8   کاتژمێر پێش ئێستا 86 جار خوێنراوەتەوە

ئاڵۆزییەکانی تورکیا و ئیسرائیل؛یادەوەری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دەریا و غەززە

هێزی دەریایی تورکیا بازووی خۆی لەڕێگەی مانۆڕێک بەناوی "گورگی دەریا 2026" نمایشکرد کە لە دەریای ڕەش و ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە مانۆڕەکەدا 125 کەشتی و 60 فڕۆکە و 18 هەزار سەرباز بەشدارییان کرد

داننانی ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیاوە، نیشاندەری ئاڵۆزبوونی بەرفراوانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیبە، ترسی ئیسرائیل لە سیاسەتەوە درێژبووەتەوە بۆ دەریا و غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوای ساڵانێک لە دوودڵی، ئیسرائیل بژاردەی داننان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی لەلایەن تورکیاوە هەڵبژارد، ئەم هەنگاوەش دەستپێکردنی قۆناغێکی "دڕکاوی" یە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی حوڕرەی ئەمریکی، ئالۆن لیئێل باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە تورکیا ڕایگەیاندووە، "ئێستا تورکیا بە کرداری دەوڵەتێکی دووژمنی ئیسرائیلە".

ئەو دەشڵێت "ڕێڕەوی پەیوەندییەکان لێرەوە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر یاخود ئاسایی بوونەوە هەنگاو دەنێت، ئەوەش دەوەستێتەوە سەر ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات".

ئەو هەڵسەنگاندنە بڕیاری ئیسرائیل دەخاتە چوارچێوەیەکەوە کە ناکۆکی مێژوویی تێدەپەڕێنێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوو وڵاتە تەنها لە ڕووی سیاسییەوە نابێت، ئەوکات لە زیاتر لە چەند بەرەیەکەوە دەبێت، لەوانەش غەززە،سوریا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، هاوکاری سەربازیی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس.

رۆژی یەکشەممە حکومەتی ئیسرائیل بەکۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی جەدعون ساعر وەزیری دەرەوە دەربڕی، کە تیایدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیاوە بە ڕەسمی ناسێندرا کە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا ڕوویداوە.

بە وتەی ساعر ئەو هەنگاوە "تۆڵەسەندنەوە" نییە، بۆ ئەو "دوژمنایەتیە ئاشکرا و وتارە ترسناکەی تورکیا بە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیپێکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتیشی"برەو پێدانی چیرۆکی درۆیینە لەلایەن تورکیاوە دژ بە ئیسرائیل" واناکات "پارێزبەندی مێژوویی راستەقینە بداتە تورکیا".

هەنگاوەکەی ئیسرائیل دوای داواکارییەکی زۆری ناوەندە سیاسی و ئەکادیمیەکان و مافی مرۆڤی ئیسرائیل بووە، بەڵام ساڵانێکە بەهۆی حساباتی سیاسی ئیسرائیل و هەستیاری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە نەدرابوو.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بڕیاری ئیسرائیل لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕوویداوە، دانپێدانانێکی رەسمییە بەو تاوانانەی دژ بە گەلی ئەرمەنی ڕوویداوە".

میدیاکانی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن، کۆمەڵکوژی عوسمانییەکان بۆسەر ئەرمەنەکان لە 24 ی نیسانی 1915 بە دەستگیرکردن و کوشتنی سەدان رۆشنبیر و سەرکردەی ئەرمەنی لە قوستەنتینیە (ئیستانبوڵی ئێستا) دەستیپێکردووە، پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ بڕیارێکی پلان بۆ داڕێژراو دژ بە ئەرمەنەکان کە دواتر کوشتنی بە کۆمەڵ و بە زۆر کۆچپێکردن و بێسەروشوێنکردنیانی گرتەوە لە بیابانی سوریا.

بە وتەی جەدعون ساعر، دەوڵەتی عوسمانی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کوشتووە.

گرنگی بڕیارەکە لە ناوەڕۆکە مێژووییەکەیدا نییە، بەڵکو لە ساتە سیاسییەکەیدایە، چونکە ساڵانێکە ئیسرائیل خۆی بەدوور دەگرێت لە دانپێدانان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، تا تورکیا لە خۆی توڕە نەکات، بەڵام ئێستا وادیارە توڕەیی حکومەتی ئیسرائیل لە دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتووەتە ئەوپەڕی.

یەکێک لە ئەندامانی پێشووی کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) بە ناوی کسینیا سیفتلۆنا پێی وایە، دەبوو زۆر زووتر ئەو بڕیارە بدرایە، دەشڵێت "کاتی دانپێدانانەکە پەیوەستە بە ناکۆکییەکانی نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا".

ئێستا ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل تەنها لە لێدوانی سیاسیدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆسەر دەریا، بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل باس لە ئەگەری پێکدادانی داهاتوو دەکەن لەگەڵ تورکیا.

کەناڵی 12 ی ئیسرائیل لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، کەشتی مووشەک هەڵگری ئیسرائیل چووەتە نزیک قوبرس لە چوارچێوەی مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ یۆنان و قوبرس، "نزیک بوو لەوەی ڕوبەڕووی چەند کەشتییەکی سەربازیی تورکیا ببێتەوە، کاتێک چوار کەشتی سەربازیی تورکیا بە خێرایی لێی نزیک بوونەوە کە تەنها چەند سەد مەترێک لێکەوە دوور بوون".

بە وتەی ئەو کەناڵە ئیسرائیلییە، ئەو ڕووداوە وایکردووە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل چاو بە پێگەی تورکیا بخشێننەوە لەمەودوا تەنها وەک دەوڵەتێک لێی نەڕوانن کە ناکۆکی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵکو وەکو دەوڵەتێک لێی دەڕوانن کە دەتوانێت ناکۆکییەکان بگۆڕێت بۆ پێکدادانی سەربازیی، هەر ئەوەش نا بەڵکو ئەو ڕووداوە سوپای ئیسرائیلی ناچار کردووە برەو بە چەمکێکی نوێ بدات بۆ بنیاتنانی تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هێزی دەریایی، ئەمەش هاوشان لەگەڵ مەترسییەکانی ئێران و حوسییەکان.

ئیسرائیل ئەو گۆڕانکارییە دەبەستێتەوە بە باوەڕی "نیشتمانی شین" کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پاڵپشتی دەکات، ئامانجەکەش فراوانکردنی هەژموونی دەریایی تورکیایە لە دەریای ڕەش و دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ گرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە بواری وزە و دەریاوانی.

لەو چوارچێوەیەدا، هێزی دەریایی تورکیا بازووی خۆی لەڕێگەی مانۆڕێک بەناوی "گورگی دەریا 2026" نمایشکرد کە لە دەریای ڕەش و ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە مانۆڕەکەدا 125 کەشتی و 60 فڕۆکە و 18 هەزار سەرباز بەشدارییان کرد.

لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەی تورکیا، ئیسرائیل دەیەوێت هێزی دەریایی خۆی بەهێزتر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هاریکاری سەربازیی لەگەڵ یۆنان و قوبرس زیاتر بکات، ئەمەش لە ڕێگەی مەشقی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ پرۆژەی زیاتری وزە و ژێرخان بە پشتیوانی ئەمریکا.ئەمەش لە پێناو بنیاتنانی بەرەیەکی هەرێمییە کە بەرەوڕووی هەژموونی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ببێتەوە.

ئەوەی زیاتر نێوانی تورکیا و ئیسرائیلی تێکداوە، پشتیوانییەکانی تورکیایە لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین، لەگەڵ پشتیوانیەکانی بۆ چەند وڵاتێکی دژی ئیسرائیل لە ناوچەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بە وتەی بەشێک لە شیکەرەوەکانی ئیسرائیل بەراوردی ئێران و تورکیا ناکرێت، چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە.

 

  • کەرتی تەندروستی لە بازرگانییەکی بێبەزەییدا؛ 96٪ی هاووڵاتیانی هەرێم دەرمان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکڕن

  • جەلادەکەی نوگرە سەلمان لە بەردەم سێدارەدا؛ عەجاج تکریتی ناوی ئەفسەرانی تری ئەنفالی ئاشکرا کرد

  • ترسى تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵى؛ ناوچه‌ى سه‌وز چۆڵ ده‌كات

  • ئاڵۆزییەکانی تورکیا و ئیسرائیل؛یادەوەری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دەریا و غەززە

  • تورکیا لە " هێرشی سەربازی و درۆنەوە" دەپەڕێتەوە بۆ "سەپاندنی ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنی-ئابووری" لە عێراق و هەرێم

  • کۆماری ڤێللا نهێنییەکان؛ 300 کەس لە عێراق ملیاران دۆلاریان حەشارداوە

  • دەستەی دەستپاکی: كۆی دەستگیركراوان لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووتە 59 كەس

  • بۆچی موجتەبا تەنانەت لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی باوکیدا دەرنەکەوت؟

  • دوای سەردانە نھێنییەکەی کاڵن؛ میدیای تورکیا باسی کشانەوەی پەکەکە دەکات و کەجەکەش ڕەتیدەکاتەوە

سەرەکی