازی ئەنجامنەدرێت، بەمەش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لەڕێکخراوەکەی جۆلانی یەکدەخرێن‌و وەڵامی هێرشەکانی سوپای سوریا دەدەنەوە.

ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلام، جیاواز لەبەرەی تەحریر ئەلشام، لەساڵی 2018 ژورێکی ئۆپەراسیۆنی جیاواز دەکەنەوە، لەگەڵ چەند گروپێکی دیکەی جیهادی نزیک لەقاعیدە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ڕێکەوتننامەی سوچی‌و ڕێگریکردنیان لەدانانی چەک‌و ئەنجامنەدانی چالاکی سەربازیی.

ئەنسارولئیسلام بەردەوامدەبێت لەچالاکی سەربازیی‌و دانانی بازگەی سەربازیی، ئەم یاخیبوونەی ئەنسارولئیسلام، جۆلانی زۆر نیگەراندەکات کە سەرکردەی ڕەهایی ئیدلیبەو زۆربەی گروپە چەکدارەکانی لەژێردەستە، جگەلەوەش، ئەنسارولئیسلام خاوەنی توانایەکی بەهێزیی ڕێکخراوەیی بوو، کە ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەسەندندابوو، هەروەها جۆلانی حەزی بەوەدەکرد، کوردان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بکەن بەگروپەکەی خۆیەوە، کە ڕەنگە دواتر سوودی زۆریان هەبێت، بەتایبەت لەئەگەری بوونی شەڕ لەناوچە کوردیەکان، هەربۆیە، لەساڵی 2021 کە دیارە ئامانجێکی گەورەی لەپێشە، دەستدەکات بەپاکتاوکردنی گروپەکە.

وەکو لەو سەردەمەدا بڵاوکرایەوە، پاکتاوکردنەکەی جۆلانی بەرامبەریان «دڕندانە» بووە، هەموو سەرکردەکانیان دەستگیردەکرێن‌و هیچ سڵناکرێتەوە لەشێوازی دەستگیرکردنیشیان، نموونەی یەکێک لەوانە کە بڵاوکراوەتەوە، دەستگیرکردنی ئەبو دەردا ئەلکوردیە، کە وەک دەوترێ دووەم بەهێزترین کەسی گروپەکە بووە، ئەبو دەردا لەشاری حارم لەڕۆژئاوای ئیدلیب گیراوە، کاتێک دەزگا ئەمنییەکانی هەیئەی تەحریر ئەلشام بەسەیارە دوای دەکەون، لەسەر ماتۆڕسکیلێک دەبێت لەگەڵ منداڵە تەمەن چوار ساڵەکەی؛ داوای لێدەکەن بوەستێ، بەڵام ناوەستێ، بۆیە بەتوندی خۆیان دەکێشن بەماتۆڕەکەیداو خۆیی‌و منداڵە چوار ساڵەکەی برینداردەکەن.

چەکدارەکانی تەحریر ئەلشام ڕاستەوخۆ منداڵەکە دەگەیه‌ننە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی ئەوان بیبەنە خەستەخانە، پاش ئەوانیش، عەبدولڕەحمان ئەلکوردی سەرکردەی ڕێکخراوەکە دەستگیردەکرێت، لەگەڵ ئەمیرەکانی تری بەناوەکانی: عەبدولمەتین ئەلکوردی، خەتاب ئەلتورکی، ئەبو عەمار ئەلکوردی، موغەیرە ئەلکوردی، توراب ئەلکوردی، ئەبو موسلیم ئەلکوردی‌و چەندین ئەندام تاوەکو ڕێکخراوەکە بەتەواوەی لەچالاکی دەکەوێت‌و لەچەک دادەماڵدرێن.

 ئەم پاکتاوکردنەی ئەنسارولئیسلام کوردەکانی ئیدلیب نیگەراندەکات، بۆیە جۆلانی پاش چەند ڕۆژێک دەستدەکات بەهەڵمەتێکی ئاشتکردنەوەیان، لەمانگی 6ی ساڵی 2021، لەگەڵ جیهادییە کوردەکان، لەیەکێک لەمزگەوتەکانی ئیدلیب کۆدەبێتەوە، بەئامادەبوونی چەند سەرکردەیەکی بەهێزی دیکەی تەحریر ئەلشام، وەک ئەبو حەسەن ئەلحەماوی سەرکردەی باڵی سەربازیی، لەو کۆبوونەوەیدا، جۆلانی بیرو ئامانجی تەحریر ئەلشام بۆ کوردەکان ڕووندەکاتەوەو دڵنیاییان دەداتێ کە تەحریر ئەلشام هەموو بزووتنەوە ئیسلامی‌و نەتەوەییەکان کۆدەکاتەوەو داوای هاوکاریی‌و پشتیوانیان لێدەکات.

لەئێستادا هیچ ئامارێک نییە ژمارەی کوردەکانی ئیدلیب دیاریی بکات، بەڵام ئەوەی ڕوونە، لەناو گروپە جیهادییەکاندا، کورد پلەو پۆستی باڵایان بەدەستهێناوەو ڕەنگە لەداهاتووی سوریاشدا، کاریگەریان هەبێ.

دواى چوار ساڵ له‌هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌بوده‌رداو برینداركردنى خۆیى‌و منداڵه‌كه‌ى، هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، درۆنێكى ئه‌مریكى، ئه‌بوده‌رداى له‌شارى ئیدلب به‌ئامانجگرت، سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌حمه‌د شه‌رع (جۆلانى) ناونیشانى ئه‌و جیهادییه‌ى به‌ئه‌مریكا داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ناوى ببات.

سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ یەکەمجار نییە کە درۆنی ئەمریکا لەبه‌رپرسه‌ باڵاكانى ئەنسارولئیسلام یان گروپە جیهادیەکانی تر بدات‌و له‌ناویان ببات، هەمیشە گومان لەتەحریر شام‌و خودى جۆلانی هەبووە کە شوێنی سەرکردە جیهادیەکان دەداتە ئەمریکا تا گروپەکانی تر لاوازتربکات‌و گروپەکەی خۆی لەهەموویان بەهێزترببێت. 

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

  • ئێران‌و عێراق له‌گفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

  • بۆ ماوه‌ى 10 كاتژمێر نه‌وتى هه‌رێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ به‌نده‌رى جه‌یهان

  • چه‌كه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان به‌كێ ده‌درێن؟

  • ورده‌كاریى یه‌كگرتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریا ئاشكراده‌كرێت.. هه‌سه‌ده‌ سێ فیرقه‌و چه‌ند لیوایه‌كى ده‌بێت

  • بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

  • ئه‌و پێشنیازه‌ى ته‌لئه‌بیب چییه‌ دیمه‌شقى هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌؟

  • ئیسرائیل چاوى له‌شنگال‌و نه‌ینه‌وایه‌.. ئه‌ردۆغان هاوارى لێ هه‌ستا

  • زانیاریى گرنگ‌و نهێنى.. شه‌رع هاوكاریى ئه‌مریكیه‌كان ده‌كات بۆ له‌ناوبردنى كورده‌ جیهادیه‌كانى سوریا

سەرەکی