2 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
لە كاتی پرۆسەی دادگایی كردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و هاوڕێكانی چی ڕوویدا؟
"لاهور چاكەتێكی شین و قەمیسێكی سپی پۆشیوە و وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ، وەك جاران كە چۆن دەچووە شوێنێك بە خێرایی دەڕۆیشت و دەستی سڵاوی بەرزدەكردەوە"
ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حەوتی ئایاری 2026، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 گیراوی دیكەی لالەزار، تیمی پارێزەران و كەسوكاریان لە بەردەم دادگای سلێمانی ئامادەبوون، بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگاییكردنە دواخرا بۆ 14-05-2026، بەهۆی ئامادەنەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی.
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، پارێزەرەكەی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە كرد، ئەمجارە دانیشتنەكە زوو كۆتایی هات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دادگا لەژێر چاودێرییەكی تووندی ئەمنیدا بوو. بەپێی زانیارییەكانیش تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە دادگا ئامادەبوون، بەڵام دادگاییكردن لەسەر ئەم ماددەیە پێویستی بە وتەی خودی سكاڵاكارەكان هەیە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی دیاربێت، هیچ كام لە سكاڵاكارەكان ئامادە نەبوون.
كێشەی لاهور شێخ جەنگی و براكانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، كاتێك هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و كۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێكی سێ كاتژمێری و رووبەڕووبوونەوە، هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی رەتیكردەوە خۆی رادەست بكات. لەو هێرشەدا لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەك لەو كەسانەی لە لالەزار بوون لەگەڵ هێزەكەی دەستگیركران.

یەكەم دادگایی
دواتر و لە رۆژی 12-1-2026، بۆ یەكەمجار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگای سلێمانی، بەڵام لەو دانیشتنەدا دادوەر بڕیاری كۆتایی نەدا و رایگەیاند كە بۆ وردبینیی زیاتر، دۆسیەكە رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە هەولێر دەكرێت.
چی لەبارەی دادگاییەكەوە دەوترێت؟
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ و رۆژنامەنوس كە ئامادەی دانیشتنەكە بووە نوسیویەتی:" كاتێ تەماشای ئەو وێنانەی دەكرد كە دادوەر لەگەڵیدا رونكردنەوەی دەدا، پێڵوی چاوەكانی لە یەكتر نزیكدەكردەوە، بەوردی تەماشای وێنە و ڤیدیۆكانی دەكرد، بە ئاماژە بێئاگابونی خۆی لەو دیمەنانە دەردەبڕی، چەند جارێكیش تەماشای رێبواری هاوڕێی دەكرد، هەردوكیان زەردەخەنەیان دەگۆڕییەوە".
ڕەحمان غەریب نوسیویەتی:"ئەمڕۆ 7ی ئایار 2026، بە روخسارێكی گەشەوە خۆی كرد بە هۆڵی تاوانەكانی دادگای سلێمانی، دەستی راستی سڵاوی بۆ ئامادەبوان بەرزكردەوە، هەستی بەشێك لە ئامادەبوان تێكەڵەیەك بوو لە دڵخۆشی و نائومێدی. هەموان بە پێوە وەستان بۆ پێشوازی لە سڵاوە گەرمەكەی لاهوری شێخ جەنگی".
"رێبوار لەلای دەستی راستی، پۆڵاد لە پشتییەوە، 10 تۆمەتباری تریش لەگەڵی وەستابوون، كە بچوكترینیان لەدایكبوی ساڵی 2000 بوو، ئەو گەنجە لەوە نەدەچوو تەندروستیی چاوەكانی باش بن، زۆری دەتروكاند". ڕەحمان غەریب وای نوسیوە.

لە درێژەدا ڕەحمان غەریب نوسیویەتی:"لەگەڵ عەزیز رەئوف، هێمن مەحمود) چوینە هۆڵەكە، دەتوانین بڵێین دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا تەنها خوێندنەوەی وتەی هەردوو سكاڵاكار، (بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی) بوو، دژ بە لاهوری شێخ جەنگی و هاورێكانی، كە تۆمەتەكان هەوڵی كوشتنیان بووە، بە قەناس و خستنە خوارەوەی هەلیكۆپتەر".
رێكخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت "ڤیدیۆ و فۆتۆكان بە داتاشۆ بە دیواری لای چەپی هۆڵەكە پیشانی ئامادەبوان درا، رەنگە شتێكی نوێی تێدا نەبێ، دیمەنی ئەو زەلامەیشی تێدابو كە بە دو كومباری قەدكراوەوە خۆی دەكات بە مەسعدی باڵەخانەیەكی نیشتەجێبون، دەوترێت بەشێكی هەوڵی كۆدەتاكەیە".
لە بەشێكی تری نوسینەكەی رەحمان غەریب دا هاتووە:"دادوەر لەگەڵ ئەوەی لائیحەی تۆمەتەكانی پێشكەش دەكرد، مامەڵەیەكی ئاسایی لەگەڵ تۆمەتباران، پارێزەران، ئامادەبوانی ناو هۆڵەكەدا كرد، هەرچەندە رێوشوێنی ئەمنی زیادەڕۆیی پێوە دیاربو، بەڵام مامەڵەی ئەو هێزانە، هەروەك پۆلیس و فەرمانبەرانی ناو دادگا شارستانی بوون هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی پێوە دیار نەبوو".
"هۆڵەكە تا دەهات گەرم دەبوو، ئاوات خانی خوشكی، لاپەڕە سپییەكەی دەستی بۆ نارد، روخساری پێ باوەشین كرد، بەڵام ئەو دەكوڵا و خۆی بۆ نەگیرا، روی كردە دادوەر: جەنابی دادوەر پێش ئەم روداوانە من كێشەم لەگەڵ سكاڵاكاران هەبووە، پێنج كەسی نزیكم كوژراون، شكات كراوە، بەڵام دۆسییەكانیان نەچونەتە پێشەوە، داوادەكەم دۆسییەكەم بنێرنە دادگای تەمییز، لاهوری شێخ جەنگی وای وت".

"لە وڵاتێكدا كە هەموان لە بەردەم یاسا و دادوەری، وەك یەك نەبوین، كە پێشینە هەبو بۆ بەكارهێنانی یاسا لە كڕین و فرۆشی سیاسی، هیوا هەڵچنین بە گواستنەوەی كەیسەكەی لاهوری شێخ جەنگی بۆ دادگای ناوچەیەكی تر، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ، كە ئێمە لەبەردەم كەیسێكی سیاسیداین و سبەینێ حزب بە هەموو قورساییەكی لەژێر سێبەری دادگادا، كار لەسەر دەرئەنجامەكانی دەكات". رەحمان غەریب وای نوسیوە.
لەم جۆرە كەیسانەدا گواستنەوەی دۆسییەكەی ناكاتە چاوەڕوانی موعجیزە
دەشڵێت "ئیتر وایە، كاتێك كەیسێك قاچێكی لەناو چڵپاوی سیاسەتدا بێت و ئەویتریشی لەناو دەقی یاسایی لاستیك ئاسادا، لەم جۆرە كەیسانەدا گواستنەوەی دۆسییەكەی ناكاتە چاوەڕوانی موعجیزە، یان گۆڕانی دونیا، سادەتر: لەم كەیسانەدا ئەوە سیاسەتە بڕیار دادەڕێژێ، نەك دادوەری، ئەوە بەرهەمی سیاسەتە كە یاسا دەكاتە موعجیزە و لە شەو و ڕۆژێكا تۆمەتبار دەكاتە شەریك و هاوپەیمانی سیاسی".
لە كۆتایی نوسینەكەیدا رەحمان غەریب دەڵێت "ئەو سیاسەتە ناڵێم كە عیلمە، هونەرە، بۆ چاكەی گشتییە و بنچینەیەكی ئەخلاقی هەس، ئەوەیان دەڵێم كە ئەخلاقی لە سیاسەت جیاكردەوە و لە كۆتایشدا سیاسیی تاجر، سیاسی و دز، سیاسی و ساختەچیت لەیەكتر بۆ جیانەكرێتەوە".

عەزیز ڕەئووف: لاهور چاكەتێكی شین و قەمیسێكی سپی پۆشیوە و وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ
عەزیز رەئووف نوسەر و مامۆستای زانكۆ لەوبارەیەوە بەمجۆرە چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە
"كە پەیوەندی بە ئاوات خان، خوشكی لاهور شێخ جەنگی دەكەم كە دەمەوێت وەك چاودێڕێك لە دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی ئامادە بم، بە خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، ڕۆژی دواتر زەنگی لێدا و وتی: ڕۆژی پێنچ شەممە ساعات هەشت و نیو ئامادەبە".
سەرلەبەیانییەكی جیاواز
سەرلەبەیانی بەرەو دادگای سلێمانی دەكەومە ڕێ. ئەو ناوە بە هێز تەنرابوو، ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەكەی بەردەم دادگا پڕ بوو لە ئۆتۆمبیلی سەربازی. چەكدارێكی زۆر بە جلی سەربازی و چەكەوە، هەندێكیش بە جلی مەدەنی و جیهاز یان مۆبایلەوە، هەموو سەرقاڵ و پەشۆكاو وەك ئەوەی شتێك ڕووبدا وابوو. گڵۆپی ترافیك سەوز دەبێ و دەپەڕمەوە بەری دادگای سلێمانی. قەرەباڵغیەكی زۆر ئەوناوەی تەنیوە.
بە جیاواز لە ڕۆژانی تر، هەست دەكەی دادگا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە و كەسانێك دادگایی دەكرێن، كە ساڵێك پێش ئیستا بە هەزاران چەكدار و تانك و زرێپۆش لە بەرە بەیانێكی هاویندا دوای شەڕێكی سەخت لەو هاوینەهەواری سەرچنارە دەستگیریان دەكەن. ئەو سەرلەبەیانییەی كە گەنجەكانی لالەزاریان ڕووتكردۆتەوە لە سەر زەوی و هەر ئەو هێزە ئیستا لە دەسەڵاتن، گەنجێك لە پشتەوە زلەیەك لە لاهوری شێخ جەنگی دەدات و یەكێك ڕوودەكاتە ناو ئۆتۆمبیلێك كە دیلی تێدایە: وازم لێبێنە با یەكێكیان بكوژم.

پێڕەكەی خۆم دۆزییەوە
لەناو قەرەباڵغیەكەدا هەریەك لە هاوڕێ ڕەحمان غەریب و هێمن مەحمود سەرنوسەری زووم دەدۆزمەوە و بە پێڕی خۆمیان دەزانم و هەست دەكەم ئەوانیش بەبینینی من كۆڵێك دڵخۆشن. كاك میرانی محامی دێتە دەرەوە و دەڵێت كاك عەزیز، ئاوات خان دەڵێ وەرە ژوورەوە. بەناو قەرەباڵغی و پشكنینێكی چڕ و لێسەندنی مۆبایل، خۆمان دەگەیەنینە بەردەم ژووری دادگا و ئاوات خان لەناو قەرەباڵغیەكەدا بانگم دەكا و وەژووری دادگا دەكەوم.
كە وەژوور دەكەوم و سڵاو لە خزمانی شێخ جەنگی دەكەم كە زۆرینەیان لەوێن، فێنك و ژینۆ دەبینم، وەك دوو ژنی چالاك لەناو ئەم سەردەمی بێ پیاویەدا شوێنی سەدان پیاویان بۆ لاهور و بنەماڵەكەی گرتۆتەوە و ژنانێكی وا سەرسەخت و ئازا دەبینی كۆڵێ دڵت بەوە خۆشە كە هێشتا وەفا بۆ كەسێكی زیندانی و بێدەسەڵات ماوە كە سەردەمێك كۆی دەسەڵاتە ئەمنی و سیاسییەكانی ئەم زۆنەی بەدەستەوە بوو.
سڵاو كردن و مقۆمقۆ و وەرە ئێرە دانیشە و هەریەك دەخوازێت لای ئەو قەفەزە ئاسنینەوە دانیشێت كە دوای چەند دەقیقەیەكی تر لاهور شێخ جەنگی و براكەی و ڕێبواری حامی حاجی غالی و نۆ كەسی تر لەو گەنجانە دەهێنن كە سەردەمانێك دڵسۆزی پیاوێك بوون كە دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە و ئیستاش لە قەفەزێكی ئاسنیندا هەر بە برا گەورە و هاوڕێ و كەسی خۆیانی دەزانن.

چاكەت شینێك لە قەفەزێكی ئاسندا
هەموو چاوەكان لە دەرگای بەرامبەرە و چاوەڕێی لاهور و هاوڕیكانی دەكەن وەژوور بكەوێت. لەپڕ لاهور دێتە ژوورەوە و بەدوایدا پۆڵادی برای و ڕێبواری حامی حاجی غالی و كۆی برادەرەكان لە قەفەزەكەدا كەلەكە دەبن.
عەزیز ڕەئووف لە درێژەدا نوسیویەتی: لاهور چاكەتێكی شین و قەمیسێكی سپی پۆشیوە و وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ، وەك جاران كە چۆن دەچووە شوێنێك بە خێرایی دەڕۆیشت و دەستی سڵاوی بەرزدەكردەوە، پێش هاوڕێكانی بەرەو قەفەزە ئاسنینەكە دەڕوا و بە هەموو لایەكدا چاودەگێڕێ و دەیەوێت بزانێت كێن ئەوانەی لە تەنگانەدا جێیان نەهێشتووە. ئەو جوست و چالاك و شیك و دەم بەخەندەیە. لاهور یەك یەك تەماشای میوانەكان دەكات و دەستی سڵاو بەرز دەكاتەوە و كە چاوی دەچێتە سەر من، دەستی سڵاو بەرز دەكاتەوە و تەماشام دەكات و لەچاویا سوپاسگوزارییەك دەبینم، وەك ئەوەی بڵێ كە لانی كەم بەرامبەر ئەو غەدرەی لێمكراوە بێدەنگ نەبووی یان لانی كەم سوپاس كە لێرەی.
ڕێكارەكانی دادگا دەستی پێكرد. دادوەر یەك دنیا ئەوراقی لەبەر دەست بوو، خوێندنەوەی ئەم هەموو ئەوراقە تاقتەتپڕوكێن بوو. لەو كاتەدا دادوەر داوا لە هەریەك لە پاڤڵ جەلال حیسامەدین و قوباد جەلال حیسامەدین دەكات كە بێنە ژوورەوە. كارمەندەكە دەچێتە دەرەوە و لەناو خەڵكەكە هاوار دەكات:
پاڤڵ جەلال حیسامەدین
قوباد جەلال حیسامەدین
كارمەندەكە دێتە ژوورەوە: گەورەم نەهاتوون. نەهاتنیان لای كەس گرنگ نەبوو وەك ئەوەی پێشتر هەموو بزانن كە هەردوو خاوەن سكاڵا ئامادە نابن.

فەرشی ناو ئاسانسۆرەكە
"شاشەیەكی گەورە دەكرێتەوە. چەند ڤیدۆیەك پیشان دەدرێ كە چۆن هەوڵی تیرۆركردنی پاڤڵ و قوباد دەدرێت. وێنەی سەیارە و وێنەی درۆن و جوڵەی سەیارەكان، زۆری ڤیدۆكان تەواو تاقەتپڕوكێنە و لەگەڵ هەر ڤیدۆیەكدا لاهور پێدەكەنێ و بە چرپە شتێك بە ڕیبواری حامی دەڵێت و هەردوكیان پیدەكەنن. ڤیدۆ بەردەوامە تا دەگاتە فەرشە چەماوەكەی ناو ئاسانسۆرەكە كە قەناسی تێدایە و هەموو ئامادەبووان بە لاهور و برادەرەكانیشیەوە پێدەكەنن.هێنانی چەك بۆناو شوقەیەك لەناو فەرشێكی لولكراوی چەماوەدا كەمێك بۆ ئامادەبووان و تۆمەتبارانیش مایەی پێكەنین بوو".
بەوتەی عەزیز ڕەئووف "لەوكاتەدا لاهور قسە دەكا: جەنابی دادوەر من پێنچ كەس لە كەسە نزیكەكانم لە ڕانیە تیرۆر كران، كەیسەكەیان گەیشت بە كوێ؟ ئەو تۆمەتانەی من دوو ساڵ پێش ئیستایە بەڵام كەیسی هاوڕێ شەهیدەكانم چوار ساڵ پێش ئیستایە. دادوەر هەڵدەداتێ: كار لە سەر ئەو كەیسە كراوە و چاوەڕیی ڕێكارە یاساییەكانین".
خوشكێك وەك شنەی با
"ژووری دادگا گەرم دادێ. ئاوات شێخ جەنگی چەند پارچە كاگەزێك دەداتە هاوڕێكانی بۆ خۆباوەشێنكردن. بە بیانووی گەرماوە كاغەزێك لە خانمێكی ناو ژوورەكە وەردەگرم بۆ باوەشێن، بەڵام بۆ نوسینی تێبینییەكانم لەسەر دادگاییكردنەكە و ئەوەی بینیومە پارچە كاغەزەكە بەكاردێنم.سەعات و نیوێك دەخایەنێت. جارجار پارێزەرەكانی ڕیزی پێشەوە قسەیەك دەكەن و دادوەر وڵامیان دەداتەوە. لاهور بە كلینێكسێك نێوچاوان و لا ملی دەسڕێ. ئاوات خان كاخەزێكی سپی دەدات بە كارمەندەكە تا بیدات بە لاهور تا خۆی باوەشێن بكات. خوشك گەوهەرە بۆخۆی. شەوی سەر لالەزارم بیر دێتەوە كە چۆن ئاوات خان براكانی جێناهێڵی و دەبێتە پشت و پەنا بۆیان". عەزیز ڕەئووف وای نوسیوە.
"دادوەر ئەوراقەكان دەخوێنێتەوە. كات زۆر ڕۆی. لاهور و برادەرانی سەیری یەك دەكەن و پیدەكەنن. وەك ئەوەی بڵیی ئێمە ئاگامان لەم شتانە نییە. لاهوور چاوی بچووك دەكاتەوە و بە تەواوی گوێقوڵاغی خوێندنەوەی نوسراوەكانی بەردەم دادوەرەكەیە و جارجار سەیری ڕیبوار و جارجارەش سەیری ئامادەبوان دەكات و پێدەكەنێ".

تینو بۆ ئاو، یان ئازادی؟
"گەرما بێتامی كرد و كات دەڕوا. پەنجەرەكە دەكەنەوە تا هەوا بێتە ژوور. بورهان رەشید وەك پارێزەر داوای ئاوی خواردنەوە دەكات بۆ تۆمەتباران. دادوەر كۆتایی بە دانیشتنەكە دێنێت بۆ پێنچ شەممەی داهاتوو. ئاوی خواردنەوە نەگەیشت و لاهور و براكەی و ڕێبوار و نۆ لە هاوڕێكانی كە هەموو گەنجن و ڕیشی ڕەشی نەتاشراویان سەرنج رادەكێشێ. لاهور لەپێشەوە و ئەوانی تر بەدوایا دەستی خواحافیزی بەرز دەكەنەوە و لە ژوورەكە دەچنە دەرەوە." عەزیز ڕەئووف وای نوسیوە.
-
لە كاتی پرۆسەی دادگایی كردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و هاوڕێكانی چی ڕوویدا؟
|
-
عەجاج دەلەرزی؛ ڕزگاربووانی ئەنفال چییان بە جەلادەكەی نوگرە سەلمان وت؟
|
-
دەست بە دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان كرا؛ عەجاج كێیە؟
|
-
ئاماژەكانی رێككەوتنێك لەنێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ نزیكە
|
-
دیموكراتەكانی كۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن لەبارەی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل بێدەنگی بشكێنێت
|
-
ئوستورالیا داعشەكانی وەردەگرێتەوە بەڵام دادگاییان دەكات
|
-
لەنێوان هەڕەشە و گەشبینیدا؛ ئەمریكا و ئێران رێكدەكەون؟
|
-
رۆڵی ئۆجەلان دیاری بكرێت؛ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی: هەنگاوی پێویست لەلایەن توركیاوە نەنراوە
|
-
هانتا؛ ئەو ڤایرۆسەی لەسەر كەشتییەكی گەشتیاری لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبوەوە چییە؟
|
|
|
|