3   کاتژمێر پێش ئێستا 160 جار خوێنراوەتەوە

پارتی و یەکێتی لە ژێر فشاری ئەمریکا و تورکیا کۆدەبنەوە؛ نەوەی نوێ دەکرێتە دەرەوەی یارییەکە

ناوەندی هەواڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە ژێر فشاری دەرەکیی و بە دیاریکراوی ئەمریکا و تورکیا کۆدەبنەوە، نەوەی نوێ کە پێشتر دەیویست لە ژێر باڵی رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی بچێتە ناو حکومەتەوە خراوەتە دەرەوەی بازنەکە.

دوای زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و حکومەتیش پێکنەهاتووە، پارتی و یەکێتیی بە ناچاری و لە ژێر فشاری دەرەکییدا و بە دیاریکراوی ئەمریکا و تورکیا، دەیانەوێت پەرلەمان کارا بکەنەوە و حکومەتی نوێش پێکبهێنن، چونکە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خێرایە و رەنگە چیتر دواخستنی ئەو هەنگاوانە لە سوودیان نەبێت، لە کاتێکدا لە عێراقیش قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە، بەڵام نازانرێت ئەم هەنگاوە فریایان دەکەوێت یاخوود نا.

بەپێی زانیارییەکانی ئیرادە میدیا، پارتی و یەکێتی دەستیان بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت کردووە، ئەمەش لە چوارشەممەی رابردوەوە سەریهەڵداوە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوای چوار مانگ، تیمی یەکێتیی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بەشداری کرد.

بەپێی ئەو زانیارییە پشتڕاستکراوانەی دەست کەوتوون، دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و تورکیا، هەروەها لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەی دوای جەنگی ئێران هاتنە ئاراوە، ئەنقەرە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کاراتر لە هەرێمی کوردستان.

هەر بەپێى زانیارییەکان ، ئەم هەوڵانەش بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی توانەوەی ئەو بەستەڵەکە سیاسییەی ماوەیەکە باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و سلێمانیدا کێشاوە.

ئەم دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییە تەنها پەیوەست نییە بە قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو بەشێکە لە ئەجێندایەکی فراوانتری واشنتن، سەردانەکەی تۆم باراک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئامانجێکی ستراتیژیی گەورەی لەپشتە، ئەویش ڕێکخستنەوەی ناوماڵی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە، تاوەکو ببێتە پاڵپشتییەکی تۆکمە بۆ حکومەتەکەی عەلى زەیدی لە بەغداد، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن، پارتی ئامادەیی دەربڕیوە هەندێک لە داواکارییەکانی یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەتدا جێبەجێ بکات، بەڵام بە مەرجێکی توند و پێشوەختە، ئەویش ئەوەیە، پارتی تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارە کورسییانەدا دەکات، کە یەکێتی خۆی هەیەتی و پێکهاتووە لە 23 کورسیی سەرەکیی و دوو کورسی کۆتا نەک لەگەڵ کورسییەکانی نەوەی نوێ.

ئێستا نەخشەڕێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە، کە لە دوو هەنگاوی سەرەکی پێکدێت و بریتین لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، کاراکردنەوەی دانیشتنەکان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لەگەڵ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاگەیاندنی پێکهاتەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاتنی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا بۆ هەرێمی کوردستان، دانانی خاڵی کۆتاییە لەسەر ڕێککەوتنەکە و ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بەوەش هاوسەنگی هێزی ئەو 38 کورسییەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک کارتێکی فشار پشتی پێ دەبەسترا، پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی ئیمزاکردنی رەسمیی، خەریکە بەرەوە کۆتایی دەچێت.

پێشتر یەکێتی و نەوەی نوێ رێککەوتنە ئیمزانەکراوەکەیان وەک هاوسەنگیی هێز بەرامبەر 39 کورسییەکەی پارتی وەسف دەکرد بۆ بەدەستهێنانی نیوەی پۆستەکانی کابینەی نوێ، ئێستا نەوەی نوێ ناتوانێت نیگەرانییەکانی خۆی بشارێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە، لە نوێترین پەیامیدا دانی بە واقیعی نوێدا نا، کاتێک رایگەیاند "ئەو هەوڵەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لە ئارادا بوو، تەنها بۆ فشاربووە."

تاوەکو ئێستا هیچ کام لە پارتی و یەکێتی ئامادە نین زانیارییەکانی پشت پەردەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکە پشتڕاست یان رەت بکەنەوە، بەڵام هاوکێشەکە روونە، یەکێتی بە جێهێشتنی نەوەی نوێ، تەنها بە 23 کورسییەکەی خۆیەوە بەرەو تەلاری ئەنجومەنی وەزیران هەنگاو دەنێت و پشت دەکاتە نەوەی نوێ، بەوەش ئەو جوڵانەوەیە لە کوردەی هەردوو جەژن دەبێت، لە حکومەت بێبەش دەبێت و چیتر ئەو سەنگەی وەک ئۆپۆزسیۆن هەیبوو نایمێنێت.

  • ئه‌و سه‌رۆكه‌ كۆڵۆمبییه‌ى وتى " کیشەی کورد بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێت" كێیه‌؟

  • پارتی و یەکێتی لە ژێر فشاری ئەمریکا و تورکیا کۆدەبنەوە؛ نەوەی نوێ دەکرێتە دەرەوەی یارییەکە

  • چەک لە دەستی دەوڵەت شمشێرێکی دووسەرە دژ بە کورد؛ لە ئەسیکۆداوە بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان

  • تۆم باراک و عەلی زەیدی كۆبوونەوە؛ نێرده‌ تایبه‌ته‌كه‌ى تره‌مپ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

  • له‌ قه‌ندیل دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟؛ سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌جه‌كه‌: تاكه‌ ئامانجى توركیا بێچه‌ككردنى ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانه‌

  • ڕێككه‌وتنى تاران و واشنتۆن؛ به‌ند و ڕێساكانى قۆناغى نوێ

  • چی روودەدات؟؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ئاڵنگارییەکان و هەڵوێستی ئیسرائیل

  • چیرۆکی شانەیەکی زاواکەی سەدام؛ بەعسییەکان لە خۆشاردنەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و تیرۆرکردن

  • خۆپیشاندان لە تاران و مەشهەد؛ ڕەخنە لە عێراقچی و قاڵیباف دەگیرێت

سەرەکی