9   کاتژمێر پێش ئێستا 3198 جار خوێنراوەتەوە

هه‌شت ملیۆن ده‌نگ له‌عێراق دیار نامێنێت.. داتاكان گومانى دروستكردووه‌

لەعێراق‌و هه‌رێمى كوردستان، ئاڵۆزیی‌و نادروستی لەداتاو ژمارەکاندا دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام کێشەیەكى گه‌وره‌ له‌و ڕووه‌وه‌ لەژمارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا ڤه‌قتربووه‌ته‌وه‌.

ڕۆژى 11ى مانگى داهاتوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەده‌چێت، بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران لەسەرتاسەری عێراقدا گەیشتووەتە 21 ملیۆن‌و 404 هەزارو 291 کەس.

ئه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، تەنها شەش مانگ لەمەوبەر، واتە لەمانگی ئاداری ڕابردوو، کۆمسیۆن وتى، ژمارەی ئەوکەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 29 ملیۆن کەسە.

ئەمەش بەواتای ونبوونی نزیکەی هه‌شت ملیۆن دەنگدەر دێت لەم ماوە کورتەدا، کە پێویستی بەوردبوونەوە هەیە، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ساڵى 2021 سێ ملیۆن دەنگدەری ونبوو هه‌بوو.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەمە یەکەمجار نییە کە ژمارەی دەنگدەران بەمشێوەیە دەگۆڕدرێت، لەهەڵبژاردنەکانی 2021یشدا، پێش چەند مانگێک لەوادەی دەنگدان، کۆمسیۆن باسی 25 ملیۆن کەسی دەکرد کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام دواتر لەبەڵگەنامەکانی دوای هەڵبژاردن، دەرکەوت کە ژمارەی دەنگدەران تەنها 22 ملیۆن بووە، واتە سێ ملیۆن دەنگدەر هەژمار نەکراون، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتبوو، بۆیە تەنها ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان هەبووەو وەرگرتووە، وەک دەنگدەر هەژمارکران.

دوای چوارساڵ لەهەڵبژاردنەکانی 2021، ژمارەی ئەوکەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (25 ملیۆن کەس)، چوار ملیۆن کەسی دیکەی لێ زیادبوو کە لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2007 لەدایکبوون‌و گەیشتوونەتە تەمەنی 18 ساڵی، ئەم چوار ملیۆن کەسە، لەگەڵ 25 ملیۆنەکەی پێشوو، ژمارەی گشتیی ئەوکەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەکاتە زیاتر لە 29 ملیۆن کەس.

ئەمەش هۆکاری ئەوەبوو کە کۆمسیۆن لەمانگی ئاداری ڕابردوو ڕایگەیاندبوو ژمارەی ئەوکەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە 29 ملیۆن کەسە.

لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا (2021)، کۆمسیۆن ڕێگەی بەوکەسانەدابوو کە کارتی بایۆمەترییان نییە، بەڵام کارتی ئەلیکترۆنی کورتخایەنیان هەیە، دەنگبدەن، ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر لە 7.5 ملیۆن کەس بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی 2025، مافی دەنگدان بەکارتە کورتخایەنەکان هەڵوەشێنراوەتەوە.

ئەمەش بەو واتایە دێت کە تەنیا 17.5 ملیۆن دەنگدەر کە کارتی بایۆمەترییان هەبوو، لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا مافی دەنگدانیان هەبوو.

کۆمسیۆن پێیوابوو کە 7.5 ملیۆن خاوەن کارتی کورتخایەن، لەگەڵ چوار ملیۆن دەنگدەری نوێ (کە بەگشتی دەکاتە 11.5 ملیۆن کەس) کارتی بایۆمەتری خۆیان نوێدەکەنەوە، ئەم ژمارەیەش لەگەڵ 17.5 ملیۆن دەنگدەرەکەی پێشوو، کۆی گشتی دەنگدەرانی دەگەیاندە زیاتر لە 29 ملیۆن کەس.

بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوەیە کە تەنها چوار ملیۆن کەس لەو 11.5 ملیۆن کەسە کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە، واتە تەنها 17.5 ملیۆن دەنگدەری پێشوو لەگەڵ چوار ملیۆن دەنگدەری نوێ، ژمارەی گشتیی دەنگدەران دەگاتە 21.5 ملیۆن کەس، بەمشێوەیە، نزیکەی هه‌شت ملیۆن دەنگدەر لەلیستەکەدا "ونبوون".

لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لەو 21.5 ملیۆن دەنگدەرە، 3.5 ملیۆنیان هێشتا کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووە، ئەگەر تا کاتی هەڵبژاردن وەرینەگرن، ئەوانیش لەلیستەکە دەردەچن‌و ژمارەی دەنگدەرانی هەژمارکراو تەنها دەگاتە 18 ملیۆن کەس، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن دەبێت، چونکە ئەگەر ژمارەی بەشداربووان وەک هەڵبژاردنەکانی 2021 بێت (نزیکەی نۆ ملیۆن)، ئەوا ڕێژەی بەشداریکردن بەرزدەردەکەوێت، تەنانەت ئەگەر ژمارەی ڕاستەقینەی بەشداربووانیش کەم بێت.

  • نه‌ورۆزى سلێمانى تووشى نه‌خۆشییه‌كى قورس بووه‌.. ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانى به‌ڕێده‌كات

  • چیرۆکی دورخستنەوەی خێزانێك له‌هه‌ڵبژاردن... یاساى ئه‌رژه‌نتین چییه‌و بۆ له‌عێراق كارى پێده‌كرێت؟

  • هه‌شت ملیۆن ده‌نگ له‌عێراق دیار نامێنێت.. داتاكان گومانى دروستكردووه‌

  • ئەحمەد شەرع، شوێنی بەشار ئەسەد دەگرێتەوە بۆ ڕووسیا؟

  • پوتن‌و شه‌رع كۆبوونه‌وه‌... باسى چییان كرد؟

  • هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل

  • ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریده‌دات‌و لامه‌ركه‌زى به‌بنه‌ماى دانوستانه‌كان داده‌نێت

  • واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هه‌سه‌ده‌..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

سەرەکی