6 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
جەلادەکەی نوگرە سەلمان لە بەردەم سێدارەدا؛ عەجاج تکریتی ناوی ئەفسەرانی تری ئەنفالی ئاشکرا کرد
دوای 22 ساڵ خۆشاردنەوە لە پشت مردنێکی ساختەوە؛ دۆسیەی مەرگی 3,000 کوردی ئەنفالکراو دەبرێتە بەردەم سەرۆککۆمار
دۆسیەی دادگاییکردنی یەکێک لە دڕندەترین تاوانبارانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، گۆڕانکاریی گەورە و داچڵەکێنەر بەخۆیەوە دەبینێت. عەجاج ئەحمەد حەردان (عەجاج تکریتی)، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرە سەلمان"، لە دانپێدانانەکانیدا پەردەی لەسەر ناوی چەندین ئەفسەری پێشووی ڕژێمی بەعس لادا کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی گەلی کورددا هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی جووڵاندنی لێکۆڵینەوەی نوێ بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی دیکە.

عەجاج تکریتی کێیە؟ لە مردنێکی ساختەوە تا دەستگیرکردن
عەجاج سەرپەرشتیاری گرتووخانەی مەرگی "نوگرە سەلمان" بوو لە سەردەمی پرۆسەی ئەنفالدا، کە تیایدا بە نامرۆڤانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ژن، منداڵ و خەڵکی کوردستان کردووە.
بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، بنەماڵەی عەجاج بۆ چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، بە فەرمی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ناوبراو گیانی لەدەستداوە. بەڵام دوای بەدواداچوونی ورد، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق توانی فێڵەکەیان ئاشکرا بکات و لە 31ی تەممووزی 2025دا لە چالاکییەکی تایبەتدا دەستگیری بکات.
گەواهی شایەتحاڵان؛ کاتێک جریوەی چۆلەکەکانیش قەدەغە بوو!
ئەو ڕزگاربووانەی لە تەمەنی منداڵیدا لە ژێر دەستی عەجاجدا بوون، لەبەردەم دادگادا چیرۆکی وایان گێڕایەوە کە مرۆڤ دەتەزێنێت. یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بووە، دەڵێت:
"عەجاج ئۆتۆمبێلێکی سۆپەری مۆدێل 85 ی پێبوو، لە قەڵاکەش دەخەوت. چۆلەکەش بۆی نەبوو جریوەی بێت بۆ ئەوەی خەبەرەکەی نەکاتەوە. کاتێک منداڵانی کورد لەبرسا دەگریان، ئەو بە توڕەییەوە لە خەو هەڵدەسا، هەموویانی کۆدەکردەوە و لە حەوشەی زیندانەکە لەبەر خۆری بکوژی بیاباندا دایدەنان و بە کێبڵ دەکەوتە گیانیان."
ئەم شایەتحاڵە زێدەتر دەڵێت: "منداڵەکان هاواریان دەکرد 'دایکە گیان فریام کەوە'، دایک و باوکەکانیش لە کونە بچووکەکانی ژوورەکانەوە هاواریان دەکرد 'گیانەکەم مەگری من لێرەم'. عەجاج تا بانگی مەغریب منداڵەکانی لەبەر ئەو خۆرەدا دەهێشتەوە. تەنانەت تەرمی ئەو منداڵانەی لەبرسا و تینوودا دەمردن، دەخرانە بەردەم سەگە بەرەڵا و ڕەشەکانی دەوروبەری قەڵاکە."

دانپێدانانی جەلاد و دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، عەجاج دانی بەوەدا ناوە کە بە تەنیا لە قەڵای نوگرە سەلمان، سێ هەزار کوردی ئەنفالکراوی وەرگرتووە. بە وتەی کاکەیی، ئەم سێ هەزار کەسە بەشێکیان شەهید کراون، بەشێکیان چارەنووسیان نادیارە و تەنیا بەشێکی کەمیشیان ڕزگاریان بووە.
هاوكات دوای بردنی عەجاج بۆ شوێنی تاوانەکانی لە نزیك زیندانی نوگرە سەلمان بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە، گۆڕێکی تری بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا دۆزرایەوە.
دۆخی یاسایی و سزای سێدارە لەبەردەم واژۆی سەرۆککۆماردایە
عەجاج بەپێی ماددەی 12 لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق (ژمارە 10ی ساڵی 2005) کە تایبەتە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی (وەک ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی بەکۆمەڵ) دادگایی کرا.
دادوەر سەعد لامی, سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بە فەرمی سزاکەی پەسەند کردووە. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای سکاڵای 227 سکاڵاکار و گەواهیدانی 26 شایەتحاڵ دەرچووە، کە تێیدا عەجاج بە کوشتنی فەرمی 1,068 دەستبەسەرکراو لە ڕێگەی برسیکردن و ئەشکەنجەوە تا ڕادەی مردن، مەحکوم کراوە.
پارێزەر ئەیاد کاکەیی لەسەر ئەم قۆناغە وتی:"فەرمانەکە لە دادگە تەواو بووە، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە و لەم ڕۆژانەدا دەبرێتە بەردەم سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەوەی واژۆی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی بکرێت."

نوگرە سەلمان و شاڵاوەکانی ئەنفال
- زیندانی نوگرە سەلمان: دەکەوێتە قووڵایی بیابانی پارێزگای موسەنا (سەماوە) لە نزیک سنووری عێراق و سعودیە. ناوچەکە بەوە ناسراوە کە کەشوهەوایەکی زۆر وشکی هەیە؛ لە هاویناندا گەرمایەکی بکوژ و لە زستاناندا سەرمایەکی وشکی هەیە، کە وەک ئامرازێکی ئەشکەنجە دژی کورد بەکارهێنراوە.
- شاڵاوەکانی ئەنفال: لە 8 قۆناغی جیاوازدا ناوچەکانی گەرمیان، بارزان, بادینان، دۆڵی جافایەتی، خۆشناوەتی و هەڵەبجەی گرتەوە. بووە هۆی وێرانکردنی زیاتر لە 4,000 گوند و کۆمەڵکوژکردن و بێسەروشوێنکردنی نزیکەی 182,000 هاووڵاتیی کورد لە بیابانەکانی عێراقدا.
-
کەرتی تەندروستی لە بازرگانییەکی بێبەزەییدا؛ 96٪ی هاووڵاتیانی هەرێم دەرمان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکڕن
|
-
جەلادەکەی نوگرە سەلمان لە بەردەم سێدارەدا؛ عەجاج تکریتی ناوی ئەفسەرانی تری ئەنفالی ئاشکرا کرد
|
-
ترسى تێوهگلان له گهندهڵى؛ ناوچهى سهوز چۆڵ دهكات
|
-
ئاڵۆزییەکانی تورکیا و ئیسرائیل؛یادەوەری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دەریا و غەززە
|
-
تورکیا لە " هێرشی سەربازی و درۆنەوە" دەپەڕێتەوە بۆ "سەپاندنی ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنی-ئابووری" لە عێراق و هەرێم
|
-
کۆماری ڤێللا نهێنییەکان؛ 300 کەس لە عێراق ملیاران دۆلاریان حەشارداوە
|
-
دەستەی دەستپاکی: كۆی دەستگیركراوان لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووتە 59 كەس
|
-
بۆچی موجتەبا تەنانەت لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی باوکیدا دەرنەکەوت؟
|
-
دوای سەردانە نھێنییەکەی کاڵن؛ میدیای تورکیا باسی کشانەوەی پەکەکە دەکات و کەجەکەش ڕەتیدەکاتەوە
|
|
|
|