2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟
پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی، زانیاریی سەرنجڕاكێشی لەبارەی دواین ساتەكان و هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بڵاوكردووەتەوە، كە چۆن ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكردووە.

یەكەمجار بووە خامنەیی بە رێككەوتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕازی بێت
بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریكی و ناوچەكە، ئاشكرایانكردووە، ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، فەرمانی بۆ دانوستان و گەیشتن بە رێككەوتن دەركردووە، ئەوەش یەكەمجار بووە خامنەیی بە رێككەوتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕازی بێت، لەوكاتەوەی كە جەنگ دەستیپێكرد و 39 ڕۆژ بەردەوام بوو.

سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لەناوبردنی ئێرانی دەكرد
بەوتەی سەرچاوەكان، ئەو گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونە، لەكاتێكدا بووە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لەناوبردنی ئێرانی دەكرد، بەڵام لەپشت پەردەوە گفتوگۆی دیپلۆماسی و هاتوچۆكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن گەرم بوون.
ئەو گفتوگۆیانەی پشت پەردە هاوكات بوون لەگەڵ ئامادەكارییەكانی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا بۆ هێرشكردنەسەر ژێرخانی ئێران، بەڵام هێشتا گومان و دوودڵی لەبارەی نیازی ترەمپ هەبوو.

ویتكۆڤ ئەو 10 خاڵەی ئێرانی بە كارەسات ناوبردووە
وەك سەرچاوەكان ئاماژەیان پێكردووە، لەسەرەتای رۆژی دووشەممەدا، واتە رۆژێك پێش تەواوبوونی مۆڵەتەكەی ترەمپ بۆ ئێران، ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، ئەو 10 خاڵەی ئێران بۆ رێككەوتن پێشنیازی كردووە بە كارەسات ناوبردووە، ئەمەش وایكردووە رۆژەكە ئاڵۆز بێت بۆ دانوستان، بەڵام لایەنی پاكستان و میسر و توركیا توانیویانە گۆڕانكاری لە خاڵەكاندا بكەن، پێش ئەوەش نێوبژیوانكاران توانیبوویان ڕەزامەندی ئەمریكا بۆ ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەسەر پێشنیازی سەرۆكوەزیرانی پاكستان وەربگرن.

بەشداریكردنی موجتەبا خامنەیی زۆر نهێنی و سەخت بووە
بەشداریكردنی ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی لە دانوستانەكان زۆر نهێنی و سەخت بووە، چونكە بەهۆی هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی لە رێگەی پەیامبەرەوە تێبینیەكانی ناردووە، بەوهۆیەوە دوو سەرچاوە بۆ ئاكسیۆس رێككەوتنەكە بە سوپرایز ناودەبەن.
پاش نیوەڕۆی سێشەممە لایەنەكان گەیشتبوونە لێكتێگەیشتن بۆ ئاگربەستی دوو هەفتەیی، پێش ئەوەی شەهباز شەریف سەرۆكوەزیرانی پاكستان خاڵەكانی رێككەوتنەكە ڕابگەیەنێت و داوای پەسەندكردنی بكات، دۆخەكە سەخت بوو چونكە لەلایەكی تریشەوە ئەوانەی دژی ڕاگرتنی جەنگ بوون پەیوەندییان بە ترەمپەوە دەكرد و داوای ڕەتكردنەوەی ئاگربەستیان لەگەڵ ئێران دەكرد.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل یەكێك بوو لەوانەی بە ڕاگرتنی جەنگ ناڕازی بوو
هەرچەندە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل یەكێك بوو لەوانەی بە ڕاگرتنی جەنگ ناڕازی بوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی پێوەكردووە و ڕازی كردووە پابەند بێت بە ئاگربەستەوە، جگە لەوەی پێش ڕاگەیاندنی ڕازیبوون بە رێككەوتنەكە ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عاسم مونیر سەرۆك ئەركانی سوپای پاكستان ئەنجامداوە بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە، دواتریش ئێران پابەندبوونی بە ئاگربەست ڕاگەیاند لەگەڵ كردنەوەی گەرووی هورمز.
بەوتەی سەرچاوەكان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكات لەو گفتوگۆیانەی بڕیارە رۆژی هەینی لە پاكستان بەڕێوەبچن، هەرچەندە جیاوازی دونیابینی ئەمریكی و ئێرانیەكان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ بە كراوەیی دەهێڵنەوە.
-
موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟
|
-
چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟
|
-
چیرۆكی ئازادكردنی كچە رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە
|
-
هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە
|
-
كێڵگەی نەوت و بەندەر و كارگەكان؛ زیانەكانی پێنج هەفتە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل
|
-
ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە
|
-
کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن
|
-
هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن
|
-
وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد
|
|
|
|