8   کاتژمێر پێش ئێستا 102 جار خوێنراوەتەوە

ئازادی بەپێی بەڕەكەی پارتی و یەكێتی

ناوەندی هەواڵ

128 ساڵ لەمەوپێش و لە یەكێك لەشەقامەكانی قاهیرە ، یەكەمین رۆژنامە بەزمانی كوردی دەرچوێندرا، ئەم هەموو ساڵە تێپەڕی ، جێی پرسیارە بزانین ئێستا دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسی كوردی لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 30 ساڵە خۆی بەڕێوەدەبات لە چ دۆخێكدایە؟

زۆر لە مێژ نییە، دەگێڕنەوە لەبەر دەركی سەرای سلێمانیدا, چەند قۆشمەچییەك لە شێتێك كۆبووبوونەوە و هانیان دەدا جنێو بە كەسایەتی و حزبەكانی كوردستان بدات, شێتی قسەخۆش و بێلایەن و بێكەس بە وارووێخی هەموویاندا هاتە خوارەوە,كاتێ‌ لێیان پرسی ئەی بۆ هیچ بە پارتی ناڵێی؟ شێتە وەستاو پێی وتن بەخوا كاكە پارتی گاڵتەو ماڵتەو شێتوشت نازانێ‌ چییە,ئەم تۆپێنن"!

 كورد واتەنی"قسە لە شێت یان لە منداڵ" واتا لێیان ناگیرێت

جا ئێستا ئەم قسەیە كەمێك بۆ یەكێتیش ڕاستە، كە پێشتر بانگەشەی ئازادی و دیموكراسی لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆیدا دەكرد.

پێویستی بە هۆشیاری و دانایی نییە, شێتێكی سەرگەردان كە لەهەموو پەیوەندیی و بەرپرسیارییەك رەهابووە, دەزانێ‌ قسەكردن لەسەر پارتی مەترسی لەناوچوونی تێدایە.

ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی لەسەر ئازادی بەگشتی لە فەلسەفەی پارتیدا, تێبگەین ئیتر پێویست ناكات باسی دەیان قوربانی خەڵكی مەدەنی بكەین كە لە هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینێكدا, لەلایەن پارتییەوە بەشێوەی جیاجیا بێدەنگ كراون.

ئەمڕۆ قسە لەسەر ئەو رۆژنامەوانانەیە كە لەكاتی گردبونەوە و دەنگهەڵبڕینی هاوڵاتیاندا هەواڵیان گواستۆتەوە و روداوەكانیان روماڵكردووە,وەك خۆی.

سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و كاوە گەرمیان و سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار شەریف ئەمانە قوربانیی دەنگی ئازادن و لە سنوری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیدا كوژراون.

ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانەی تەنها بەهۆی قسەكردنەوە كوژراون، یان بێسەروشوێن كراون،یاخود ئازادیی كاری رۆژنامەوانییان لێ زەوتكراوە, ئامارەكان لەوە زیاترن كە دیارن.

بەڕیش بێت بزن لەهەمووان پیاوترە!

پارتی هەركاتێ‌ لە ئازادی رادەربڕین دەدوێ‌ ئیدی لەزاری هەر كەسایەتی و پلە و پۆستێكەوەبێت,هەقی نییەو قەوانی خۆی لێدەداتەوە.

سەرۆكی هەرێم دەفەرموێ‌ جەخت لەسەر پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین دەكەینەوە، ژینگەی گونجاو و دوور لە كۆتوبەند بۆ كاریی میدیایی فەراهەم دەكەین.مافی دەستگەیشتن بە زانیاریی مسۆگەربێت .

با ئەم قسانە شیبكەینەوە: ئەوە بەتەواوی راستە و خوا دەمانگرێ‌ بلێین وانییە,هەموو میدیاو رۆژنامەنوسێ‌ تا ئێستە ئازادبووە غەزەل و شانامە لەسەر پارتی و كاروكاسپیی و جوامێرییەكانی بڵاو بكاتەوە,نەك تیرۆر نەكراون بەڵكو نانیشیان چۆتە رۆنەوە.

بۆ خاڵی دووەمی فەرمودەكەشیان,هەر راستە,هەر كەسێكیان بۆ تیرۆر نەكرابێ‌ لە زیندانیان توند كردووە و بەرخوردی دوژمنێكی سیاسیی سامناكی لەتەكدا دەكەن,بۆشیان نەخرابێتە زیندانەوە بێدەنگیان كردووە,وەگەر نا هەوڵیان داوە بیكڕن و فریكوێنسیەكەی لەسەر هەواو زەوقی پارتی میقات بكەن و زۆریشیان كڕیوەتەوە!

لەبارەی دەستكەوتنی زانیارییەوە، هەرچی خۆمان لە سۆشیال میدیاو ئەمو ئەوەوە دەیزانین ئەوانیش رایدەگەیەنن,وەلێ‌ ئەوەی لەژێر بەڕەی پارتی و حكومەتەكەیدایە,هەر تەنها بەنموونە نەوت و گرێبەستەكانیی,هیچ هێزو قودرەتێ‌ نایزانێ‌ و دەستی پێی ناگات.

لەكۆتایشدا دەفەرمون,رۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر هاوبەشێكی كاریگەری بنیاتنانی حوكمڕانییەكی باش و دادپەروەرە!

وتەی وا بەنرخ دەبێت بە ئاوی زێڕ بنوسرێتەوە

وتەی وا بەنرخ دەبێت بە ئاوی زێڕ بنوسرێتەوە,چونكە ئەو ئەزموونە لە وڵاتانی دیموكراسی و پێشكەوتودا لانی كەم دووسەدەی بەسەردا رەتبووە.ئێمەش لەتوێی پرسیارێكی رەوادا وەڵامێكمان بۆ داناون,ئەگەر دەتوانن بیسەلمێنن كە "هەرێمی كوردستان خاوەنی حوكمڕانییەكی باش و دادپەروەرە" ئەوە هەرچیتان وتوە لەبارەی ئازادییەوە ئێوەراست و ئێمە روڕەشین.

با بێینە سەر سنوری دەسەڵاتی یەكێتی

با بێینە سەر سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، تا مام جەلال مابوو یەكێتی تا ڕادەیەك مافی خۆی بوو شانازی بەو ئازادییەوە بكات كە لە سنورەكەیدا هەبوو، ئەوەش بە پلەی یەكەم بۆ سكرتێری پێشووی یەكێتی دەگەڕایەوە.

بەڵام ئێستا چی، لەدوای كۆچی دوایی مام جەلالەوە، یەكێتی هەوڵیدا ئەو شانازییە بپارێزێت، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو نەبوو، وردە وردە ڕەنگی پارتی گرت و وەك حزبێكی بنەماڵەیی دەستیكرد بە ڕاوەدوونانی میدیای ئازاد و نەیار و بگرە كڕینیشیان، چەند كەناڵێكی سێبەری كردەوە تا بەشان و باڵیدا هەڵبدەن، ئەمەش جگە لە میدیا حزبیەكانی خۆی.

ئێستا لە سنوری یەكێتی ڕاستە وەك سنوری پارتی ئازادییەكان بە قسەكردن سنوردار نەكراوە، بەڵام خوا هەڵناگرێت ئەوانیش هێندە پەیجی سێبەر و میدیایان قوت كردووەتەوە هەركەس دەمی بكاتەوە بە ڕاست و چەپ پێیدا دێنە خوارەوە، خۆ ئەگەر بۆشیان بلوێت هەر بە زەبری هێز دەمكوتی دەكەن، بەڵام ئەوە دەكەوێتەوە سەر ئەو دۆخەی تێیدان، هەركات بیانەوێت دژایەتی پارتی بكەن، باس لە میدیای ئازاد و ئازادییەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆیان دەكەن، هەر كات ئیشیان پێی نەما، زۆر ئاساییە بەرگی پارتی دەپۆشن و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا و فەرمانبەر دەدەنە بەرشەق و كەناڵی ڕاگەیاندنیش كڵۆم دەدەن.

یەكێتیش خەریكە بە هەمان ڕێچكەی پارتیدا دەڕوات

بەڵێ   بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی 128 هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردی، جەخت لە ئازادیی ڕادەربڕین و پاراستنی شكۆی رۆژنامەنوسان دەكاتەوە، بەڵام هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا و ئابی ساڵی ڕابردوو، كاتێك بە هێزەوە چووە سەر نەیارە ناوخۆییە سەرەكییەكەی، هەر بە دەستگیركردنی ئەو و دەوروبەرەكەی نەوەستا، بەڵكو قوفڵی لە دەزگایەكی میدیایی نزیك لە لاهور شێخ جەنگیش دا.

سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شانازییەوە میراتگری رێبازی سەرۆك مام جەلالە كە داكۆكیكارێكی سەرسەختی رۆژنامەوانی ئازاد بووە.

ئەم وتەیەی سەرۆكی یەكێتی بۆ سەردەمی مام جەلال ڕاستە، بەڵام ئێستا دەتوانین بڵێین یەكێتیش خەریكە بە هەمان ڕێچكەی پارتیدا دەڕوات و چیتر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی لە سنورەكەیدا لە ئاستی پێشوودا نییە و لەق بووە.

بەڵێ ئەمە چیرۆكی ئازادییەكەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییە كە هەر بۆنە و یادێك بێت بە منەت بە سەروچاوی خەڵك و رۆژنامەنوس و چالاكوانانیدا دەدەنەوە، زۆرێكیش ئەشەدوبیلایان بۆ دەكەن و دڵخۆشن و پیرۆزبایی دەكەن.

كارەساتێكی تر ئەو فەوزایەیە كە پارتی و یەكێتی بە میدیا سێبەر و بەرخۆرەكانیان دروستیان كردووە، لە هەرێمێكی شەش ملیۆن كەسی 1527 میدیای جۆراوجۆر تۆماركراون.ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو پەیج و ماڵپەڕەی هەر تۆمار نەكراون.

بەگشتیی لە هەرێمی كوردستان 31 كەناڵی ئاسمانی و 178 رادیۆ و 127 كەناڵی لۆكاڵی و 760 گۆڤار و 267 رۆژنامە و 164 ماڵپەڕ هەن، ئەمانەش بە نزیكەیی زۆرینەیان سەر بە پارتی و یەكێتین، جگە لەوەی لەسەر حسابی قوتی خەڵك و فەرمانبەرانن، ژینگەیەكی نالەبار و دڵەڕاوكێیان بۆ خەڵك دروستكردووە. چونكە هیچ ستراتیژێكی نەتەوەییان نییە و ئامانجیان تەنها حزبی و كەسییە.

 

  • ئازادی بەپێی بەڕەكەی پارتی و یەكێتی

  • جەبار یاوەر " بروا ناکەم پارتی ئەوە بکات و چەک گەیشتبێتە دەست پارتی "

  • ئیسرائیل داوای یاخیبوون لە دروزەکانی سوریا دەکات

  • پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجە لە شیکارییەکی ئیرادە-دا

  • پارتی و یەکێتی 31 ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەریان لە بانگەشەی هەلبژاردن دوورخستەوە

سەرەکی