2 کاتژمێر پێش ئێستا
1060 جار خوێنراوەتەوە
توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات
بەڕای چاودێران ئەم هۆشدارییەی توركیا بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە
ناوەندی هەواڵ
هەواڵێك لەناو میدیا ڕەسمی و ناڕەسمیەكانی توركیا گەرمە و بووەتە جێگەی مشتومڕ، بەپێی هەندێكیان توركیا هەڕەشەی ئەوەیكردووە دەستێوەردانی سەربازیی دەكات وەك ئەوەی لە سوریا كردی، ئەگەر پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" كە توركیا بە باڵی پەكەكەی لە قەڵەم دەدات، بەشداری شەڕ دژ بە ئێران بكات.
توركیا بۆ ئەوە بەردەوام پاساوی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ هێزە كوردیەكان دەهێنێتەوە، وەك ئەوەی پێشتر هێزە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە و یەپەگە و یەپەژەی پێ تۆمەتبار دەكرد، ئێستاش دەیەوێت بە پاساوی پشتیوانی ئیسرائیل لە هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو هێزانە لە بوونی هەر ئایندەیەك لە ئێران بێبەش بكات.

بەوتەی سەرچاوەكان، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا لە 28 ی شوباتی 2026، توركیا لە ڕێگەی چەندین كەناڵی ئاشكرا و نهێنییەوە، هۆشداری داوە لە تێوەگلانی هێزە كوردییەكان لە شەڕی دژ بە ئێران، بەتایبەتیش پارتی ژیانی ئازادی كوردستان.
بەڕای چاودێران ئەم هۆشدارییەی توركیا بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم ترسی هەیە بەدەستهێنانی هەر مافێك لەلایەن كوردانی رۆژهەڵاتەوە، وابكات كوردەكانی باكوریش داوای مافی خۆیان لە ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی بكەن، بەوپێیەش كە باكور گەورەترین و پڕدانیشتوانترین پارچەی كوردستانە، ئەم ترسەی توركیا لەكاتی خۆیدایە، هۆكارێكی تریش ترسی مێژوویی توركیایە بەرامبەر كورد كە نایەوێت لە هیچ شوێنێك مافی خۆبەڕێوەبەری هەبێت.

توركیا هەركاتێك بیەوێت دەستێوەردان لە ناوچەیەك بكات پەكەكە دەكاتە پاساو
یەكێك لەو میدیایانەی توركیا كە زۆر لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات، رۆژنامەی توركیای نزیك لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدارە، لەكاتێكدا ئاكپارتی و مەهەپە پرۆسەیەكیان بەناوی "توركیای بێ تیرۆر" كە كورد پێی دەڵێت پرۆسەی ئاشتی دەستپێكردووە، لەو چوارچێوەیەدا پەكەكە شەڕی ڕاگرتووە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام هێشتا توركیا هەركاتێك بیەوێت دەستێوەردان لە ناوچەیەك بكات پەكەكە دەكاتە پاساو.
رۆژنامەی توركیا باس لەوەدەكات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كە كاتی سەرهەڵدانی جەنگی ئێران پەیوەندی پێوەكردووە، هۆشداری داوە كە توركیا قبوڵی ناكات "گروپە تیرۆریستیەكان" (مەبەستی هێزە كوردیەكان و بەتایبەتیش پەژاكە) بۆ هێرشكردنەسەر ئێران بەكاربهێنرێن، هەروەها هەڵوێستی خۆشی لەسەر یەكێتی خاكی ئێران دووپات كردووەتەوە.
رۆژنامەكانی توركیا هەر بەوەشەوە نەوەستاون كە هەڕەشە لە هێزە كوردیەكان دەكەن، بەڵكو بە ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و كورد لە باكور، لێدوان بڵاودەكەنەوە، گوایە ئۆجەلان بەرپرسانی قەندیلی ئاگاداركردووەتەوە و وتویەتی "بە یارییەكانی ئیسرائیل هەڵمەخەڵەتێن".
هاوكات بەوتەی رۆژنامە و میدیاكانی توركیا، بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لەمیانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پەیامی ئەوەی پێداون ئەگەر هێزە كوردیەكان و بەتایبەتیش پەژاك بەشداری شەڕی ئێران بكەن "دەستێوەردان دەكەین وەك ئەوەی لە سوریا كردمان".

ترەمپ و هەڵوێستی توركیا
هەر لەوبارەیەوە، چاودێران هەڵوێستی توركیا دەبەستنەوە بە جوڵەی هێزە كوردیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە پاساوی توركیا دەكەن كە گوایە بە پشتیوانی ئیسرائیل هێزە كوردیەكان دەیانەوێت هێرش بكەنەسەر ئێران، نمونەی ئەوەش دەهێننەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوای مانگێك لە سەرهەڵدانی جەنگ دژ بە ئێران لە میامی سەبارەت بە هەڵوێستی توركیا ڕایگەیاند:"پێموایە توركیا زۆر باشە، ئەوان سەرنجڕاكێشن و لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەن كە ئێمە داوامان لێكردوون". جگە لەوەی ترەمپ ئەردۆغانی بە "سەركردەیەكی باش" پەسن كرد.
بەوتەی چاودێران، هۆكاری ئەو پەسنانەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان ئەوەیە، كە توركیا ڕێگربووە لەوەی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ناتۆ هەڵبگیرسێت، بەوپێیەی چەند جارێك ئەگەری پێكدادانی ئیسرائیل و توركیا لە سوریا هەبووە، هەر شەڕێكی نێوان ئیسرائیل و توركیاش بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ناتۆ لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ئەمە شیكردنەوەی نوسەرە توركەكانە.

دەكرێت ئەم وتانەی ترەمپ خوێندنەوەیەكی تری بۆ بكرێت، وەك ڕەخنەیەكی ناڕاستەوخۆ بێت لە توركیا، كە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا، توركیا وەك ئەندامێكی ناتۆ پشتی تێكردوون، سەرەڕای ئەوەی ئێران چەند جارێك بەسەر ئاسمانی توركیادا موشەكی ئاڕاستەی بنكە ئەمریكی و ئیسرائیلیەكان كردووە، سێ جاریش توركیا ئەوەی ڕاگەیاندووە كە موشەكی ئێرانیان خستووەتەخوارەوە.

-
ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت
|
-
توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات
|
-
ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟
|
-
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
|
-
ئاڵۆزی پێش دانوستان كەوت؛ ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینیی دەكات
|
-
لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین
|
-
|
-
ئاگربەست لەنێوان مەرجەكاندا گیری خواردووە
|
-
كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق؛ سەرەتا یان كۆتایی!
|
|
|
|