10 کاتژمێر پێش ئێستا
305 جار خوێنراوەتەوە
لە پشتی پەردەوە
چین و روسیا بەمشێوەیە هاوكاری ئێرانیان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل
ناوەندی هەواڵ
ئێران بە تەنها جەنگ دژی ئەمریكا و ئیسرائیل ناكات، بەپێی رۆژنامەی "ئیندیپێندینت"ی ئیسپانی لە پشتی بەرگریی ئێرانەوە تۆڕێكی هاوكاری سەربازیی شاراوە هەیە.
بەوتەی ئەو رۆژنامەیە، مۆسكۆ و پەكین ئەو دوو هێزەن ساڵانێكە لە هەوڵی بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی ئێراندان، كە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە دەستیپێكرد تا گەیشتە تەكنیكەكانی هەواڵگری لە رێگەی مانگی دەستكردەوە و ئاڕاستەكردنی موشەك.
ئامانجی هاوبەشی تاران و مۆسكۆ و پەكین، وەستاندنی پێشكەوتنی سەربازیی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئاشكرایە بۆ ئەم هاوكاریانە سنورێك هەیە.

دوژمنی هاوبەش
بەگوێرەی ئەو رۆژنامە ئیسپانییە، نزیكبوونەوەی ستراتیژی نێوان ئێران و روسیا و چین، لەسەر بنەمای نزیكبوونەوەی ئایدۆلۆجی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەشە، كە ئەویش ئەمریكا و سیستمی نێودەوڵەتی هاوپەیمانیەتی لە ڕۆژئاوا.
سزای ئابوری و فشاری دیپلۆماسی، لەگەڵ ململانێ هەرێمییەكان وای لەو سێ دەوڵەتە كردووە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ هاوكاریكردنی یەكتر لەم ساڵانەی دواییدا.
ئێران لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا لە ساڵی 2022 پەیوەندیەكانی لەگەڵ روسیا بەرەوپێش برد، چونكە مۆسكۆ پێویستی بە چەكی هەرزان بوو بۆ بەردەوامبوونی جەنگ، ئەمەشی لە ئێران دۆزییەوە، باس لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهیدی ئێرانی دەكەین لەگەڵ موشەكی بالیستی كورتمەودا، كە بەردەوام ژێرخانی ئۆكرانیا دەكاتە ئامانج.
روسیا لەلایەن خۆیەوە دەرگای سیستمی سەربازیی لەبەردەم ئێراندا كردووەتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، روسیا فڕۆكەی جۆری یاك-130 ی راهێنان و هێلیكۆپتەر و زرێپۆشی لەگەڵ چەكی مامناوەند ناردووەتە ئێران.
جگە لەوەش روسیا ئەزمون و پسپۆڕی لە بواری ئاسایشی سیبرانی و جەنگی ئەلكترۆنی و چاودێری، لەگەڵ ئێران هاوبەشی پێكردووە، بەپێی سەرچاوە هەواڵگریەكانی رۆژئاوا روسیا وێنەی مانگی دەستكرد و داتاكانی جوڵەی هێزەكانی ئەمریكای لە كەنداو پێشكەش بە ئێران كردووە، هەروەها زانیاریی زۆر گرنگی پێشكەش بە ئێران كردووە كە خزمەت بە توانای هێرشبردنی ئەو وڵاتە دەكات.
ئەم ئاڵوگۆڕە بێبەرامبەر نەبووە، ئێران هەزاران درۆن و موشەكی داوەتە روسیا، كە تێچووەكەی ملیاران دۆلار بووە، ئەمەش هاوكاری مۆسكۆی كردووە لە بەردەوامیی جەنگ و بە ئامانجگرتنی سەربازان و ناوچە ستراتیژیەكانی ئۆكرانیا.

هاوكاری هەواڵگری سەربازیی یەكێكە لە گرنگترین لایەنەكانی ئەو هاوكارییە هەستیارە، مانگە دەستكردەكانی روسیا زانیاریی هەستیاریان پێشكەش بە ئێران كردووە لەسەر پێگەی هێەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئێران سیستمێكی دیاریكراوی مانگی دەستكردی هەیە، بۆیە ئەو زانیاریانە زۆر گرنگن بۆ ئێران.
جگە لەوەش روسیا تەكنیكی ئەلكترۆنی پێشكەش بە ئێران كردووە، كە بتوانێت كێشە بۆ سیستمی ڕادار و دەریاوانی ئەمریكا دروست بكات، لەبەرامبەردا مۆسكۆ خۆی بواردووە لەپێدانی هەندێك سیستمی زۆر پێشكەوتوو كە تاران لە ساڵانی رابردوودا داوای كردووە وەكو فڕۆكەی "سو 35" و سیستمی "ئێس 400" ی دژە موشەك، چونكە روسیا نایەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو تێكبدات.
رۆڵی نهێنی
رۆژنامەی "ئیندیپێندینت" ی ئیسپانی باس لەوە دەكات، چین رۆڵێكی كەمتر روونی هەبووە بەڵام رۆڵەكەی گرنگ بووە، بە درێژایی ساڵان پەكین بەشداری كردووە لە نوێكردنەوەی لایەنە سەرەكیەكانی ژێرخانی تەكنەلۆجی ئێران، لەوانەش رادار و دەریاوانی لە رێگەی مانگی دەستكرد و سیستمی ئەلكترۆنییەوە.
یەكێك لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی ئەم هاوكارییە، دەستگەیشتنی ئێران بووە بە سیستمی دەریاوانی لە رێگەی مانگی دەستكردەوە كە ناوی "بیدو" ە، ركابەری سیستمی دیاریكردنی شوێنی ئەمریكا "جی پی ئێس" دەكات، ئەم سیستمە هاوكاری ئێرانی كردووە لەوەی بە وردی ئامانجی موشەك و درۆنەكانی دیاری بكات، جگە لەوەی روبەڕووی "تەشویش" واتە ژاوەژاو و تێكدانی ئەلكترۆنی بووەتەوە.
بەشێك لە توێژەران باس لەوەدەكەن، وردی ئامانجپێكانی موشەك و درۆنەكانی ئێران لەم جەنگەدا، پەیوەستە بەو نوێكردنەوە تەكنەلۆجیەی چین پێشكەشی ئێرانی كردوە.
جگە لەو سیستمە پێشكەوتووە بۆ دیاریكردنی شوێن، چین هەروەها راداری پێشكەوتووی داوەتە ئێران كە بۆ ئاشكراكردنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئەمریكا بەتایبەتیش "بی 2" یان شەبەح بەكاریدەهێنێت، جگە لەوەی لە جەنگی ئاسمانیدا سودی لێبینیوە. بەڵام زۆربەی ئەم هاوكاریانە درێژخایەن و نهێنی بوون.
هەرچەندە ئەم هاوكارییە سەربازیی وهەواڵگری و تەكنیكیانەی چین و روسیا بۆ ئێران لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی هێز بووە و هەردوولایان پێویستیان بە هاوبەشی ئێرانە لەڕووی ستراتیژییەوە، بەڵام هەریەكەیان نایانەوێت بەرژەوەندیە هەرێمیەكانیان لەپێناو ڕزگاركردنی رژێمی ئێران بخەنە مەترسییەوە.

-
|
-
ئاگربەست لەنێوان مەرجەكاندا گیری خواردووە
|
-
كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق؛ سەرەتا یان كۆتایی!
|
-
عەبدوڵا ئۆجەلان نەشتەرگەری بۆ كراوە؛براكەی سەردانی كردووە و باسی تەندروستی دەكات
|
-
وردەكاری هێرشە موشەكیەكان بۆسەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە هەولێر
|
-
نامەوێت موجتەبا بكوژرێت؛ ترەمپ: دەمەوێت لەگەڵ ئێران رێكبكەوم
|
-
گرەوی ئیسرائیل لەسەر یاخیبوونی ناوخۆیی لە ئێران
|
-
ئیدارەی ترەمپ شەش خاڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەكات
|
-
راپۆرتی رۆژنامەكانی توركیا: ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەكرێن
|
|
|
|