3   کاتژمێر پێش ئێستا 60 جار خوێنراوەتەوە

دوایی دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

ناوەندی هەواڵ

هیوا ئەحمەد مستەفا بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ وەفدێكی یاوەری حزبەكەی، بە چەپكێك گوڵی زەردەوە خۆیان گەیاندە محەمەد سەمعان پارێزگاری كەركوك كە هاوكات سەرۆكی بەرەی توركمانییە و بەبۆنەی 31 ساڵەی دامەزراندنی بەرەكەوە پیرۆزباییان لێكرد.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێش هەڵبژاردنی رێبوار تەها بە پارێزگاری كەركوك و بەر لە دوو ساڵ دژایەتییان دەكرد، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی پۆستەكەش بەپێی رێككەوتنێكی بەرەی توركمانی و یەكێتی، جارێكی تر دنەی هەستی كوردایەتییان دەدا و دژایەتی خۆیان بۆ بوونی توركمانێك بە پارێزگاری كەركوك دەربڕی، بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ئاڵوگۆڕی پۆستەكە فرۆشتنێكی دیكەی كەركوكە، بەڵام دوای ئەوەی 21 ی ئەم مانگە توركیا پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی توركمانێك وەك پارێزگاری كەركوك كرد و بە هەنگاوێكی مێژووییان ناوبرد، وادیارە پارتی ویستی دەستی پێشبخات و هەڵوێستەكەی پێشووی ڕاست بكاتەوە، بۆیە پیرۆزباییەكی گەرمیان لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد.

بەمەدا دەردەكەوێت، شینی پارتی بۆ هەریسەكە بووە، واتە خەمی ئەوەی نەبووە پارێزگاری كەركوك بدرێتە توركمانێك، بەڵكو مەبەستی سەرەكیی ئەوەبووە پۆستەكە نەدرێت بە لایەنێكی كوردی جگە لەخۆی ئەگەرنا كێشەی نییە بۆ لایەنێكی توركمان یان عەرەبی بێت، لەكاتێكدا پێش دوو ساڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئامادەنەبوون بچنە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا تا پشتیوانی هەڵبژاردنی رێبوار تەها وەك پارێزگاری كەركوك بكەن، تا یەكێتیش لەبەرامبەردا و بۆ ئەوەی پارتی لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان رێكنەكەوێت، خۆی لەگەڵیاندا رێكەوت، سەرئەنجام ناكۆكی و دووبەرەكی پارتی و یەكێتی لەكەركوك وایكرد كورد پۆستەكە لەدەستبدات.

رۆژی 16 ی نیسان محەمەد سەمعان وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرا

رۆژی 16 ی نیسانی 2026  محەمەد سەمعان كە سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق بوو، وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرا، ئەمەش یەكەمجارە لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە توركمانێك ببێتە پارێزگاری ئەو شارە.

محەمەد سەمعان لە بەرەی توركمانی بە دەنگی 12 ئەندامی ئەنجوومەن لە كۆی 14 ئەندام كە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنیان كردبوو، وەك پارێزگاری نوێی كەركووك هەڵبژێردرا.

لەدوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە كەركوك دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی لەدەستدا، لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقیش كە كورد تێیدا یەك دەنگ نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە مابوو، هەرچەندە پارتی و یەكێتی لەوەشدا دژایەتی یەكتریان دەكرد، كاندیدێكی توركمان و عەرەبیان لە كاندیدی یەكتر پێ باشتر بوو، سەرئەنجام كورد ئەو پۆستە گرنگەی كەركوكی لەدەستدا و دیار نییە كەی دەتوانێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێت.

توركیا و توركمانەكان هەمیشە خەونیان ئەوەبووە ببنە دەسەڵاتی یەكەمی كەركوك

توركیا و توركمانەكان لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، هەمیشە خەونیان ئەوەبووە ببنە دەسەڵاتی یەكەمی كەركوك، نەشیان شاردووەتەوە ئەو شارە بەهی خۆیان دەزانن، لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتدارانی كورد بە قودس و دڵی كوردستان ناوی دەبەن.

محەمەد سەمعان لە یەكەم لێدوانی دوای دەستبەكاربوونی وەك پارێزگاری كەركوك ڕایگەیاند:"هیچ بڕیارێك لە كەركوك بەبێ راوێژ لەگەڵ جێگر و یاریدەدەرەكان دەرناكرێت، دەمەوێت خەڵك دڵنیا بن تەنها كار بۆ یەك نەتەوە و لایەن ناكەین".

"حەسرەتی 100 ساڵەمان كۆتایی پێهێنا"

سەرۆكی بەرەی توركمانی كە ئێستا پارێزگاری كەركوكیشە، وتی:"حەسرەتی 100 ساڵەمان كۆتایی پێهێنا و ئێستا توركمانێك پارێزگاری كەركوكە".

توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك كرد

رۆژی 21 ی نیسان، توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان وەك پارێزگاری كەركوك كرد، وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند: " ئەم هەنگاوە گوزارشت لەنوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە دەكات‌و دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەناوچەكەدا".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەڕاگەیەندراوێكدا پێشوازیی لەدەستبەكاربونی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵو وەك پارێزگاری نوێی كەركوك دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی مەرسومی دەستبەكاربوونی لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە وەرگرت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەڕاگەیەندراوەكەیدا جەختیكردووەتەوە، هەڵبژاردنی پارێزگارێكی توركمان بۆ كەركوك، كە شارێكی خاوەن فرەچەشنی كولتوریی‌و كۆمەڵایەتییە، پێشكەوتنێكی بەرچاوو مێژووییە.

 

  • دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت

  • دوایی دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

  • ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن

  • ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم

  • ڤانس لە وەفدەكەدا نییە؛ ترەمپ هەریەك لە ویتكۆف و كۆشنەر بۆ بینینی عێراقچی دەنێرێت

  • وردەكاری و بەڵگەكانی دەستبەسەرداگرتنی كۆشكێكی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا

  • داعش چۆن سودی لە رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا بینیوە ؟

  • ئەمریكا مەبەستی لە كام چەكانەیە كە دزراون و چی لایەنێكی كوردی و عێراقی ئەو كارەیان كردووە؟

  • دواین زانیاریی لەبارەی رێككەوتن و ئاگربەست؛ ترەمپ: گەمارۆ زیاتر لە بۆردومان ئێران دەترسێنێت

سەرەکی