2   کاتژمێر پێش ئێستا 99 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریكا مەبەستی لە كام چەكانەیە كە دزراون و چی لایەنێكی كوردی و عێراقی ئەو كارەیان كردووە؟

وادیارە مەسەلەی دزینی ئەو چەكانەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی ناردووە كۆتایی نایەت، زانیاریی نوێ لەبارەی مەبەستی ترەمپ و ئەو لایەنەی چەكەكانی دزیوە یاخود بە پاساوی تر دەستی بەسەر چەكەكاندا گرتووە ئاشكرا بووە.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەماوەی رابردوودا و لەلێدوانێكی شۆكهێنەریدا بۆ گەلی كورد رایگەیاند لەرێگەی هێزە كوردییەكانەوە چەكیان بۆ ئێران ناردووە، بەڵام وەك ترەمپ وتی هێزە كوردییەكان چەكەكانیان دزیووە و بۆ خۆیانیان بردووە.

سەرۆكی یەكێتی راشكاوانە ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە

ئەمە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا، بەتایبەت ئەوەی كە دەستەواژەی دزی وشەیەكی ناشرینە دوورە لەناسنامەی گەلی كوردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا راشكاوانە ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و رایگەیاند: ئێمە هیچ چەكێكمان لەئەمریكا وەر نەگرتووە.

بافڵ تاڵەبانی پێنجشەممەی ڕابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز ڕایگەیاند:ئەو چەكانە لە سلێمانی نەدزراون، ئەمریكا دەتوانێت لە رێگەی تیمەكانیەوە دڵنیا بێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وتەبێژەكەیەوە وەڵامی دایەوە

دواتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وتەبێژەكەیەوە وەڵامی دایەوە و پێشەوا هەورامی ڕایگەیاند: لەمیدیاكانەوە سەرۆكی حزبێك باسی ئەوەی كردووە كە هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەییەو هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەكی ئەمەریكی كۆمەڵێك چەواشەكاری كردوون.

وتەبێژی حكومەت وتیشی: لای هەمووان ڕونە حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵكی كوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی كردنی، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت.

"لە بارەی ئەو چەكانەی گوایە باس دەكرێت لە لایەن ئەمریكاوە بە لایەنێكی كوردی دراوە سەرۆكی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەكات و لایەنی دیكە تاوانبار دەكات و لەڕاگەیاندنەكانییانەوە خەریكی چەواشەكارین.ئەگەر ئەمەریكییەكان چەكیان بە لایەنێك دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێكیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەكەی بۆ هەموو لایەك ڕوون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەكارییە نیە". وتەبێژی حكومەتی هەرێم وای وت.

ترەمپ چی وتبوو؟

پێشتر ترەمپ ئەو وتەیەی هەر بۆ فۆكس نیوز و لە پێنجی نیسان كردبوو، بە دیاریكراوی ڕایگەیاندبوو ئەمریكا چەكی بۆ هێزە كوردیەكان ناردووە تا بیدەنە خۆپیشاندەرانی ئێران.

تێری یەنگست ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریكیەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ترەمپ كردووە لەوبارەیەوە دەڵێت: سەرۆك پێی وایە كوردەكان ئەو چەكانەیان بردووە.

سەرەڕای ئەو وتانەش هێشتا مەبەستەكەی ترەمپ بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام پارتی زۆر بەم بابەتە تێكچووە.

دزینی چەكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا تازە نیە

جاهەر پەیوەست بەم بابەتەوە راپۆرتێكی ئەمریكی دەڵێت: دیاردەی دزینی چەكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا تازە نیە، بەڵام تائێستا دزەكان نەگیراون. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو راپۆرتەدا ناوی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش هاتووە و جۆری ئەو چەك و كەرەستانەش دیاری كراوە كە لەبنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لەو پارێزگایە دزراون.

پێگەی ئینتەرسێپت- دەڵێت: تەنها لە ساڵانی 2020 بۆ 2022 ئەمریكا بەبەهای سەدان هەزار دۆلار چەكی لێدزراوە، باسی لەوەشكردووە (كەرەستەی سەربازی هەستیار، سیستمی مووشەكی رێنمایكراو، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان) لەو كەرەستانەن كە لەبنكەكانی ئەمریكا دزراون، ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەمریكا زۆر بەوردی بەدوای دزەكاندا دەگەڕێت و چەندین سەرەداویشیان دەستكەوتووە.

زۆر سیناریۆی تر لەبارەی هۆكاری ئەو لێدوانەی ترەمپ باس دەكرێت، دیارترینیان ئەوەیە كاتێك پرۆسەی داماڵینی چەكی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەنێوان ساڵانی 2023 و 2024 ڕوویدا، حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان چەكی حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان وەك (وەك حدكا، كۆمەڵە، پاك) كۆكردەوە.

ئەم چەكانە كە ئەمریكا پێی وایە دزراون، بە ڕەسمی لەلایەن حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە یان گواستراونەتەوە بۆ كۆگاكانی ژێر چاودێری هێزی ئەمنیی هەرێمی كوردستان و سوپای عێراق.

پرۆسەی دزینەكە هەرچۆنێك بووبێت و هەر لایەنێك دزیبێتی یاخود دەستی بەسەردا گرتبێت، بەڕای چاودێران پرسێك نییە یاری پێوە بكرێت، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەمریكا، بە وتەی چاودێران ئەو پرسە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی هەرێمی كوردستان.

هەرلایەنێك ئەو كارەی كردبێت باجەكەی دەدات

چونكە سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنی ئەوەی داوە هەرلایەنێك ئەو كارەی كردبێت باجەكەی دەدات، لەكاتێكدا هەندێك لە میدیا عەرەبیی و جیهانییەكان دەڵێن ئەو چەكانە لەلایەن پارتیی و بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، جۆری چەكەكانیش مامناوەند و سوكن، ئەمریكاش ترسی هەیە ئەو چەكانە بكەونە دەست لایەنی تر كە نەیاری ئەون.

بەشێكیش لە چاودێران پێیان وایە پرسی ئەو چەكانە بێ سزا تێپەڕنابێت و دۆناڵد ترەمپ ئەوەندەی كات ماوە لە دەسەڵاتدا تا ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە.

  • ئەمریكا مەبەستی لە كام چەكانەیە كە دزراون و چی لایەنێكی كوردی و عێراقی ئەو كارەیان كردووە؟

  • دواین زانیاریی لەبارەی رێككەوتن و ئاگربەست؛ ترەمپ: گەمارۆ زیاتر لە بۆردومان ئێران دەترسێنێت

  • ترەمپ باسی ڕێككەوتن دەكات و میدیای ئەمریكا و ئێرانیش  دەهۆڵی جەنگ دەكوتن

  • سێ سیناریۆكە چین؟؛ جارێكی تر چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیران كۆدەبێتەوە

  • وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریكا ناردنی دۆلار و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ عێراق راگرتووە

  • دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمریكا لە پاكستان ناڕوونە

  • توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی توركمانێك وەك پارێزگاری كەركوك دەكات

  • هەر كاندیدێك خۆی بە بژاردەی رێبەری نوێ دەزانێت؛ ئەندامانی چوارچێوە خۆزگە بە سەردەمی قاسم سولەیمانی دەخوازن

  • ئیسرائیل بۆچی توركیا وەك ئێرانێكی نوێ دەبینێت؟

سەرەکی