5 کاتژمێر پێش ئێستا
92 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن
ئەو هۆتێلەی پێشتر هەوڵی کوشتنی رۆناڵد ریگانی تێدا درا
ناوەندی هەواڵ
دەنگی تەقە لە ئێوارەخوانێكی پەیامنێرانی كۆشكی سپی لە شەوی شەممەدا، وایكرد ئەندامانی خزمەتی نهێنی هەوڵی ڕزگاركردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هۆڵی هۆتێل واشنتۆن هێڵتۆن بدەن، ئەم ڕووداوەش دەچێتەسەر ژمارەیەك ڕووداوی تر كە هیچ سەرۆكێكی پێشووی ئەمریكا بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەو ڕووداوەی شەوی شەممە، دەبێتە بەشێك لەو ڕووداوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان بە ئامانجگرتووە، هەر لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیەوە و ئێستاش كە لە خولی دووەمدایە، هەرچەندە بەشێك لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاكانی ئەمریكا ئەو ڕووداوانە یاخود بەشێكیان بە سیناریۆ ناودەبەن.

یەکەم جار نیە ترەمپ بە ئامانج دەگیرێت
یەكەمجار نییە دۆناڵد ترەمپ هەر لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی یەكەم و دووەمی و لەكاتی سەرۆكایەتیەكەشیدا بە ئامانج دەگیرێت، یاخود دزەكردنی ئەمنیی ڕوودەدات، هەرچەندە هێشتا زانیاریی ورد لەبارەی هۆكاری تەقەكردنەكەی شەوی ڕابردوو بڵاونەكراوەتەوە، نەشزانراوە ئایا ترەمپ ئامانجەكەیە یاخودنا، هەرچەندە ترەمپ خۆی وەك ئامانج ڕاگەیاندووە.
تەقەكردنەكە بە دیاریكراوی لە كاتژمێر 8:30 خولەكی شەوی شەممە بووە بە كاتی رۆژهەڵاتی ئەمریكا، لە هۆتێل واشنتۆن هێڵتۆن ڕوویداوە، كە ئێوارەخوان بووە بۆ ئەو پەیامنێرانەی دەچنە كۆشكی سپی یاخود ڕێگەیان پێدراوە لە كۆشكی سپی ڕووماڵ بكەن.
بڕیاربوو ترەمپ لە ئاهەنگەكەدا وتارێك پێشكەش بكات، بە هەمانشێوەی جەی دی ڤانس جێگری ترەمپ بەشداربوو، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئیدارەی ئەمریكا و ئەندامانی كۆنگرێس.
ترەمپ دوای ڕووداوەكە بە رۆژنامەنوسانی وت:"لەماوەی دوو ساڵدا ئەمە یەكەمجار نییە ڕوبەڕووی هێرش دەبینەوە، لەلایەن كەسانێكەوە هەوڵی كوشتنمان دەدرێت".

پێشتر ترەمپ دوو جار لە هەوڵی كوشتن ڕزگاری بووە
دۆناڵد ترەمپ پێشتر دووجار لە هەوڵی كوشتن ڕزگاری بووە، هەردووكیان لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە لە 2024، ئەم دوو ڕووداوەش ئەگەر ڕاستەقینە بن، شكستی دەزگای خزمەتی نهێنی ئەمریكا دەردەخەن، كە دەبێتەهۆی دوورخستنەوە و دەستلەكاركێشانەوەی زۆرێك لە بەرپرسانی ئەو دەزگایە.

هەردوو هەوڵەكە
هەوڵی یەكەم لەلایەن تۆماس ماتیۆ كرۆكسی تەمەن 20 ساڵ لە شاری باتلەری پێنسلڤانیا ئەنجامدرا، كە لە رێگەی دەمانچەیەكەوە بوو لە كۆبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ و بە فیشەك گوێیەكی ترەمپی بریندار كرد و یەكێك لە ئامادەبووانیش كوژرا، دواتریش تەقەكەرەكە لەلایەن نیشانشكێنێكی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنییەوە كوژرا، بەڵام دواتر ڕاپۆرتێكی ئەنجومەنی پیران پلاندانانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا و بەرپرسەكانی تۆمەتبار كرد.
هەوڵی دووەم لە بالم بیچی ویلایەتی فلۆریدا بوو، كەسێك بەناوی رایان وێسلی رۆس كە دەمانچەیەكی پێبوو، چووە ناو یاریگەی گۆڵفی تایبەتی دۆناڵد ترەمپەوە كاتێك ترەمپ یاری دەكرد، بەڵام پێش ئەوەی تەقە بكات یەكێك لە ئەندامانی تیمی خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمریكا تەقەی لێكرد و هەڵات بەڵام دواتر دەستگیركرا، ئێستاش سزای زیندانی هەتاهەتایی دراوە.

دوای هەوڵی كوشتنەكان؛ هەڕەشەكان
سەرەڕای ئەو دوو هەوڵەی كوشتنی، ترەمپ ڕوبەڕووی زنجیرەیەك هەڕەشە بووەتەوە، یەكەمیان لە حوزەیرانی 2016 بوو كە لەلایەن هاوڵاتییەكی بەریتانیی 20 ساڵەوە كە لە لاس فیگاس هەوڵیدا تفەنگی پۆلیسێك ببات و تەقە لە ترەمپ بكات.
ئەیلولی 2017:پیاوێك لە داكۆتای باكور بەرزكەرەوەیەكی بچوكی ڕفاند و بەرەو شوێنی مانەوەی سەرۆك ڕۆیشت بەڵام دواتر دەستگیركرا.
لە ئەیلولی 2020: هاوڵاتییەكی هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی فەڕەنسا- كەنەدا نامەیەكی بۆ ترەمپ نارد كە ماددەی ریسینی ژەهراوی پێوەبوو.
تەموزی 2024: پیاوێكی پاكستانی دەستگیركرا، دواتر تۆمەتبار كرا بە پلاندانان بۆ كوشتنی ترەمپ لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە لە سوپای پاسدارانی ئێران، پاش چەند مانگێك پیاوێكی ئێرانی كە بە تۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەكی ئەمریكی دەستگیركرابوو، ئاشكرایكرد كە ڕێنمایی بۆ هاتووە ترەمپ بكوژێت.
شوباتی 2026:دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا لە هاوینە هەواری مارالاگۆ گەنجێكی 21 ساڵیان كوشت، بە تۆمەتی ئەوەی دەمانچەیەك و بۆمبێكی غازیی هەڵگرتووە، لەكاتێكدا سەرۆك لە واشنتۆن بوو.

هۆتێل ریگان میراتێک لە هەوڵی تیرۆری سەرکردەکان
بە هەوڵی کوشتنی ترەمپ، جارێکی تر هۆتێل واشنتۆن هیڵتۆن کە بە هۆتێل ریگانیش ناوی دەرکردووە، بوەوە جێی باس، چونکە رووداوێکی گەورەی ئەمنیی تێیدا روویداوە، ئەو هۆتێلە کەوتووەتە ناوچەی دۆبۆنت سێرکڵ، نازناوەکەی پەیوەستە بە هەوڵی کوشتنی رۆناڵد ریگان سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە 30 ئاداری 1981، کاتێک کەسێک بەناوی جۆن هینکڵی تەقەی لە رۆناڵد ریگان کرد کاتێک لە هۆتێلەکە هاتە دەرەوە.
ئەو رۆژە رۆناڵد ریگان بەشێوەیەکی سەخت برینداربوو، لە هەمان کاتدا جەیمس برادی وتەبێژ بە ناوی کۆشکی سپی برینداربوو، لەگەڵ بریکارێکی خزمەتگوزاری نهێنی و ئەفسەرێکی پۆلیس، رووداوەکە ئەمریکای هەژاند و یەکێک بوو لە مەترسیدارترین رووداوە ئەمنیەکان لە ئەمریکا و وەک شکستێکی ئەمنیی گەورە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا لێکدرایەوە.
دوای زیاتر لە چوار دەیە، جارێکی تر هۆتێلەکە گەڕایەوە بۆ ناو ناوان، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە 25 ی نیسانی 2026 تێیدا ئامادەبوو، لەوکاتەدا لە دەرەوە تەقە کرا.
هەرچەندە هێشتا هۆکاری رووداوەکە دیار نییە و بە وتەی سەرۆکی شارەوانی واشنتۆن زۆر کەس وەک تێوەگلاو دەستگیرکراون، بەڵام پێدەچێت رووداوەکە ئامانج لێی کوشتنی سەرۆک بووبێت.
-
دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت
|
-
دوایی دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد
|
-
ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن
|
-
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم
|
-
ڤانس لە وەفدەكەدا نییە؛ ترەمپ هەریەك لە ویتكۆف و كۆشنەر بۆ بینینی عێراقچی دەنێرێت
|
-
وردەكاری و بەڵگەكانی دەستبەسەرداگرتنی كۆشكێكی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا
|
-
داعش چۆن سودی لە رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا بینیوە ؟
|
-
ئەمریكا مەبەستی لە كام چەكانەیە كە دزراون و چی لایەنێكی كوردی و عێراقی ئەو كارەیان كردووە؟
|
-
دواین زانیاریی لەبارەی رێككەوتن و ئاگربەست؛ ترەمپ: گەمارۆ زیاتر لە بۆردومان ئێران دەترسێنێت
|
|
|
|