5   کاتژمێر پێش ئێستا 1176 جار خوێنراوەتەوە

چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە بڕیارێكی تارادەیەك چاوەڕوانكراودا ،  تەنیا یەك كاتژمێر پێش كۆتاییهاتنی مۆڵەتە مەترسیدارەكەی كە سێی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بوو، راگرتنی سەرجەم هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر ئێران راگەیاند.

دوای نزیكەی 40 رۆژ لە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا دژی ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بۆ شەڕەكە ، وایكردبوو جەنگەكە  پەلبكێشێت بۆ وڵاتانی دراوسێی و سەقامگیری و ئارامی ئەوانیش تێك بدات ، هەر بۆیە وڵاتانی پاكستان و میسر و توركیا كەوتنە نێوەندگیری كردن لە نێوان ئێران و ئەمریكا ، بۆ ئەوەی كۆتایی بەم شەڕە بێت.

دواجار چی ڕوویدا؟

 دواجار پاكستان توانی رۆڵی بەرچاوی هەبێت لە راگرتنی شەڕەكە و شەوی حەوت لەسەر هەشتی نیسانی 2024  تەنها یەك كاتژمێر پێش ئەو وادەیەی ترەمپ بۆ هێرشە فراوانەكەی داینابوو ،توانرا بە چەند مەرجێك ئەمریكا و ئێران رازیبكەن  هێرشەكانیان رابگرن و بۆ ماوەی دوو هەفتە  هیچ هێرشێك ئەنجامنەدەن.

میدیای رەسمی ئێران چی دەڵێت؟

میدیای رەسمی ئێران بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیاری رابەری باڵای ئێران، بڕیاردراوە بۆ ماوەی 15 رۆژ دانوستانەكان لە پاكستان ئەنجام بدرێن بۆ چەسپاندنی  ئەو 10 خاڵەی ئێران  پێشنیاری كرووە، لە چوارچێوەی بڕیارێكی پابەندكەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

بەپێی زانیاریەكانی میدیای ئێران،ئەم دوو هەفتەیە بەواتای كۆتاییهاتنی یەكجاریی جەنگ نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكە بۆ لایەنی بەرامبەر. هاوكات مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، كە كۆمەڵێك لە گرووپە چەكدارە شیعەكان لەخۆدەگرێت، بە رەسمی  راگرتنی سەرجەم هێرشەكانی لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكەدا راگەیاند.

گروپەكانی عێراقیش جەنگیان ڕاگرت

ئەم گرووپانە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوە كردووە بڕیاری راگرتنی چالاكییە سەربازییەكانیان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، هەرچەندە لە بەیاننامەكەدا وردەكاریی زیاتر سەبارەت بە سروشتی ئەم بڕیارە یان سنووری جێبەجێكردنی نەخراوەتەڕوو.ئەو بڕیارانە دوای ئەوە دێت  دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ، رایگەیاندبوو هێرشەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەردوو وڵات لە لێواری جەنگێكی گشتگیرەوە بەرەو مێزی گفتوگۆیەكی سەخت و چارەنووسساز هەنگاو دەنێن.

ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس  نوسیوێتی: دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەكان بۆ سەر ئێران  رابگرێت.

 ئەم بڕیارەش مەرجدار كراوە بە كردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و بێ مەرجی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

سەرۆكی ئەمریكا ئاشكراشیكرد ، ئەم هەنگاوە ئاگربەستێكی دوولایەنە دەبێت و بۆ ماوەی 14 رۆژ هیچ هێرش و بۆردومانێك ئەنجام نادرێت.

سەرجەم ئامانجەكانمان پێكاوە

ترەمپ دەشڵێت ،پێشنیارێكی 10 خاڵییان لەلایەن تارانەوە بەدەستگەیشتووە و واشنتۆن وای دەبینێت كە بنەمایەكی باشە بۆ دانوستان و كۆتاییهێنان بە ململانێكان. ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی خاڵە ناكۆكەكانی رابردوو لە نێوان ئەمریكا و ئێران چارەسەر كراون و ئەم دوو هەفتەیە بۆ ئەوەیە كە رێككەوتننامەی ئاشتیی درێژخایەن كۆتایی پێ بهێنرێت و ئیمزا بكرێت.

سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،هێزەكانیان سەرجەم ئامانجە سەربازییەكانی خۆیان پێكاوە و ئێستا كاتی دیبلۆماسییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لە كۆتایشدا ترەمپ وتی، بەناوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا  هەروەها وەك نوێنەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی شانازییە كە ئەم كێشە درێژخایەنە وا لە چارەسەربوون نزیكە. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە. 

راگرتنی جەنگەكە لوبنان ناگرێتەوە

لە یەكەم كاردانەوەدا بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند راگرتنی جەنگەكە لوبنان ناگرێتەوە.

سەرۆك وەزیرانی پاكستان زانیاریی نوێ لەبارەی ئاگربەست بڵاودەكاتەوە

سەرۆكوەزیرانی پاكستان ڕایگەیاند، رۆژی هەینی وەفدەكانی ئەمریكاو ئێران سەردانی ئیسلام ئاباد دەكەن، بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ناكۆكیەكان.

شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم كە كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان، لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ لە سەرانسەری ناوچەكە، بە لوبنان و شوێنەكانی دیكەشەوە رێككەوتن،  راستەوخۆش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 سەرۆكوەزیرانی پاكستان داوای لە وەفدەكانی ئەمریكا و ئێران كرد، رۆژی هەینی 10ی نیسانی 2026 سەردانی ئیسلام ئاباد بكەن بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ناكۆكیەكان.

شەهباز شەریف دەڵێت: هەردوولا حیكمەت و تێگەیشتنێكی گەورەیان نیشانداوە و بە شێوەیەكی بونیادنەر سەرقاڵی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری مانەوە، هیوادارین دانوستانەكانی ئیسلام ئاباد لە بەدیهێنانی ئاشتییەكی بەردەوامدا سەركەوتوو بن،  چاوەڕێی ئەوە دەكەین لە ڕۆژانی داهاتوودا هەواڵی ئەرێنی زیاتر بڵاو بكەینەوە.

 

  • موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟

  • چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟

  • چیرۆكی ئازادكردنی كچە رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە

  • هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە

  • كێڵگەی نەوت و بەندەر و كارگەكان؛ زیانەكانی پێنج هەفتە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل

  • ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە

  • کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن

  • هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن

  • وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد

سەرەکی