2   کاتژمێر پێش ئێستا 74 جار خوێنراوەتەوە

ئێران داوای چی كرد و ئەمریكا ڕەتیكردەوە؟

نەتەنیاهۆ ڕەخنەی لە پلاندانەرانی ئیسرائیل گرت و وتی "توانای ئێرانیان لە ڕاگرتنی جوڵە لە گەرووی هورمز بە كەم بینی، بۆیە كاتی دەوێت تا هەمووان بەو مەترسییە دەزانن، وەك چۆن ئێستا هەندێك مەترسییەكە دەزانن".

ناوەندی هەواڵ

ئێران داوای كۆتایی هێنان بە گەمارۆی دەریایی و هەڵگرتنی قەدەغەی ئەمریكای لەسەر فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی كرد، بەڵام پێشنیارەكان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕەتكرانەوە.

ڕەتكردنەوەی داواكارییەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بووەهۆی بەرزكردنەوەی خێرای نرخی نەوت، ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی ترس لەبارەی بەردەوامیی ئەو ململانێیەی 10 هەفتەیە درێژەی هەیە، جگە لەوەی گرژییەكان وایانكردووە جوڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە.

دوای چەند رۆژێك لە داواكاری ئەمریكا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، ئێران شەوی یەكشەممە وەڵامی ئەمریكای دایەوە، وەڵامەكە سەرنجی لەسەر كۆتایی هێنان بوو بە جەنگی ئەمریكا بەرامبەر وڵاتەكە لەسەرجەم بەرەكانەوە، لەوانەش لە لوبنان و لەلایەن ئیسرائیلەوە، چونكە ئیسرائیل كە هاوپەیمانی ئەمریكایە بە چڕی بۆردومانی بارەگاكانی حزبوڵا لە لوبنان دەكات.

 تاران داوایكردووە قەرەبووی زیانەكانی بكرێتەوە

تەلەفزیۆنی ڕەسمیی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، تاران داوایكردووە قەرەبووی زیانەكانی جەنگی لەلایەن ئەمریكاوە بكرێتەوە، جگە لەوەش داوایكردووە سەروەری ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا بمێنێتەوە.

ئاژانسی تەسنیم لەوبارەیەوە بڵاویكردووەتەوە، ئێران داوای لە ئەمریكا كردووە كۆتایی بە گەمارۆی دەریایی بهێنێت، گرەنتی ئەوەش بكات هێرشی زیاتر نەكات و سزاكان لەسەری هەڵبگرێت، جگە لەوەش كۆتایی بە گەمارۆیی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی ئێران بهێنێت.

سەرۆكی ئەمریكا سەرجەم داواكارییەكانی ڕەتكردەوە

بەڵام لەماوەی چەند كاتژمێرێك دوای وەڵامەكەی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەرجەم داواكارییەكانی ڕەتكردەوە، ئەمەشی لە رێگەی پۆستێكەوە لە تۆڕی ترووس سۆشیال كرد.

ترەمپ نوسیویەتی:"ئەوە هیچ سەرنج ڕاناكێشێت، بە تەواوەتی ڕەتكراوەیە". بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی زیاتر لەوبارەیەوە بنوسێت.

ئەمریكا پێش ئەوەی كۆتایی بە جەنگ بهێنرێت، داوایكردبوو دەست بە گفتوگۆ بكرێت لەسەر ئەو پرسانەی جێی مشتومڕن، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

رەتکردنەوەکە نرخی نەوتی بەرزکردەوە

هەر دوای ڕەتكردنەوەی وەڵامەكەی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، نرخی نەوت سێ دۆلاری چووەسەر، ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی دۆخی چەقبەستوویی كە گەرووی هورمز بە داخراوی دەهێڵیتەوە، چونكە پێش جەنگ ئەو رێڕەوە ئاوییە یەك لەسەر پێنجی كۆی بەرهەمی نەوتی جیهانیی لێوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا، بۆیە بووە یەكێك لە دیارترین خاڵەكانی فشار لە جەنگدا.

دۆخی ئەمریكیەكان و ئێرانییەكانیش خراپە

ئێستا بەهۆی بەردەوامیی چەقبەستوویی دانوستانەكان، دۆخی ئەمریكیەكان و ئێرانییەكانیش خراپە، ئێران ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و دۆخی هاوڵاتیانی لەوپەڕی سەختیدایە، لە ئەمریكاش نرخی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش مەترسی سەرەكییە بۆ حزبی دیموكراتەكان كە ترەمپیان بە سەرۆك هەڵبژاردووە كە ئایا دەتوانێت پارێزگاری لە زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرێس بكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێس.

وڵاتان پاڵپشتی ئەمریكا ناكەن

ئەوەش لەكاتێكدایە، وڵاتان پاڵپشتی ئەمریكا ناكەن بۆ هاوپەیمانیكردن لەپێناو ناردنی هێز بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، بەتایبەتیش وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ئەوان دەیانەوێت ئەو رێكارە بەپێی رێككەوتنێكی ئاشتی بێت.

تائێستا ڕوون نییە ئەمریكا رێبازی دیپلۆماسی یان سەربازیی دەگرێتەبەر لە داهاتوودا، دوای ئەوەی ترەمپ وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازەكانی ئەمریكا ڕەتكردەوە.

ترەمپ دەچێتە چین

چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بگاتە پەكینی پایتەختی چین، لەگەڵ زیادبوونی فشارەكانیش بۆ ڕاگرتنی جەنگ بەشێوەی هەمیشەیی و كۆتایی هێنان بە قەیرانی وزە لە جیهان، چاوەڕوان دەكرێت ئێران پرسی سەرەكیی دانوستانەكانی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و شی جینبینگی سەرۆكی چین بێت.

ترەمپ چاوی لەوەیە، شی هەژموونی وڵاتەكەی بەكاربهێنێت تا وا لە ئێران بكات لەگەڵ ئەمریكا بگاتە رێككەوتن.

 ئایا پرۆسە سەربازییەكان دژ بە ئێران كۆتاییان هاتووە؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پرۆسە سەربازییەكان دژ بە ئێران كۆتاییان هاتووە، دوێنێ ترەمپ ڕایگەیاند، "ئەوان شكستیان هێناوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە شتەكە كۆتایی هاتووە".

بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لەوبارەیەوە دەڵێت "جەنگ كۆتایی نەهاتووە، زۆر كار ماوە بۆ ئەوەی بیكەین لەوانەش بردنی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی، لەگەڵ لەناوبردنی شوێنەكانی پیتاندن و ڕوبەڕووبوونەوەی بریكارەكانی ئێران و تواناكانیان لە بواری موشەكی بالیستی".

"ئێران هەرگیز كڕنوش بۆ دوژمن نابات"

لەلایەكی ترەوە، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند:"ئێران هەرگیز كڕنوش بۆ دوژمن نابات و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی بە هێز دەپارێزێت".

ئەم لێدوانانە لەكاتێكدان، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسیەكان كە لەلایەن پاكستانەوە بۆ كۆتایی هێنانی یەكجاریی جەنگ دەستیان پێكرد، مەترسیی بۆسەر دەریاوانی لە گەرووی هورمز و ئابوری جیهان بەردەوامە.

لە چەند رۆژی رابردوەوە چەند جارێك لە گەرووی هورمز و دەریای عوممان گرژی و پێكدادانی سەربازیی ڕوویانداوە، دوێنێ ئیمارات ڕایگەیاند كە دوو درۆنی لە ئێرانەوە ئاڕاستەكراوە، كوەیتیش ڕایگەیاندووە بەرگریی ئاسمانییەكەی ڕوبەڕووی درۆن بووەتەوە.

لە لوبنان جەنگ بەردەوامە

لە باشوری لوبنانیش جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵا بەردەوامە، هەرچەندە لە 16 ی نیسان سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل ڕاگەیاند.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت "كۆتایی پرۆسە سەربازییەكان لە ئێران بە مانای كۆتایی هاتنی جەنگ نییە لە لوبنان".

ئیسرائیل دانی پێدا دەنێت هەڵەیان کردووە

نەتەنیاهۆ ڕەخنەی لە پلاندانەرانی ئیسرائیل گرت و وتی "توانای ئێرانیان لە ڕاگرتنی جوڵە لە گەرووی هورمز بە كەم بینی، بۆیە كاتی دەوێت تا هەمووان بەو مەترسییە دەزانن، وەك چۆن ئێستا هەندێك مەترسییەكە دەزانن".

  • "دەرفەتمان پێبدەن؛"مەزڵوم عەبدی لەبارەی ناڕەزایەتیەكانی حەسەكە و مافەكانی كورد چی دەڵێت؟

  • ئێران داوای چی كرد و ئەمریكا ڕەتیكردەوە؟

  • سەردانی قائانی و پترایۆس؛ زەیدی لەنێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران

  • عەرەبی زمانی رەسمییە؛ لە حەسەکە چی ڕوودەدات؟

  • ململانێى هاككه‌ره‌كان؛ له‌نێوان خۆیاندا سیستمى یه‌كتر ده‌دزن

  • ساڵ و نیوێكه‌ حكومه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكنایه‌ت؛ عێراق دواى شه‌ش مانگ حكومه‌ت پێکدەهێنێت

  • دوای 126 ساڵ؛ خەونی سوڵتان عەبدولحەمید بە دروستكردنی هێڵی ئاسنینی حیجاز بەدی دێت؟

  • ئەمریكا و ئێران بۆچی ناچارن گفتوگۆ بكەن؟

  • دەیڤد پترایۆس سەردانی بەغداد دەكات؛ لیژنەیەكی عێراقی بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان پێكدەهێنرێت

سەرەکی