2026-06-14 146 جار خوێنراوەتەوە

چی روودەدات؟؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ئاڵنگارییەکان و هەڵوێستی ئیسرائیل

دوای دوو مانگ لە دانوستانی نێوانیان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ ئێران راگەیاند. رێککەوتنەکە بە رەسمی کۆتایی بە جەنگی نێوان تاران و واشنتن ناهێنێت، بەڵکو 60 رۆژی دیکە ئاگربەست درێژدەکرێتەوە، لەو ماوەیەدا گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی کۆتایی رێککەوتن دەکرێت کە بەرنامەی ئەتۆمیش لەخۆدەگرێت.

تا ئێستا تاران بە رەسمی راینەگەیاندووە کەی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکات. لەلایەکی دیکەوە، پاکستان کە نێوەندگیری سەرەکییە لە نێوان هەردوولادا رایگەیاند، مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رێگەی ئۆنلاین و بە دیجیتاڵی دەبێت.

راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، بووەتە هۆی دروستبوونی نادڵنیایی لای ئیسرائیل، چونکە ئەمریکا رەتیکردەوە بەشداری  بە ئیسرائیل بکات لە دانوستانەکاندا. ئەوەی جێگەی ترسی ئیسرائیلە، بەدەربوونی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران و سنوردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیلە دژی حزبوڵا لە باشووری لوبنان.ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و رەوتی توندڕەوەکان دژ بە رێککەوتن بەو شێوەیەی کە راگەیەندراوە.

چی روودەدات؟

رۆژی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026. ترەمپ رایگەیاند، مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران رۆژی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێران کاتی دیاریینەکردووە و تەنها دەڵێت لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتن واژۆ دەکرێت. بەپێی وتەی پاکستان، ئەم هەفتەیە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە مەراسیمی دیجیتاڵی واژۆکردنی رێککەوتن دەست پێدەکات.

ترەمپ کە رۆژی 14ی حوزەیران پێدەنێتە تەمەنی 80 ساڵییەوە، 15ی حوزەیران بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جی-7 دەچێتە پاریس. بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، لە پەراوێزی لوتکەی جی-7دا ترەمپ، بەجیا لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر، ئیمارات، میسر و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە. بۆ لوتکەی ئەمساڵی جی-7 بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگهێشت نەکراوە.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، پلانی سەرەکی ئەوە بووە، مەراسیمێکی رەسمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتن ئەنجامبدرێت، هەر وەک ترەمپ 12ی حوزەیران رایگەیاندبوو کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە جنێڤی پایتەختی سویسرا رێککەوتنەکە واژۆ دەکات. بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، پلانەکە گۆڕاوە، چونکە بەپێی پرۆتۆکۆڵە حکومییەکانی ئەمریکا، نابێت سەرۆک و جێگری سەرۆک لە یەککاتدا گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن. واتە هەتا گەڕانەوەی ترەمپ لە فەڕەنسا، ڤانس ناتوانێت ئەمریکا جێبهێڵێت.

لەبەر ئەو هۆکارە، وڵاتە نێوەندگیرەکان ترسیان هەیە، هەر جۆرە دواکەوتنێک لە واژۆکردنی رێککەوتن، مەترسییەکانی داڕوخانی دواین نزیکبوونە و لێکتێگەشتنەکان زیاتر دەکات، بۆیە پێشنیازی واژۆکردنی دیجیتاڵی رێککەوتنیان کردووە.

واشنتن و تاران لەسەرچی رێککەوتوون؟

بەپێی وتەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رەشنووسی لێکتیگەیشتنەکە تەنها دوو پەڕەیە.

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، درێژکردنەوەی ئاگربەستە بۆ دوو مانگی دیکە. لەو ماوەیەدا، ئێران نابێتە مەترسی بۆسەر رێڕەوی کەشتیوانی گەرووی هورمز و ئازادی کەشتیوانی دەگەڕێتەوە بۆ گەرووەکە.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا ئابڵوقە دەریاییەکانی بۆ سەر ئێران هەڵدەگرێت و هەردوولا سەرنجیان دەخەنەسەر دواین رێککەوتن و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

ئەوەی روون نییە ئەوەی چی روودەدات ئەگەر دوای 60 رۆژ، تاران و واشنتن نەگەیشتنە رێککەوتن؟ جاریکی دیکە درێژکردنەوەی ئاگربەست رەنگە ببێتە بژاردە، بەڵام ترەمپ بە روونی ئاماژەی بەوە کرد، دەیەێت بە خێرایی رێککەوتنێکی گشتیگیر ئەنجام بدرێت.

سەرەڕای هەبوونی گەشبینی لەلایەن هەردوولاوە، بەڵام هێشتا وانشنتن و تاران جیاوازیی گەورەیان هەیە لەوەی رێککەوتن چۆن پێناسە بکرێت. ئەمریکا بەدوای ئەوەیە دڵنیابێتەوە لە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە کاتێکدا ئێران جەختدەکاتەوە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دوابخرێت بۆ دانوستانەکانی ئایندە.

رێککەوتنەکە چی دەڵێت لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران؟

رەشنووسی رێککەوتنەکە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی میدیای ئەمریکا رەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە پرسی ئەتۆمی ئێرانی یەکلانەکردووەتەوە، لەبری ئەوە پرسەکە دواخراوە بۆ قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان.

سەبارەت بە یورانیۆمە پیتێندراوەکە، سەرۆکی ئەمریکا وتی: کاتێک دۆخەکە ئارام بوویەوە، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە کە لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ژێر زەویدا دەردەهێنرێت، لە ئێران یان ئەمریکا لەناودەبرێن. پێشتر ترەمپ جەختی لە گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە دەکردەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام ئێستا ئەوە داواکاریی سەرەکی نییە لەلایەن واشنتنەوە.

بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، ئەو بڕە یۆرانیۆمەی ئێستا ئێران هەیەتی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی لێ دروست دەکرێت.

یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە، لە داهاتوودا ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت، یان چۆن سەرکردەکانی ئێران قایل دەکرێن بۆ دەستبەرداربوون لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم.

چاوەڕوان دەکرێت ئێران لەم قۆناغەدا رازیببێت بە دەستبەردابوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام گەرەنتی چییە تاران دەست بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نەباتەوە، چونکە پێشتریش ئەو گەرەنتییەی کردبوو کە یۆرانیۆم بۆ ئاستی بەرز ناپیتێنێت. بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، تا ئێستا ئەوە روون نییە ئایا ئێران لە کۆتاییدا رازی دەبێت بە داواکانی ئەمریکا لە دانوستانەکانی داهاتوودا بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم یاخود نا؟

بەرنامەی مووشەکی ئێران

یەكێکی دیکە لەو پرسانەی ئیسرائیل زۆر بە چڕی فشار لە ئەمریکا دەکات لەسەر بەرنامەی مووشەکی ئێرانە، چونکە هەڕەشەی راستەوخۆیە لەسەر ئیسرائیل.

بەپێی لێکتیگەیشتنەکە، هیچ باسێکی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێران نەکراوە، هیچ گەرەنتییەک نییە ئایا ئێران رازی دەبێت لە گەڕی دانوستانەکانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر بکات. بەپێی وتەی نەتەنیاهۆ، ترەمپ وتوویەتی کە پابەندە بە گەرەنتیکردنی سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە. لەلایەکی دیکەوە بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی ئێران، پرسی بەرنامەی مووشەکی ئێران بە تەواوەتی لە ئەجێندای دانوستانەکانی داهاتوو سڕاوەتەوە.

گەرووی هورمز

بەپێی لێکتیگەیشتنەکە، دەبێت بەزوترین کات گەرووی هورمز بکرێتەوە، کە پێشتر بەهۆی جەنگەوە ئێران دایخستبوو، ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا و دروستکردنی فشاری زیاتر لە ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهاتن بە جەنگ.

بەپێی لێکتێگەشیتنەکە، لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا، ئەمریکا ئابڵوقەکانی لەسەر بەندەرە ئاوییەکانی ئێران هەڵدەگرێت. یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم کردنەوەی گەرووی هورمز، تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکانە بەبێ پێدانی باج بە ئێران. ئەمریکا پێداگرە لەسەر رێڕەوێکی بێ قەیدوشەرتی دەریایی لە گەرووەکە، بەڵام ئێران دووپاتی دەکاتەوە، لە بەرامبەر تێپەڕبوونیان پارە لە کەشتییەکان وەردەگرێت.

لەگەڵ کەمبوونەوەی پشتیوانییە ناخۆییەکانی بۆ بەردەوام بوون لە جەنگ، ترەمپ کردنەوەی گەرووی هورمز بە سەرکەوتنی سەرەکی پێناسە دەکات، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت.

پارە بلۆککراوەکانی ئێران

ترەمپ پێشتر بەردەوام رەخنەی لە رێککەوتنەکەی ئۆباما دەگرت، چونکە بەپێی رێککەوتنەکە ئێران دەستی گەیشت بە ملیاران دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی، ئێستا دەیەوێت خۆی بە دوور بگرێت لە تۆمەتباکردنی بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران. بۆیە لەو بارەیەوە 13ی حوزەیران، ترەمپ رەتی کردەوە لێکتیگەیشتنەکە ببێتە هۆی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

ئێران وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، نزیکەی 100 ملیار دۆلاری لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بلۆککراوە. بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان لە دانوستانەکاندا ئێران داوای کردووە لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتن 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ترەمپ ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە و داوای کردووە پرسی پارە بلۆککراوەکان بخرێتە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان.

پرسی لوبنان

ئێران بەردەوام پێداگری لەوە دەکات کە ئاگربەست دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن لە هێرش و ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانیان بەردەوام دەبن.

بەپێی وتەی عێراقچی، ئیسرائیل نەک تەنها راگرتنی سەڕ، بەڵکو دەبێت لە باشووری لوبنان بە تەواوەتی بکشێتەوە. لای خۆشییەوە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان ناکشێنێتەوە. بەپێی وتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دەیکات، بەرگریکردنە لە خۆی و ئیسرائیل داوای لێناکرێت واز لە مافی بەرگریکردن لە خۆی بهێنێت.

هەڵوێستی ئیسرائیل

ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیل کە ساڵانێکە کار لەسەر دۆسیەی ئێران دەکەن، هۆشداری دەدەن لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەوان تەئکید لەوە دەکەنەوە، ئەو هەنگاوە مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئەو لێپرسراوانە رایانگەیاندووە، لایەنی ئەمریکی نەک تەنیا لەسەر چوارچێوەی گشتی رێککەوتووە، بەڵکو مەرجە سەرەکییەکانی تارانیشی قبوڵ کردووە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەو رێککەوتنەدا پرسی توانا ناوەکییەکانی ئێران بۆ قۆناغی دواتر دواخراوە، ئەوەش بە سیاسەتی پێدانی قیست وەسف دەکەن. هەروەها هۆشداری دەدەن، مەرجی گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات گۆڕدراوە بۆ دروشمێکی ناڕوون بەناوی کەمکردنەوەی گرژییەکان، لە کاتێکدا سیستەمی مووشەکیی ئێران بە هیچ شێوەیەک لە رێککەوتنەکەدا باس نەکراوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ هەرچەندە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات هیچ هەڵوێستێک وەرنەگرێت زیان بە ناوبانگی دۆناڵد تڕەمپ بگەیەنێت، بەڵام ئەو سەرچاوە پسپۆڕانە بێدەنگییان شکاندووە و هەڵوێستیان دژی رێککەوتنەکە گرتووەتە بەر. ئەو لێپرسراوانە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە رێککەوتنەکە ئێران پابەند ناکات بە راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکە، بەڵکو رێگەی بۆ خۆش دەکات دووبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان کارا بکاتەوە.

لێپرسراوانی ئیسرائیل بەراوردێکیان لە نێوان رێککەوتنی ئێران و کەرتی غەززە کردووە، پرسیار دەکەن: ئەی چی بەسەر بەڵێنی داماڵینی چەکی حەماسدا هات؟ هەروەها دەڵێن "ئەگەر ئێران دوای 60 رۆژ لە ئاگربەست پابەند نەبێت، ئەمریکا چ فشارێکی بەدەستەوە دەمێنێت؟ هەڕەشە سەربازییەکانیش چیتر ئێران ناچار بە هیچ ناکەن.

ئیسرائیل هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رێککەوتنێک بکات، کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی تاران لە ناوچەکەدا.بەڵام هێشتا روون نیە رێککەوتنەکە سەردەگرێت یاخودنا، یان لە ئەگەری سەرگرتنیدا ئیسرائیل کاردانەوەی چی دەبێت.

 

  • چەک لە دەستی دەوڵەت شمشێرێکی دووسەرە دژ بە کورد؛ لە ئەسیکۆداوە بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان

  • تۆم باراک و عەلی زەیدی كۆبوونەوە؛ نێرده‌ تایبه‌ته‌كه‌ى تره‌مپ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

  • له‌ قه‌ندیل دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟؛ سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌جه‌كه‌: تاكه‌ ئامانجى توركیا بێچه‌ككردنى ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانه‌

  • ڕێككه‌وتنى تاران و واشنتۆن؛ به‌ند و ڕێساكانى قۆناغى نوێ

  • چی روودەدات؟؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ئاڵنگارییەکان و هەڵوێستی ئیسرائیل

  • چیرۆکی شانەیەکی زاواکەی سەدام؛ بەعسییەکان لە خۆشاردنەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و تیرۆرکردن

  • خۆپیشاندان لە تاران و مەشهەد؛ ڕەخنە لە عێراقچی و قاڵیباف دەگیرێت

  • دۆخەکە چارەنوسسازە؛ چی بۆ کورد لە ناوچەکە بەڕێوەیە؟

  • خامنه‌یى دواى زیاتر له‌ چوار مانگ به‌ خاك ده‌سپێردرێت

سەرەکی