2   کاتژمێر پێش ئێستا 84 جار خوێنراوەتەوە

هەر كاندیدێك خۆی بە بژاردەی رێبەری نوێ دەزانێت؛ ئەندامانی چوارچێوە خۆزگە بە سەردەمی قاسم سولەیمانی دەخوازن

ناوەندی هەواڵ

شەوی ڕابردوو هەموو چاوەكان لەسەر نوسینگەكەی عەمار حەكیم بوون، تا دوای 12 كۆبوونەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق یەكلا بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەش یەكلا نەكرایەوە و كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا، هەرچەندە پێشبینیەكان بۆ ئەوەبوو كۆبوونەوەی شەوی دووشەممە یەكلاكەرەوە بێت، تەنانەت ناوی كاندیدێكیش بۆ میدیا دزەی كرد، بەڵام دواتر پاشگەزبوونەوە.

بەشێكی زۆری سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆزگە بە سەردەمی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەخوازن، چونكە ئەو هەرزوو دەیتوانی ئەو پۆستانە لەنێوان لایەنە شیعەكاندا كە دەبووە كێشە، یەكلا بكاتەوە، بەڵام شوێنگرەوەكەی هەر لەگەڵ ئەوەی سەردانی بەغدادی كرد، پرسەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كرد.

قەیرانی پێكهێنانی حكومەت لە بەغداد پاش سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هێندەی تر ئاڵۆز بووە، لەكاتێكدا دەبوو كار بۆ ئەوە بكات تێڕوانینی لایەنە شیعەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەیەكتر نزیك بكاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دیمەنەكەی ئاڵۆزتر كرد، هانی هەر لایەنێكیانی داوە سوربێت لەسەر پێگە و هەڵوێستەكانی و مەرجەكانیشی وەك خۆی بهێڵێتەوە، بەشێوەیەك هەریەكێكیانی بە كاندیدی بژاردەی ڕێبەری نوێی ئێران ناوبردووە.

سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد نائاسایی بووە

بەپێی ئاماژە سیاسیەكان، سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد نائاسایی بووە، سێ كۆبوونەوەی بە جیا لەگەڵ چەند سەركردەیەكی شیعەكان ئەنجامداوە، دوای كۆبوونەوەكان هەر یەكێك لەو لایەنانە كاتێك هاتوونەتە دەرەوە وتوویانە كە پشتیوانی ئێرانیان هەیە، ئەمەش دەریدەخات سەردانەكەی هیچ چارەسەرێكی تێدا نەبووە.

تا ساتی ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، نوری مالیكی كاندیدی دەوڵەتی یاسا سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی، كە ئامادەنییە بەبێ گرەنتی ڕوون لە كاندید بوون بكشێتەوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا بەشێك لە لایەنە شیعەكان دەیانەوێت نوری مالیكی و محەمەد شیاع سودانیش بكشێنەوە و كاندیدێكی نوێ بێتە پێشەوە، بەڵام تێپەڕینی كات لەبەرژەوەندی لایەنە شیعەكان نییە، لەلایەك ماوەی دەستوری بۆ راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ و لەلایەكیش فشارەكانی ئەمریكا یارمەتیدەریان نییە.

قائانی كاتێك سەردانی بەغدادی كردووە، پێش ئەوەی هەواڵی سەردانەكەی بڵاوبێتەوە بەغدادی جێهێشتووە، بەڵام زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی ئاشكرابووە، بەوتەی یەكێك لەو سەركردانەی لە كۆبوونەوەكانیدا بەشدار بووە، "لەبری ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكات قوڵتری كردووەتەوە".

ئەو سەركردە شیعەیە وتویەتی:"ئەو جیاوازە لە قاسم سولەیمانی، چونكە سولەیمانی سنورێكی بۆ ناكۆكیەكان دادەنا و توانای ئیدارەدانی قەیرانەكانی هەبوو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ".

"قائانی كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی شیعە ئەنجامدا، لەوانەش نوری مالیكی و محەمەد شیاع سودانی، بەڵام دوای كۆبوونەوەكە هەردووكیان وتیان پشتیوانی رێبەری نوێی ئێرانیان هەیە". ئەو سەركردەیەی شیعە وا دەڵێت.

یەکەم سەردانی دوای جەنگ

سەردانەكەی قائانی بەوتەی سەرچاوەكان رۆژی شەممە بووە، بەڵام ئێوارەكەی هەواڵی گەیشتنی بە بەغداد بڵاوبوەوە، ئەم سەردانەش یەكەم سەردان بوو لەو كاتەوەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ دەستیپێكرد و پاش 39 رۆژ بە ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی ڕاگیرا، بەڵام ئەم سەردانەیان لەكاتێكی هەستیاردا بوو، چونكە ناوماڵی شیعە بەهۆی پۆستی سەرۆكوەزیرانەوە ناكۆكی تێكەوتووە، ئێستاش چاویان لەوەیە كەسێك لە دەرەوە بێت و ڕێگاكەیان بۆ ڕوونتر بكاتەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە میدیاكان دەیڵێن كە دەستێوەردانی دەرەكیی بۆ ناوخۆی عێراق قبوڵكراو نییە.

قائانی شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە، كە لە ساڵی 2020 لە هێرشێكی ئەمریكا لە بەغداد كوژرا، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی قاسم سولەیمانی دەیگێڕا، ئەو بیگێڕێت، هەرچەندە چەندین جار و لەكاتی هەستیار و ئاساییشدا سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا كۆبووەتەوە.

 

فشارەكانی ئەمریكاش لەبەر دەرگان

پاش ئەو هەموو سەردانە، قائانی نەیتوانیوە بەستەڵەكی ناكۆكیی نێوان مالیكی و سودانی بتوێنێتەوە، كە ئێستا بوونەتەؤدوو جەمسەری ناو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەریەكێكیشیان دەیانەوێت لە ڕێگەی قائانی و پشتیوانی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێرانەوە پۆستەكە یەكلا بكەنەوە، لەكاتێكدا فشارەكانی ئەمریكاش لەبەر دەرگان بۆ ئەوەی بە زوویی پۆستەكە یەكلا بكەنەوە و حكومەتێك پێكنەهێنرێت كە نزیك بێت لە گروپە چەكدارەكانەوە.

سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بووە، دوانیان بە داوای مالیكی و سودانی دواخراون، بەڵام كۆبوونەوەكەی شەوی دووشەممە لەسەر داوای عەمار حەكیم دواخراوە.

هەرچەندە لەدوای كۆبوونەوەكە و پێشتریش ناوی باسم بەدری وەك كاندیدی جێگرەوەی نوری مالیكی و محەمەد شیاع سودانی هێنرا، بەڵام هیچ یەكێكیان بە ئاشكرا پشتیوانی ناكەن، چونكە هەندێك باس لەوە دەكەن بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە كاندید كراوە.

مالیكی چەند جارێك لە كۆبوونەوەكاندا یەك دوو ناوی هێناوە

مالیكی چەند جارێك لە كۆبوونەوەكاندا یەك دوو ناوی هێناوە كە دەیەوێت پشتیوانییان بكات، لەوانەش تارق نەجم بەرپرسی پێشووی نوسینگەكەی، عەبدوڵا نائیلی سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدان، كە هەردووكیان لە حزبی دەعوەن، بەبێ ئەوەی لەهیچ كۆبوونەوەیەكی رەسمیدا پشتیوانی باسم بەدری بكات، بەڵام بەوتەی سەرچاوەكان پشتیوانی ئەو كەسانە بەو مەرجەیە هەریەك لە حەیدەر عەبادی و محەمەد شیاع سودانی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بكشێنەوە. ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی دووبارە مالیكی دەیەوێت بڕیارەكانی حكومەت بەتەواوەتی بگرێتەوە دەست.

تائێستا لەكۆی 12 سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی چواریان بە ئاشكرا دژی كاندیدبوونەوەی نوری مالیكین، بەڵام ئەوانی تر كە دوو لەسەر سێی ئەندامانن كە پێشتر پشتیوانی مالیكیان دەكرد و ئێستا دڵنیا نین لەوەی نابێتە كێشە بۆ ئایندەی عێراق و دەیانەوێت بكشێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو ڤیتۆیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەر مالیكی داناوە.

مالیكی بەو مەرجە ئامادەیە بكشێتەوە

مالیكی بەو هەشت كەسەی وتووە بەو مەرجە ئامادەیە بكشێتەوە، كە گرەنتی نوسراوی بدەنێ كە لە هەر كاندیدێكی جێگرەوە هەڵناگەڕێنەوە، جگە لەوەی پێی وایە تەنها كاندیدی رەسمی كە خۆیەتی دەتوانێت جێگرەوە پێشكەش بكات.

ئەو گروپە هەشت كەسییە بەلای مالیكیەوە جێگەی متمانە نین، چونكە لە باسم بەدریش هەڵدەگەڕێنەوە وەك چۆن لە مالیكی هەڵگەڕانەوە كاتێك سودانی لەسەرەتای 2026 لە كاندیدبوون كشایەوە و پاشانیش خۆی كاندید كردەوە، ئەمەش وادەكات هەریەك لە بەدری و مالیكی و سودانی لە كاندیدبوون بێبەش بكرێن.

كاتە دەستورییەكە هێندەی نەماوە

ئێستا كاتە دەستورییەكە كە 15 رۆژە بۆ راسپاردنی سەرۆكوەزیران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە هێندەی نەماوە، بەڵام ناكۆكی نێو ماڵی شیعە بەردەوامە، هاوشان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بەردەوامیی ئاڵۆزیەكان كە وایكردووە دۆخەكە بۆ هیچ لایەنێك ڕوون نەبێت، مالیكی خواستی هەیە جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران لەكاتێكدا پێشتر دوو خول سەرۆكوەزیران بووە، سودانیش دەیەوێت بۆ خولی دووەم سەرۆكوەزیران بێت.

سەردانی تۆم باراک

ئێستا كە ئێران نوێنەری خۆی ناردە بەغداد و چاوی بە لایەنە شیعەكان كەوت، تا جێدەستی خۆی وەك پێشوو لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەبێت، كارەكتەرێكی تریش ماوە، ئەویش ئەمریكایە، پێشتر ڕاگەیەندرابوو كە تۆم باراك نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا كە ڕەنگە كاروباری عێراقیشی بەتەواوەتی درابێتە دەست، سەردانی عێراق دەكات و لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە، ئەویش هەوڵدەدات ڕێگری لە گەیشتنی گروپە چەكدارەكان بە لوتكەی دەسەڵات بكات، لەكاتێكدا ئەمە رێك پێچەوانەی خواستی ئێران و بەشێكی زۆر لە لایەنە شیعەكانە.

ئێستا نازانرێت چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتووەتە رێگایەكی داخراو یاخود نا، چونكە هیچ كاندیدێك لەبەر رۆشنایی دواین كۆبوونەوە ناتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی كۆبوونەوە بهێنێت، هەرچەندە بەشێك لە میدیاكانی عێراق دەڵێن هادی عامری بەڵێنی داوە هەر كاندیدێك حەوت دەنگ بهێنێت ئەو دەبێتە دەنگی هەشتەم بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكە و بەوەش قەیرانی كاندیدی سەرۆكوەزیران چارەسەر دەبێت.

  • توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی توركمانێك وەك پارێزگاری كەركوك دەكات

  • هەر كاندیدێك خۆی بە بژاردەی رێبەری نوێ دەزانێت؛ ئەندامانی چوارچێوە خۆزگە بە سەردەمی قاسم سولەیمانی دەخوازن

  • ئیسرائیل بۆچی توركیا وەك ئێرانێكی نوێ دەبینێت؟

  • كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی؛ چاوەڕوان دەكرێت بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت

  • چارەنوسی ئاگربەست لە مەترسیدایە؛ دوای ئەوەی ئەمریكا كەشتییەكی ئێرانی دەستبەسەرداگرت

  • ئەمریكا و ئێران هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە؛ ناكۆكیەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جارێكی تر كاندیدی سەرۆكی حكومەت دوادەخات

  • ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟

  • هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن

  • ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدی پێشنیارێکی ئەحمەد شەرع-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار ڕەتکردەوە

سەرەکی