2   کاتژمێر پێش ئێستا 33 جار خوێنراوەتەوە

دوو ژنی ئوستورالی كە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان؛ تۆمەتبارن بە كڕینی ژنێكی سوری

 پۆلیسی ئوستورالیا ڕایگەیاند، دوو ژنی ئوستورالی كە ساڵی 2014 چوونەتە سوریا و پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە، رۆژی پێنجشەممە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان و دەستبەجێ دەستگیركراون، چونكە تۆمەتبارن بە كڕینی ژنێكی سوری و دواتر وەك بەردە بەكاریانهێناوە.
 
چیرۆكی ئەو دوو ژنە ئوستورالییە بەمشێوەیەیە، ئەوان ساڵی 2014 رێگایەكی دوور و درێژیان بڕیوە تا بگەنە سوریا و پەیوەندی بە داعشەوە بكەن، ئەوان ژنێكی سورییان لە سوریا لە ماڵەكەیاندا دەستبەسەر كردووە، بەڵام دوای ڕووخانی خەلافەتەكەی داعش و بەسەربردنی 10 ساڵ لە كەمپی رۆژی ڕۆژئاوای كوردستان، گەڕاونەتەوە بۆ سوریا، گەشتەكەشیان لە رێگەی هێڵی قەتەرییەوە ئەنجامداوە، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە فڕۆكەخانەی میلبۆرن دەستگیركراون.

پۆلیسی ئوستورالیا، ئەو دوو ژنە كە دایكێكی 53 ساڵ و كچە 31 ساڵانەكەین، تۆمەتبار دەكات بەوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە، ئەوكاتەی لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش دا لە سوریا بەسەریان بردووە، چونكە پێكەوە بەشداربوون لە كڕینی ژنێكی سوری كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە، ئەوان ئەو ژنەیان بە 10 هەزار دۆلاری ئەمریكی پێكەوە كڕیوە، كچەكەشی تۆمەتەكەی ئەوەیە، كە ئاگاداربووە ئەو ژنە وەكو بەردە كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە و دایكیشیی كڕیویەتی و لە ماڵەكەیدا كاری پێكردووە.

ئەو ژنانە چیرۆكی سەرنجڕاكێشیان هەیە، ئەوان ژمارەیان سەدان ژنە كە لە دەوڵەتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی گۆی زەوییەوە بە ڕێگەی دوورو درێژ و بەناوی گەشتەوە لە رێگەی وڵاتانی ترەوە خۆیان گەیاندووەتە سوریا، ئەمەش كاتێك ڕوویداوە كە داعش لە ساڵی 2014 لە سوریا و عیراق بەهێز بوو بەشێكی زۆری خاكی هەردوو وڵاتی داگیركرد و دواتر خەلافەتی ڕاگەیاند، ئەوان پێیان وابوو لە سوریا و عیراق، داعش تا هەتایی خەلافەتەكەی دەمێنێتەوە و دەتوانن وەكو شاژن بژین، بەڵام زۆربەیان لەلایەن داعشەوە بۆ ئەو چەكدار و ئەمیرانە دیاری كران كە دەبێت لێیان مارە بكرێن،ئەو ژنانەش بۆ ئەوەی ئەركەكانی سەرشانیان لە خزمەتكردنی چەكدارانی داعش كەمتر بێتەوە، هانی ئەو چەكدار و ئەمیرانەی داعشیان داوە ژنان و كچانی سوری و عیراقی وەك كۆیلە و كەنیزەك و بەردە بكڕن یان بیانڕفێنن و پاشان خزمەتیان پێ بكەن.

ئێستاش زۆرێك لەو كچ و ژنە سوری و عیراقیانە بەتایبەتیش كچان و ژنانی ئێزدی بەهۆی ئەو كڕین و فرۆشتنانەوە بێسەروشوێنن، لە هەمانكاتیشدا بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی بە ویستی خۆیان چوونە سوریا و عیراق و پەیوەندییان بە داعشەوە كرد یان لە كەمپەكانی سوریان و یاخود بە پەشیمانی و تۆمەتباری گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان، بەڵام هەندێكیشیان سەرەڕای ئەوەی دەستبەسەرن هێشتا خەونی گەڕانەوەی خەلافەت لە كەللەیاندایە و منداڵەكانیشیان وا پەروەردەكردووە، كە ئەمەش وەك مەترسییەكی ئایندە لێی دەڕوانرێت.

  • دوو ژنی ئوستورالی كە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان؛ تۆمەتبارن بە كڕینی ژنێكی سوری

  • ئەمریكا  فشار لە زەیدی دەكات پەیوەندی لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بپچڕێنێت

  • شەوی ڕابردوو چی ڕوویدا؟؛ ئەمریكا و ئێران یەكتر بە هێرش تۆمەتبار دەكەن

  • لە كاتی پرۆسەی دادگایی كردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و هاوڕێكانی چی ڕوویدا؟

  • عەجاج دەلەرزی؛ ڕزگاربووانی ئەنفال چییان بە جەلادەكەی نوگرە سەلمان وت؟

  • دەست بە دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان كرا؛ عەجاج كێیە؟

  • ئاماژەكانی رێككەوتنێك لەنێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ نزیكە

  • دیموكراتەكانی كۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن لەبارەی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل بێدەنگی بشكێنێت

  • ئوستورالیا داعشەكانی وەردەگرێتەوە بەڵام دادگاییان دەكات

سەرەکی