5 کاتژمێر پێش ئێستا
175 جار خوێنراوەتەوە
"کۆنگرەی ئازادیی ئێران"؛هێرشکردنە سەر حزبە کوردییەکان و چڕکردنەوەی سەرکوتکاری سەرکۆنە دەکەن
کۆماری ئیسلامی، بەپێی نەریتێکی دێرینی خۆی، هاوكات لەگەڵ دانوستان و واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامە لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا، لە ناوخۆی وڵاتدا توندیی سەرکوتکاری، لەسێدارەدان، کوشتن و کۆمەڵکوژیی زیاد کردووە. ئەمە بەشێکی راگەیەندراوی کۆنگرەی ئازادیی ئێرانە.
لە ڕاگەیەندراوی "کۆنگرەی ئازادیی ئێران"دا هاتووە:"لە کوردستان، جارێکی دیکە شایەتی شەپۆلێکی بەرفراوان لە سەرکوتکاری و کوشتنی حکومەتین، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لەوانەش حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هاوكات لەگەڵ جەنگی 39 ڕۆژە دەستی پێکرد و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و واژۆکردنی لێکتێگەیشتن، هێشتا بەردەوامە، ئەم پێشێلکارییانە بەشێکن لە سیاسەتی ڕێکخراوی کۆماری ئیسلامی بۆ چڕکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا".
راگەیەندراوەکە دەڵێت "لە هەنگاوێکی دووبارە و خەڵەتێنەرانەدا، ئاژانسێکی هەواڵی حکومەتی بە بڵاوکردنەوەی لیستێک لە چالاکوانانی سیاسیی کورد، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران داوای لە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ کردووە ئەم کەسانە دەستگیر بکات؛ تا بە خەیاڵێکی پووچ، ڕادەستی حکومەتێکی خوێنڕێژیان بکەنەوە؛ ڕژێمێک کە هێشتا خوێنی هەزاران کوژراوی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەسەر شەقامەکانی نەشۆراوەتەوە".
" لە ڕوانگەی کۆنگرەی ئازادیی ئێران و زۆربەی گەلی ئێرانەوە، خودی بەرپرسانی ئەم ڕژێمە سەرانسەر گەندەڵ و خوێنڕێژەی کۆماری ئیسلامین کە دەبێت لەبەردەم دادگایەکی سەربەخۆ، گەلی و دادپەروەردا وەڵامدەرەوە بن، نەک ئەو کەسانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بۆ ئازادی و دادپەروەری خەبات دەکەن. ئاواتی ئێمە و بەشێکی گەورەی خەڵکی ئێران ئەوە بووە و هەیە کە نەک هەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵکو میراتەکەشی بە خاک بسپێردرێت؛ سیستمی ویلایەتی [فەقێ] کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییە دەرەکییەکانەوە تۆقیوە، تەنانەت نەیتوانی تەرمی ڕێبەرەکەی خۆی تا چوار مانگ بە خاک بسپێرێت".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەداوە "هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەی لە ناو ترسی هەڕەشەی دەرەکیدا دەژین، لە فکری تۆڵەسەندنەوەن لە گەلی ئێران. مامۆستایان لەگەڵ دەستگیرکردن، زیندانی کردن و هەڕەشە ڕووبەڕوون، و چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی، سەندیکایی، مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دیکە لەژێر گوشار و سەرکوتکارییەکی سیستماتیکدان. سزاکانی لەسێدارەدانیش لەژێر سێبەری جەنگێکی وێرانکەردا، زیاتر لە جاران دەردەچن و جێبەجێ دەکرێن".

بە وتەی کۆنگرەی ئازادیی ئێران "کەشی سیاسی تەنانەت لەسەر مامۆستایانی زانکۆش تەنگ کراوەتەوە؛ تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێگری لە سازدانی مێزگرد و چاوپێکەوتنەکانیان دەکرێت. هەروەها، بە بەکارهێنانی دیپلۆماسیی نهێنی، لە ڕێگەی زیادکردنی گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانیان لە ناوخۆدا، دەیانەوێت هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە دەرەوەی وڵات بکەن و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا، ڕێگری لە سازدانی گردبوونەوەکانیان لە وڵاتانی دیکە دەکەن".
کۆنگرەی ئازادیی ئێران "شەپۆلی نوێی سەرکوتکاری، لەسێدارەدان و کوشتار لە ناوخۆی وڵات و هەروەها هەنگاوە خەڵەتێنەرەکان بە پەردەی ئەمنی و دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات سەرکۆنە دەکات، و بە بەکارهێنانی شێوازی جیاواز، تەواوی هەوڵی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە دەخاتە گەڕ".
کۆنگرەکە دەڵێت "لە دۆخێکدا کە پرۆسەی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان، بەتایبەت دوای ڕاپەڕینی مانگی بەفرانبار و جەنگی ئەم دواییانە، بە شێوەیەکی بێپێشینە زیادی کردووە، سازدانی کۆنفرانسی "نا بۆ لەسێدارەدان" بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی ئازادیی ئێران و بە میوانداریی کۆمەڵەی دۆستایەتیی ئێران و فەڕەنسا لە پەرلەمانی فەڕەنسا، کە بووە هۆی ئەوەی نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەڕەنسا کەفالەتی سیاسیی زیاتر لە 80 زیندانیی لەبەرەمەترسی لەسێدارەدان بگرنە ئەستۆ، یەکێک بوو لە هەنگاوە گرنگەکانی ئەم کۆنگرەیە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە".
کۆنگرەی ئازادیی ئێران، بە پشت بەستن بە بەهاکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، خەباتی مەدەنیی گەل و سەرمایە مەزنەکەی خۆی کە بریتییە لە فرەیی ناوخۆیی، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی هاوبەش و ڕژدانەی کاری سیاسی و بەکارهێنانی هەموو ئامرازە سیاسییە بەردەستەکان".
کۆنگرەی ئازادیی ئێران (Iran Freedom Congress - IFC) وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە، پلاتفۆرم یان چەترێکی سیاسی و مەدەنیی سەربەخۆ و سێکولارە، کە لە لایەن بەشێکی بەرفراوان لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، حیزبە سیاسییەکان (لەوانەش هەندێک لە حیزبە کوردییەکان) و چالاکوانانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵات پێکهێنراوە.
ئەم کۆنگرەیە لە کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی 2026 لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە بەشداریی شەپۆلێکی فرەدەنگ لە لایەنە جیاوازەکان دامەزرا.
ئامانج و بنەما سەرەکییەکانیان:
* حکومڕانیی داهاتوو: کارکردن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکرات، سێکولار (جیایی ئاین لە دەوڵەت)، و نامەرکەزی (تمرکززدایی).
* فرەیی و بەفەرمی ناسینی جیاوازییە نەتەوەیی، ئاینی، ڕەگەزی و فیکرییەکان لە ئێراندا.
* ڕەتکردنەوەی توندوتیژی: جەختکردنەوە لەسەر خەباتی مەدەنی و سیاسی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
کۆنگرەکە خۆی وەک "حیزب" یان "قەوارەیەکی حکومەتی" ناناسێنێت، بەڵکو تەنها وەک دەرفەت و چەترێکی هاوبەش دەبینێت بۆ هەماهەنگی لە نێوان هێزە دیموکراتخوازەکاندا لە قۆناغی گواستنەوەدا.
-
"کۆنگرەی ئازادیی ئێران"؛هێرشکردنە سەر حزبە کوردییەکان و چڕکردنەوەی سەرکوتکاری سەرکۆنە دەکەن
|
-
ئیتڵاعاتی ئێران تەرمی شەهیدەکان ڕادەستی خانەوادەی شەهیدەکان ناکاتەوە
|
-
پێنج پێشمەرگەی حزبی دیموکرات لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران دا شەهید کران
|
-
سەنتەری میترۆ بۆ پارتی و یەکێتی: یاسا مەكەنە خزمەتكاری سیاسەت
|
-
سهرۆكوهزیرانى پاكستان:له ههموو كات زیاتر له ڕێككهوتنى ئهمریكا و ئێران نزیكین
|
-
|
-
كەیسی شێروان شێروانی دەگەیەندرێتە دورترین سەرۆك وەزیران
|
-
ناوەڕۆکی وتەکانی سودانی لە وتاری ماڵئاوایی
|
-
وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان: ئێران نەرمی نواندووە و ئێستا "تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە"
|
|
|
|