3   کاتژمێر پێش ئێستا 296 جار خوێنراوەتەوە

هەڵمەتی دژە گەندەڵی؛ سەری زەیدی دەخوات، یان بەرزی دەکاتەوە؟

چاودێران و پسپۆڕان لەوبارەیەوە ڕای جیاوازیان هەیە

ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە، ڕای جیاوازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە، سوننەکان هەر زوو گومانی خۆیان نیشاندا، کوردیش بەشێکی بە دڕدۆنگییەوە لێی دەڕوانێت، بەشێکیش دەستخۆشی لێدەکەن و هیوادارن هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، هەریەکە لە مەهدی ئەبوبەکرو عومەر گوڵپی ئاواتیان خواست ئەم هەڵمەتە سەرەگەورەکانی گەندەڵکاران بگرێتەوە، بەڵام گومانیان هەبوو لەوەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لەم قۆناغە زیاتر بڕوات.بەرپرسێکی پێشووی پارتیش دەڵێت دەمێکە لە هەرێمی کوردستان ئەو هەڵمەتە دەستیپێکردووە.

شەوی شەممە یاخود بەرەبەیانی یەکشەممە، لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە وەک شەوی ڕاوکردنی دزەکان ناودەبرێت، لەماوەی رابردوودا بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە 200 بەرپرس و پەرلەمانتار و بازرگان و کەسایەتی دەستگیرکراون، تاوەكو ئێستا سەدان ملیار دینار و دەیان موڵك لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستیان بەسەردا گیراوە. 

بەگوێرەی داتاكانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، تاوەكو ئێستا بڕی 219 ملیار دیناری عێراقی و 85 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بەشێوەی كاش دەستی بەسەرداگیراوە. جگە لەوەش، دەیان موڵكی بازرگانی و نیشتەجێبوون، دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێكی زۆر لە زێڕ و خشڵ لە حەشارگەی لێپرسراوان و پەرلەمانتارانی عیراقدا دۆزراونەتەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئەم ڕاوکردنە سەری مارەکان یاخود سەرە گەورەکانیش دەگرێتەوە؟

مەهدی ئەبوبەکر: ئەم هەڵمەتە حوتەگەورەکان ناگرێتەوە

مەهدی ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان لەوەدا کێشەی نیە کە کەسانی گەندەڵی پلە سێ و چوار ڕادەستی عێراق بکات، دڵنیاش بوو لەوەی ئەم هەڵمەتە بۆکەسانی پلەیەک نییە، وەئەگەر دەست بۆکەسانی پلەیەک ببرێت، ئەوا عێراق ڕوبەڕوی کارەسات و جەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە.

دکتۆرمەهدی ئەبوبەکر مامۆستای کۆلێژی یاسا لەزانکۆی سلێمانی بەمیدیای ئیرادەی ڕاگەیاند، بەبڕوای من ئەو پرۆسەیەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکاو هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.

دکتۆرمەهدی جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی نەخشەکێشانی ئەم پلانە ئامادەیی هەبووە.

فازیل بەشارەتی: کاک مەسرور بارزانی پێش زەیدی گەندەڵکارانی دەستگیرکرد

لەلایەن خۆشیەوە، فازیل بەشارەتی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمیدیای ئیرادەی ڕاگەیاند: ئەم هەڵمەتەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق جێگەی دەستخۆشییە، لەپاش پرۆسەی ئازادی عێراق ئەمە باشترین پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: بیرتان نەچێت کە کاک مەسرور بارزانی پێش عەلی زەیدی گەندەڵکارانی دەستگیرکردو بەدەیان کەسی لەهەرێم زیندانی کردو لەکارەکەی دوورخستنەوە.

فازیل بەشارەتی ئاماژەی کرد بەوەی لەماوەی رابردودا هیچ فەرمانڕەوایەکی عێراق کاری واباشی نەکردوە؛ ئەم هەڵمەتی دژە گەندەڵییە دەمێکە لەکوردستان هەیە، بەڵام ئەو هەڵمەتی ڕاگەیاندنەی بۆنەکراوە.

عومەر گوڵپی: هیوادارین ئەم هەڵمەتە سەرەگەورەکانیش بگرێتەوە

عومەر گوڵپی پەڕلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بەڕەشبینییەوە لەپرۆسەکە دەڕوانێت، ئەو بەمیدیای ئیرادەی ڕاگەیاند: خودی هەڵمەتەکە جێگەی دەستخۆشییە؛ بەڵام ئەوەی ئێمە مانانی نیگەران کردووە ئەوەیە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ناتوانێت هیچ لێپێچینەوەیەک لەهەرێمی کوردستان بکات.

بابەکر دڕەیی: هەندێک هێز لەژێرەوە دژی ئەم پرۆسەیەن

بابەکر دڕەیی چاودێری سیاسی بروای وابوو هەندێک هێز چ لەکوردستان چ لەعێراق هەن کە لە سەرەوە دەستخۆشی لەم پرۆسەیەدەکەن؛ بەڵام لەپشتی پەردەوە پلان لەدژی ئەم پرۆسەیە دەگێڕن.

بابەکر دڕەیی بەمیدیای ئیرادەی ڕاگەیاند: لەدونیای سیاسەتدا هەندێکجار ئەگەر هێزێک دەرەقەتی پرۆسەیەک نەیەت دەستخۆشی دەکات؛ بەڵام لەپشتی پەردەوە پلان لەدژی ئەو پرۆسەیە دەگێڕێت جا ئەم جۆرە هێزانە چ لەکوردستان چ لەعێراقیش هەن.

مەشخەڵ کەوڵۆسی: گەندەڵی کەلتورێکی رەگداکوتاوە لە عێراقدا

مەشخەڵ کەوڵۆسی چاودێری سیاسی بەمیدیای ئیرادەی ڕاگەیاند: گەندەڵی کەلتورێکی رەگداکوتاوە لە عێرقدا، بەفەرمانێک و هەڵمەتێک کۆتایی نایەت.

کەوڵۆسی سەبارەت هەرێمی کوردستان وتی: ئەگەر بەرێکەوتن لەگەڵ پۆلیسی هەرێم کاربکرێت بۆ رادەست کردنی کەسێک ئەمە ئاساییە، بەڵام ئەگەر گشتاندنی بۆبکرێت لەسەرهەرێمی کوردستان ئەوە فێڵێکەو بۆکەم کردنەوەی دەسەڵاتی یاساییە لەکوردستان.

سەبارەت بەکۆتایی گەندەڵیش کەوڵۆسی وتی: هەتا فەرهەنگمان نەگۆڕین گەندەڵی بەردەوام دەبێت.

 

 

  • بڕیارێک بە واژۆی سووری وەزیر و تانەی پارێزەران؛ ڕەهەندە یاسایی و کارگێڕییەکانی دوورخستنەوەی عەبدوللەتیف ئەحمەد

  • هەڵمەتی دژە گەندەڵی؛ سەری زەیدی دەخوات، یان بەرزی دەکاتەوە؟

  • ونبوونی مۆبایلی سەربازێك لە سووریا؛ دڵەڕاوكێی بۆ ئیسرائیلیەكان دروستكردووە

  • هەڵمەتی بەرەبەیان لە عێراق چۆن دەستیپێكرد؛ پەرلەمانتارێك خۆی لە عێراق بووە و موبایلەكەی لە دەرەوە

  • وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕی سەرتاسەری نییە لەگەڵ ئێران

  • گۆڕستانێكی جولەكەكان لە دیمەشق نۆژەن دەكرێتەوە

  • لە پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان هێزێکی کوردی و سوپای پاسدارانی ئێران چی ڕوویدا؟

  • 618 ڕۆژه‌ یه‌ك دانیشتنیان كردووه‌ ته‌نها بۆ سوێندخواردن؛ په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ونه‌ پشووى هاوینه‌وه‌

  • به‌هۆى گۆڕانكارییه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌؛ پارتى و یه‌كێتى هه‌وڵه‌كانى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ خێرا ده‌كه‌ن

سەرەکی