8   کاتژمێر پێش ئێستا 5647 جار خوێنراوەتەوە

چیرۆکی دورخستنەوەی خێزانێك له‌هه‌ڵبژاردن... یاساى ئه‌رژه‌نتین چییه‌و بۆ له‌عێراق كارى پێده‌كرێت؟

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، مشتومڕ لەسەر بڕیارەکانی قه‌ده‌غه‌ى به‌شداریكردن له‌هەڵبژاردنەکان زیاتر دەبێت، ئەم بڕیارانە لەکۆتایی مانگی ئابەوە کاریگەرییان لەسەر سەدان کاندید هەبووەو تائێستاش بەردەوامن، هەرچەندە تەنها چەند هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردن. 

لەنێو شەپۆلی بێبەشکردنی مافەکان، چیرۆکی سەرۆکی پارتی نیشتمان‌و پەرلەمانتاری پێشوو، سیاسەتمەداری مشتومڕاوی مه‌شعان جبوری، سەریهەڵداوە، ئەم چیرۆکە بۆ زۆر کەس سەیرە، چونکە تەماحی خێزانەکە بۆ ئەوەی سێ پەرلەمانتاریان هەبێت، لەشەوێکدا کۆتاییهات‌و کوڕو کچ‌و باوکەکە لەبڕیارە یەک لەدوای یەکەکاندا دوورخرانەوە.

لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا، مه‌شعان جبوری سیاسەتمەدار لەتەلەفزیۆنه‌وه‌ دەرکەوت‌و ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوژین‌و کچەکەی کە لەپەرلەمان لەلای ڕاستی دەبێت‌و کوڕه‌كه‌شى لەپەرلەمان لەلای چەپی دەبێت، خۆی بۆ پەرلەمان کاندید دەکات، به‌ڵام نه‌ كچه‌كه‌یى‌و نه‌ كوڕه‌كه‌شى بەختیان نەبوو سەربکەون بۆ پەرلەمان‌و ته‌نها مه‌شعان کورسییەکی بەدەستهێنا، بەڵام بەفەرمانی دادگا بەخێرایی لەپۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی تۆمەتەکانی بە "ساختەکردنی ئەو بڕوانامەی قوتابخانەی ناوەندی کە بە مەبەستی خۆکاندیدکردن پێشکەشی کۆمسیۆنى کردبوو".

لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025دا مه‌شعان جبورى بڕیاریدا لەکێبڕکێکە بکشێتەوە لەبەرژەوەندیی کوڕەکەی کە هاوپەیمانییەکی سیاسی بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی دیالەو سه‌ڵاحه‌دین‌و نەینەوا پێکهێنابوو، بەڵام هەر زوو کاندیدبوونی كوڕه‌كه‌شى ڕەتکرایەوە بەهۆی فەرمانی دادگاو جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی هەڵسوکەوتی باش لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ئه‌و مافه‌ى لێسەندرایەوە.

هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاندیدکردنی هاوزین‌و كچه‌كه‌ى مه‌شعان جبوریشى ڕەتکردەوە، بەمەش خەونی ئەو بنەماڵەیە بۆ چونه‌ په‌رله‌مان به‌ته‌واوى له‌ناوبرا.

یەزان مه‌شعان لەساڵی 2024 زیندانیکرا، دوای ئەوەی تۆمارێکی دەنگی کە دەگەڕێتەوە بۆ كاتێك باسى بەرتیل‌و زەوتکردنی پارەی کردووە لەکاتێکدا وەک ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاریکردووە.

هەرچەندە یەزان سكاڵاى تۆمارکرد، بەڵام وەڵامەکە بێبەشکردنی پۆستەکەی پشتڕاستکردەوە، لەئەنجامیشدا مه‌شعان جبورى بڕیاریدا خۆی لەبری کوڕەکەی کاندید بکات، بەڵام ئەمەش بەخێرایی ڕەتکرایەوە، لەئەنجامدا هیچ ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە نوێنەرایەتی پەرلەمانی وەرنەگرت.

لەیەکەم وەڵامیدا بۆ بڕیاری دوورخستنەوەی لەکاندیدکردن، جبوری لەپۆستێکیدا لەماڵپەڕی “X” ڕایگەیاند، “ئێمە کاغەزی کاندیدکردنمان پێشکەشکرد لەسەر بنەمای بڕیاری کۆمسیۆن بۆ وەرگرتنی جێگرەوە بۆ ئەوانەی کە دوورخراونەتەوە، هەروەها چوونە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانمان ڕاگەیاند، بەڵام سەرمان سوڕما لەبڕیارەکەی کۆمسیۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی بەبیانووی هۆکاری تەکنیکی، لێرەدا پرسیارێک دەکەین کە ئەم هۆکارانە لەکوێ بوون كه‌ لەبەرچاو گیراوە، ئێمە جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌ڵگه‌شمان هه‌یه‌ بڕیاره‌كان له‌سه‌ر ئێمه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌، بڕیارى خۆپەرستانەى ئەوکەسانەیه‌ كه‌ له‌دەسەڵاتدان‌و وەدەرنانی ئێمەیان وەک قازانجێک بۆ کاندیدەکانیان بینیوە”. 

هەروەها لەپۆستێکی دیکەدا جەختیکردەوە، "تەنانەت ئەگەر ئەوان دوریشمان بخه‌نه‌وه‌، نامانکاتە دوژمن كۆمسیۆن، چونکە ئێمە تێدەگەین کە ئەوەی ئەوان دەیکەن گوزارشت لەقەناعەتەکانیان ناکات، بەڵکو زیاتر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەرژەنتینه‌".

باسكردنى فه‌رمانه‌كانى ئه‌رژه‌نتین مشتومڕى له‌ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كاندا دروستكردووه‌و ده‌ڵێن دوورخستنه‌وه‌ى مه‌شعان جبورى چى په‌یوه‌ندیى به‌ئه‌رژه‌نتینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌عێراقه‌وه‌ نییه‌و هیچ كاتێكیش ده‌ستوه‌ردانى نه‌كردوه‌.

ئیراده‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و ڕوه‌وه‌ قسه‌یكرد، ده‌ركه‌وت، ئەو زاراوەیە (ئه‌رژه‌نتین) یەکەمجار له‌لایه‌ن عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووترى عێراقه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ كاتێك وتوویه‌تى، "ماددە هۆشبەرەکان لەڕێگەی ئەرژەنتینەوە دێنه‌ ناو عێراقەوە".

له‌و به‌دواداچوونانه‌ى ئیراده‌ كردى باس له‌وه‌كرا، ئه‌وكات سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یوێراوه‌ بڵێت، ماددە هۆشبەرەکان لەڕێگەی ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ ناو عێراقەوە، به‌ڵكو وتوویه‌تى ئه‌رژه‌نتین، له‌كاتێكدا ئێران هه‌م دراوسێى عێراقه‌و هه‌میش سه‌رچاوه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌ له‌ناوچه‌كه‌داو ئەرژەنتینیش وڵاتێکی دوورە، بەکیشوەرەکان‌و زەریاکان‌و دەریاکان لەعێراق جیاکراوەتەوە". 

تائێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە750 کاندیدی لەکێبڕکێی هەڵبژاردنی داهاتوو بێبەشکردووە، کە کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقیشیان لەخۆگرتووە، وەدەرنانی ئەوان مشتومڕی سیاسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، دیارترینیان پەرلەمانتاری سەربەخۆ سەجاد سالمه‌.

مه‌شعان جبوری سیاسەتمەدارێکی مشتومڕاوییەو دژایەتی ڕژێمی سەدام حوسێنی دەکردو لەتەلەفزیۆنەکاندا ده‌رده‌كه‌وت، دوای ساڵی 2003 گەڕایەوە عێراق‌و پارێزگاری نەینەوا بوو، پاشان گروپێكى سیاسی پێکهێنا بەناوی بزووتنەوەی ئاشتەوایی‌و ڕزگاری، کە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006ی کردو سێ کورسی بەدەستهێنا پێشئەوەی پارێزبەندییەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە لەوکاتەدا هەڵبگیرێت.

دواتر جبوری لەدژی ڕژێم گەڕایەوە بۆ سوریاو کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بە ناوی "ئەلزەورا" دامەزراند، دواتر گۆڕیی بۆ ئەلرای‌و لەساڵی 2012 گەڕایەوە عێراق، دوای ئەوەی لەگەڵ نەیارەکانی ئاشت بووەوە، دیارترینیان نوری مالیکی بوو.

 پاشان مه‌شعان جبوری پەیوەندی بەحه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ کردو لەساڵی 2014 گروپێكى چەکداریی پێکهێنا، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ژمارەیەک پارێزگادا گرت، کوڕەکەی مه‌شعان سەرکردایەتی ئەو گروپه‌ى گرتە ئەستۆو هاوكارییه‌كى زۆر ده‌كرا له‌لایه‌ن ئەبومەهدی موهەندیسه‌وه‌.

  • نه‌ورۆزى سلێمانى تووشى نه‌خۆشییه‌كى قورس بووه‌.. ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانى به‌ڕێده‌كات

  • چیرۆکی دورخستنەوەی خێزانێك له‌هه‌ڵبژاردن... یاساى ئه‌رژه‌نتین چییه‌و بۆ له‌عێراق كارى پێده‌كرێت؟

  • هه‌شت ملیۆن ده‌نگ له‌عێراق دیار نامێنێت.. داتاكان گومانى دروستكردووه‌

  • ئەحمەد شەرع، شوێنی بەشار ئەسەد دەگرێتەوە بۆ ڕووسیا؟

  • پوتن‌و شه‌رع كۆبوونه‌وه‌... باسى چییان كرد؟

  • هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل

  • ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریده‌دات‌و لامه‌ركه‌زى به‌بنه‌ماى دانوستانه‌كان داده‌نێت

  • واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هه‌سه‌ده‌..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

سەرەکی