2 کاتژمێر پێش ئێستا
247 جار خوێنراوەتەوە
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
کورد چی دەوێت و تورکیا بە نیازی چییە؟
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی تورکیا هەنگاوێکی "گرنگ" دەنێن، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا لەنێوان کورد و دەسەڵاتداران دەستیپێکردووە، کورد بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و حکومەتیش بە "تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات"، ئەویش باشکردنی دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و کوردە لە باکوری کوردستان و تورکیا.
پرۆسەکە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەستیپێکرد، پرۆسەیەکی سیمبولی چەک سوتاندنیش ئەنجامدرا، ئێستاش تورکیا هەنگاوێک هەڵدەگرێت، کە ئەویش باشکردنی دۆخی زیندانیی ئۆجەلانە، نەک ئازادکردنی، وەک ئەوەی پەکەکە و کورد لە تورکیا داوای دەکەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان، دەم پارتی رایگەیاند: کۆمەڵگەیەک بۆ مانەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دروست دەکرێت، ئەو دوورگەیەی کە دەکەوێتە باشوری دەریای مەرمەڕە لە رۆژئاوای تورکیا، کە 27 ساڵە تێیدا زیندانییە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1999 لە پرۆسەیەکدا کە پەکەکە بە پیلانگێڕی ناوی دەبات دەستگیرکرا، سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراو پاشانیش حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ هەتاهەتایی.
باسەکە لەسەر گۆڕانکاریی یاسایی و پێدانی مافی هیوایە بە عەبدوڵا ئۆجەلان کە مافی ئازادکردنی دەگرێتەوە، دواتر تێکەڵکردنی بە کۆمەڵگە.
ئۆجەلان لە 27 ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی کرد، داواشیکرد پەکەکە رووە و کاری سیاسی لە چوارچێوەیەکی یاسایی هەنگاو بنێت، ئەمەش مشتومڕی بەرفراوانی لە تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا.

گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا کە بە ناونیشانی "بانگەواز لە پێناو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بڵاویکردەوە، باسی لەوەکرد ئازادیی کەسیی ئەو بنەڕەت نییە بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا گرنگە ئازادیی جوڵەی هەبێت، بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی لە سەرکردایەتی پرۆسەکە بگێڕێت.
مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و گۆڕینی دۆخەکەی لە زیندانی ئیمراڵی، مەرجێکی پەکەکەیە بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانان،جگە لە پەکەکە، پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" یش بە هەمانشێوە داوای گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی پرۆسەکە بەڕێوەببات و سیاسی و رۆژنامەنوسان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ببینێت.
چەندین جار شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی، لە زیندان چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە و دواتر پەیامەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ئۆجەلان خواستی خۆی نیشانداوە کە رۆژنامەنوس و ئەکادیمی و کەسە سیاسیەکان ببینێت تا لەسەر پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات.
بە وتەی ئەندامانی ئەو شاندە، یاخود نزیکەکانی ئۆجەلان کە سەردانیان کردووە، ئۆجەلان هەرگیز داوای ئازادبوونی نەکردووە، بەڵام خواستی ئەوەی هەبووە بتوانێت ئەو کەسانەی دەیەوێت بیانبینێت، ئێستاش حکومەتی تورکیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە زیندانەکەی بۆ بگۆڕێت بە شوێنی مانەوە و نوسینگەیەکی هەبێت لە رێگەیەوە کاروبارەکانی بەڕێوەببات، بشتوانێت لە دوورگە دابڕاوەدا بجوڵێت.
باکرهان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە:"لە واقیعدا ئێستا خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکن یاخود ماڵێک بۆ ئۆجەلان لە ئیمراڵی، بەڵام ناوی چییە و چۆن دروست دەکرێت نازانین، بۆیە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیە و پێم وایە بەمزوانە روونکردنەوە لەبارەیەوە دەدرێت".
وتەکانی باکرهان لەبارەی گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان و دروستکردنی شوێنێک بۆی لە دوورگەی ئیمراڵی، بووەتە جێی باسی میدیا و رای گشتیی لە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی تورکیا تا ئێستا لەوبارەیەوە بێدەنگن.

هەنگاو لەپێناو پرۆسەی ئاشتی
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەخت دەکاتەوە،" پێویستە حکومەت هەنگاوی ئاشکرا بنێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێویستیشە حکومەت نەخشەرێگای هەبێت، چونکە گەیشتووینەتە دۆخێک چیتر قسە بەس نییە و گەل هەنگاوی جددی دەوێت".
تونجەر باکرهان دەشڵێت، ئێستا حزبەکەی سەرقاڵی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتییە، چونکە کورد هەست بە نائارامی دەکات و پێویستە یاسایەک هەبێت بڕوا بە هەردوولا بهێنێت.
شاندی دەم پارتی ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و پارێزەر ئۆزگور ئیرۆڵ، رۆژی هەینی رابردوو سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام وەک نەریتی پاش سەردانەکان بۆلای ئۆجەلان ئەمجارە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاو نەکردەوە.
بەڵام بە وتەی عائیشە گوڵدۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتییان کردووە کە پێویستە جێبەجێ بکرێن.
وتیشی پێویستە دۆخی زیندانیی ئۆجەلان بگۆڕێت و یاسایەک دابنرێت کە فرەیی لەخۆبگرێت و دان بە ناسنامەی ئەوانی تر و پێکەوەژیاندا بنێت.

نزیکبوونەوەی جوڵەی پەرلەمان
لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراتی، کە پەرلەمانی تورکیا لە ئابی رابردوو بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێکیهێنا، رەزامەندی لەسەر راپۆرتی هاوبەشی بنەما یاساییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان دەربڕیوە و لە 18 ی شوباتدا بەرزی کردووەتەوە بۆ پەرلەمان، ئەمەش پاش حەوت مانگ لە گفتوگۆ کە 20 کۆبوونەوەی تێدا کراوە تا چوارچێوە یاساییەکانی پرۆسەکە دابڕێژنەوە.
لەگەڵ ناڕوونی خشتەی کاتیی پەرلەمان سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆی راپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە، تا ئامادەبکرێت بۆ دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، دابەشبوون سەبارەت بە بڕیاری چوارچێوە یاساییەکان لەلایەن پەرلەمانەوە هەیە، چونکە راپۆرتەکە جەخت لەسەر لێکۆڵینەوە لە چەکدانانی پەکەکە دەکاتەوە بەتەواوەتی، کە ئەوەش هەمان هەڵوێستی حکومەتی تورکیایە، بەڵام لایەنی کوردی سورە لەسەر ئەوەی سەرەتا هەنگاوە یاساییەکان بنرێن تا پاڵپشت بێت بۆ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە.
هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سووربوونی دەسەڵاتەکەی لەسەر پرۆسەی ئاشتی راگەیاند، جەختیشی لە "سەرکەوتنی ئامانجەکانی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر " کردەوە.
ئەردۆغان وتیشی "ئەوەی پێویستە پەرلەمان هەنگاوی لەبارەوە دەنێت بۆ چەکدانانی پەکەکە".

-
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
|
-
ئاڵۆزی پێش دانوستان كەوت؛ ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینیی دەكات
|
-
لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین
|
-
|
-
ئاگربەست لەنێوان مەرجەكاندا گیری خواردووە
|
-
كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق؛ سەرەتا یان كۆتایی!
|
-
عەبدوڵا ئۆجەلان نەشتەرگەری بۆ كراوە؛براكەی سەردانی كردووە و باسی تەندروستی دەكات
|
-
وردەكاری هێرشە موشەكیەكان بۆسەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە هەولێر
|
-
نامەوێت موجتەبا بكوژرێت؛ ترەمپ: دەمەوێت لەگەڵ ئێران رێكبكەوم
|
|
|
|