بنکەیەکی ئەتۆمیی لە ئێران
2 کاتژمێر پێش ئێستا
133 جار خوێنراوەتەوە
ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت
ناوەندی هەواڵ
جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا زیاتر لە مانگێكی تێپەڕاندووە و كەوتووە نێو مانگی دووەمەوە، هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و هێرشی ئێرانیش بۆسەر بنكە ئەمریكیەكان لە وڵاتانی ناوچەكە و ئیسرائیل بەردەوامن، ئەمریكا تادێت هێزی زیاتر دەنێرێتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانیش هۆشداری دەدات كە هێزە زەمینیەكانی ئەمریكا دەسوتێنێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێرشی گروپە چەكدارەكان و سوپای پاسداران بۆسەر هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

یان ڕێككەوتن یان نەمان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەگەرچی دڵنیایە لە ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران. بەڵام هۆشداریش دەدات كە دەبێت تاران بە تەواوەتی دەستبەرداری چەكی ئەتۆمیی ببێت.

هەڵمەتی دەستگیركردن
هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگەكە، دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنیەكانی ئێران، بەردەوامن لە دەستگیركردنی خەڵك بە پاساوی جیاواز، بەتایبەت لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی هەنگاو تەنها لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا پێنج هاوڵاتی لە شاری سەقز بەتۆمەتی بەكارهێنانی ئینتەرنێتی مانگی دەستكرد "ستارلینك" و سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل دەستگیركراون.

هێرش بۆسەر لوبنان
لەلایەكی ترەوە، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەكان بۆسەر تاران و شارە جیاوازەكانی ئێران، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشكردنەسەر لوبنان، بەتایبەت ناوچەی "بەراشیت" و ناوچەی "حەناوییە" لە باشوری وڵاتەكە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە هەزار كەسی مەدەنی لە لوبنان كوژراون. دەیان هەزار كەسیش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.

ماڵی بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەینە ئامانج
ئیبراهیم زوڵفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران، هەڕەشەی ئەوە دەكات لەمەودوا ماڵی تایبەتی بەرپرسە سەربازییەكان و بەرپرسە سیاسیەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەنە ئامانج.

ئامارەكانی جەنگ
رێكخراوی تەندروستی جیهانی نوێترین ئاماری قوربانیانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا لەگەڵ ئێرانی بڵاوكردووەتەوە، بەپێی ئامارەكە زیاتر لە سێ هەزار كەس بەهۆی ئەم جەنگەوە كوژراون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 95% یان لە ناو خاكی ئێران و لوبنانن، جگە لەوەی سێنتكۆم كوژرانی 13 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 300 سەربازی ئەمریكی ڕاگەیاندووە.

بژاردەی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ئێران بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم
بەپێی میدیا ئەمریكیەكان، كۆشكی سپی بژاردەی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو خاكی ئێران تاوتوێ دەكات، بەمەبەستی گواستنەوەی زیاتر لە 450 كیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو، هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت "رۆژێكی گەورەیە لە ئێران، زۆرێك لەو ئامانجانەی دەمێكە بەدوایانەوە بووین لەلایەن سوپا مەزنەكەمانەوە لەناوبران و تێكشكێنران". ئەگەرچی ترەمپ ئاماژەی بەوردەكارییەكان نەداوە بەڵام رەنگە هێرش بۆسەر ناوچەیەكی گرنگ لە ئێران ئەنجامدرابێت، میدیا ئەمریكیەكانیش دەڵێن ترەمپ چاوی لەسەر دورگەی خارگی ئێرانە كە بە شادەماری ئابوری ئێران دادەنرێت و 96% ی نەوتی ئێرانی لێبەرهەم دەهێنرێت و دەنێردرێتە بازاڕەكان. جگە لەوەی ئەمریكا بەردەوامە لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هێرشەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان
بەپێی زانیارییەكان هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر حەشدی شەعبی لە عێراق زیاتربوون، بەتایبەت لە ناوچەكانی عامری، غەزالیە، دۆرە، سەیدیە، ئەبوغرێب و زەعفەرانیەی بەغداد، بەهۆی هێرشەكانەوە لە بەغداد و ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق زیاتر لە 100 چەكدار و ئەندامی حەشدی شەعبی كوژراون، لە هەرێمی كوردستانیش تائێستا و لە دەستپێكی جەنگەكەوە، زیاتر لە 480 هێرشی درۆنیی و مووشەكی لەلایەن گروپەكانی نزیك لە ئێران و سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 14 كەس شەهیدبوون و 93 كەسیش برینداربوون كە زۆربەیان سڤیلن.
میدیاكانی ئەمریكا: بژاردەی هێرشی زەمینی لەبەردەم ترەمپدایە
هەرچەندە میدیاكانی ئەمریكا باس لەوەدەكەن، ئێران تاكتیكێكی زیرەكانە بۆ جەنگ بەكاردەهێنێت، كە ئەویش موشەك و درۆنی هەرزان بەهایە بۆ ماندووكردنی سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریكا و زیادكردنی تێچووی جەنگەكە، بەڵام بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگ و ناچاركردنی ئێران بە ڕێككەوتن، بژاردەی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی دژ بە ئێران لەسەر مێزی ترەمپە و هێشتا بڕیاری نەداوە.
گەورەترین بودجەی سەربازیی لە ئیسرائیل
پەرەسەندنەكانی جەنگ لەكاتێكدان، پەرلەمانی ئیسرائیل(كنێست) بە دەنگی 62 بەرامبەر بە 55 دەنگی ناڕازی بودجەی وڵاتەكەیان پەسەند كرد.
بەرەبەیانی رۆژ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، پڕۆژەیاساكە بە دەنگی 62 ئەندامی پەرلەمان بەرامبەر بە دەنگی 55 ئەندام پەسندكرا. كۆی گشتیی خەرجییەكانی ئیسرائیل بۆ ساڵی 2026 بە نزیكەی 271 ملیار دۆلار (850 ملیار شیكڵ) خەمڵێندراوە.
بەهۆی بەردەوامی جەنگ لە چەندین بەرەوە، حكومەتی ئیسرائیل بڕی 10 ملیار دۆلاری دیكەی بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگریی زیاد كردووە. ئەمەش دوو هێندەی بودجەی سەربازیی ساڵی 2023 كە جەنگی راستەوخۆی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێنەكردبوو.

-
ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت
|
-
توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات
|
-
ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟
|
-
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
|
-
ئاڵۆزی پێش دانوستان كەوت؛ ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینیی دەكات
|
-
لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین
|
-
|
-
ئاگربەست لەنێوان مەرجەكاندا گیری خواردووە
|
-
كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق؛ سەرەتا یان كۆتایی!
|
|
|
|