1     کاتژمێر پێش ئێستا 136 جار خوێنراوەتەوە

عەجاج دەلەرزی؛ ڕزگاربووانی ئەنفال چییان بە جەلادەكەی نوگرە سەلمان وت؟

ناوەندی هەواڵ

دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج تكریتی، "جەلادەكەی نوگرەسەلمان" بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. لە دانیشتنێكی چوار كاتژمێریدا 28 رزگاربووی ئەنفال وەك سكاڵاكەر و شایەتحاڵ وتەیان لێوەرگیرا.

لە دادگای رەسافە لە بەغداد، دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج تكریتی بۆ رۆژی 14-05-2026 دواخرا. تۆمەتبارەكە كە جلێكی زەردی زیندانی و تیشێرتێكی رەشی پۆشیبوو، لە كاتی وتەی سكاڵاكەراندا زۆر شڵەژاو دیاربوو و دەستەكانی دەلەرزین.

وەك شایەتحاڵانی نێو دادگاكە دەڵێن "عەجاج بە كەسایەتییەكی زۆر زۆر لاواز دەردەكەوت و جیاواز بوو لەو وێنەیەی لە سەرەتای دەستگیركردنیدا بڵاوكرایەوە و كاریگەری زیندانیكردنی بەسەرەوە دیاربوو."

لە كاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەدا، عەتا ئیبراهیم، یەكێك لە سكاڵاكەران، رووی كردە عەجاج و پێیوت: "كوا سەیری دەموچاوم بكە، من گوناهم چی بوو كاتێك تەمەنم تەنیا 11 ساڵ بوو و تۆ بە كێبڵ لێت دەدام؟" عەجاج لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا بێدەنگ بوو و تەنیا سەری سوڕاند و هیچی نەوت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە نێو دانیشتنەكەدا وتەی نزیكەی 28 سكاڵاكەر وەرگیراوە. عەجاج چەند جارێك هەوڵیداوە بەرپەرچی دادگا و شایەتحاڵەكان بداتەوە، بەڵام لەلایەن سەرۆكی دادگاوە رێگری لێكراوە، دواخستنی دانیشتنەكەش لەسەر داوای تۆمەتبارەكە بووە بۆ ئەوەی وتەكانی خۆی ببینێتەوە.

عەجاج نكۆڵی كردووە

عەجاج لەبەردەم دادوەردا دانی بەوەدا ناوە كە بەڕێوەبەری ئەمنی نوگرەسەلمان بووە، بەڵام سەرجەم تاوانەكانی ئەشكەنجەدان و كوشتنی رەتكردووەتەوە. ئەو تەنها دانی بە گیانلەدەستدانی یەك منداڵدا ناوە و وتویەتی لەو ڕۆژەدا مۆڵەت بووە.

لە بەرامبەردا، دادوەر وێنەكانی "ئاشكراكردنی بەڵگە"ی نیشانی عەجاج داوە، كە تێیدا پێشتر تۆمەتبارەكە خۆی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان چووەتە شوێنی تاوانەكان و دانپێدانانی لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئەشكەنجەدانی خەڵك كردووە. دادوەر جەختیشی كردەوە " هەموو دۆسیە و بەڵگەكان لەبەردەستن".

كەمتەرخەمی لە دادگاییەكەدا هەبووە

بەوتەی شایەتحاڵان و پارێزەران كە لە هۆڵی دادگا ئامادەبوون، كەمتەرخەمی لە بابەتی وەرگێڕاندا هەبووە، دەبوو وەرگێڕێكی پیشەیی هەبێت بۆ ئەوەی وتەی سكاڵاكەران بە وردی بگەیەنێتە دادوەر، چونكە هەندێك لە سكاڵاكەران بەهۆی تەمەن و كاریگەریی ئەو ئەشكەنجە زۆرەی بینیویانە، یادگەیان وەك پێویست نەبوو بۆ گێڕانەوەی وردەكارییەكان.

بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە، جارێكی دیكە دادگا كۆببێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لەو دانیشتنەدا دۆسیەی "جەلادەكەی نوگرەسەلمان" یەكلایی بكرێتەوە.

 عەجاج كێیە؟

عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە (حەجاجی نوگرە سەلمان)، یەکێکە لە جەلادەکانی حیزبی بەعس و سەرپەرشتیاری گرتووخانەی نوگرە سەلمان بوو لە سەردەمی پرۆسەی ئەنفالدا کە خەڵکی کوردستانی تێدا زیندانییکرابوو، تیایدا بە نامرۆڤانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ژن و منداڵ و خەڵکی کوردستان کردووە.

بە درێژایی 22 ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لە دیارترین ئەو تۆمەتبارانەی تاوانی ئەنفال و زیندەبەچاڵکردنی بەرامبەر بە هاونیشتیمانییانی کورد ئەنجامداوە هەڵهاتووە و بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان بەلاڕێدا ببەن، بنەماڵەکەی بانگەشەی ئەوەیان کردبوو گیانی لەدەستداوە، دوای ئاشکرابوونی، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لة كؤتايى مانطى تةموزى رِابردوو دەستگیر کرا.

 یەكێك لە شایەتحاڵان دەڵێت،" ئەوکاتە من تەمەنم 16 ساڵ بوو، بەیانیان ئەم عەجاجە دەچوو بۆ سەماوە و نیوەڕۆیان دەگەڕایەوە بۆ ژوورەکەی لە نوگرە سەلمان، سۆپەرێکی مۆدێل 85ی پێبوو، لەوێ دەخەوت، چۆلەکەیش بۆی نەبوو، جریوەی بێت، تا عەجاج بێزار و توڕە نەبێت".

 ئەو شایەتحاڵە دەشڵێت "ئیتر منداڵانی کورد لە نوگرە سەلمان کە لەبرسا دەگریان ئەم عەجاجە لەخەو هەڵدەسا و توڕە دەبوو، منداڵەکانی هەمووی کۆدەکردەوە و دەیبردنە حەوشەی زیندانەكە و لەبەر خۆر دایدەنان، ئیتر بەکێبڵ دەکەوتە گیانیان".

"منداڵیش هەموویان دەگریان هاواریان دەکرد دایکە گیان فریام کەوە، ئیتر دایک و باوکەکانیش لە تاقی ژوورەکانەوە لە کونە بچووکەکانی ژوورەکەوە هاواریان دەکرد گیانەکەم مەگری من لێرەم، تا بانگی مەغریب ئەم عەجاجە ئەو منداڵانەی لەو حەوشەیەدا لەبەر ئەو خۆرەدا دەهێشتەوە".

بەوتەی شایەتحاڵەكان، کۆمەڵێک سەگی بەرەڵا و ڕەش لە نزیکی قەڵای نوگرە سەلمان بوون، عەجاج تەرمی منداڵەکانی خستووەتە بەردەم سەگەکان.

 شاڵاوەكانی ئەنفال

شاڵاوەکانی ئەنفال لە هەشت قۆناغی جیاوازدا ناوچەکانی گەرمیان، بارزان، بادینان، دۆڵی جافایەتی و خۆشناوەتیی و بەشێک لە خەڵکی هەڵەبجەی گرتەوە و بووە هۆی وێرانکردنی زیاتر لە 4000 گوند.

 ڕژێمی بەعس بە مەبەستی سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی، خەڵکی سڤیلی لە زێدی خۆیان ڕاپێچی زیندانەکانی نوگرەسەلمان و بیابانەکانی عێراق کرد و لەوێ بە کۆمەڵ زیندەبەچاڵی کردن و کەمێکیان دواتر بە لێخۆشبوونی گشتی توانیان بگەڕێنەوە. بەڵام بەپێی داتاكان نزیكەی 182 هەزار كورد لەو پرۆسە بەدناوەدا گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.

عەجاج چی یاسایەك دەیگرێتەوە؟

عەجاج بە پێی ماددەی 12 لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە 10ـی ساڵی 2005 کە تایبەتە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی وەک ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی بەکۆمەڵ تۆمەتبار کراوە، بە ئەگەری زۆر لەسەر ئەو توانانەی ئەنجامی داوە سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی بۆ دەردەچێت.

قەڵا یاخود زیندانی نوگرە سەلمان

قەڵای نوگرە سەلمان، دەکەوێتە پارێزگای موسەنا (سەماوە) لە قووڵایی بیابانی سەماوە لە نزیک سنووری عێراق و سعودیە. ناوچەکە بەوە ناسراوە کە کەشوهەوایەکی زۆر وشکی هەیە. لە هاویناندا گەرمایەکی بکوژ و لە زستاناندا سەرمایەکی وشکی هەیە، هەر بۆیە ئەنفالکراوەکان لەو زیندانە بە سەرپەرشتی عەجاج، کە ئەفسەری سەرپەرشتیار بووە، تراژیدیای زۆریان بەسەرهاتووە.

 

  • عەجاج دەلەرزی؛ ڕزگاربووانی ئەنفال چییان بە جەلادەكەی نوگرە سەلمان وت؟

  • دەست بە دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان كرا؛ عەجاج كێیە؟

  • ئاماژەكانی رێككەوتنێك لەنێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ نزیكە

  • دیموكراتەكانی كۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن لەبارەی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل بێدەنگی بشكێنێت

  • ئوستورالیا داعشەكانی وەردەگرێتەوە بەڵام دادگاییان دەكات

  • لەنێوان هەڕەشە و گەشبینیدا؛ ئەمریكا و ئێران رێكدەكەون؟

  • رۆڵی ئۆجەلان دیاری بكرێت؛ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی: هەنگاوی پێویست لەلایەن توركیاوە نەنراوە

  • هانتا؛ ئەو ڤایرۆسەی لەسەر كەشتییەكی گەشتیاری لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبوەوە چییە؟

  • رێکخراوی CPT: چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ

سەرەکی