2 کاتژمێر پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
گرێكوێره‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه؟نوێترین زانیاریی لەبارەی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان
"ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان" ئەوەی بەشێک لە حزبەکان داوای ده‌كه‌ن، بەڵام تا ئێستا بوونی نییە بۆئه‌وه‌ی لایەنەکان کۆبکاتەوە، سه‌ره‌ڕای خراپی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سیاسی و ئابووریی و خزمه‌تگوزارییه‌كانەوە کە ئەمەش شەقامی توڕە و بێهیوا کردووە، چاودێرێكی سیاسی ده‌ڵێت، " ئه‌و جۆره ئه‌نجومه‌نانه تاقیكراونه‌ته‌وه سودێكی ئه‌وتۆیان نابێت".
پێشنیاری دروستکردنی "ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان" بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، بیرۆکەیەکە چەندینجار لەلایەن حزبە ناوەند و بچووکەکانەوە خراوەتەڕوو، بەڵام بەهۆی ململانێ و جیاوازیی قووڵی نێوان جەمسەرە سەرەکییەکان (پارتی و یەکێتی) نەبووەتە واقیع.

کۆبوونەوەیەک بۆ 17 حزبی سەرەکی هەرێم كرا و بێ ئه‌نجام بوو
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و چەند حزبێکی دیکە، بەردەوام ئەم پێشنیارەیان وەک چارەسەرێک بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم هێناوەتە بەرباس، له لە کۆتایی ساڵی 2022شدا، لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەک بۆ 17 حزبی سەرەکی هەرێم (بەبێ بەشداربوونی پارتی) ڕێکخرا، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسی هاوبەش بۆ سەرجەم لایەنەکان کرا، بەڵام هەنگاوی کرداری بەدوادا نەهات.
ئێستا كه جاریكی دیكه قه‌یران و ته‌نگژه‌كان له هه‌رێمی كوردستان روویان له‌زیادبوون كردووه و وەکە بەشێک لە چالاکوانان و لایەنەکان دەڵێن، مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، جارێكی دیكه دروستکردنی ئەنجومەنێکی لەم شێوەیە وەک پێشنیازێک لەلایەن هەندێک حزبی وەک حزبی سۆسیالیسته‌وه خراوەتەڕوو بەڵام هه‌نگاوی كرداری بۆ نه‌نراوه.

"چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی حزبه‌كانین"
"محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ڕاگه‌یاندووه بۆ سه‌رجه‌م حزبه‌كان، چه‌ند لایه‌نێك ماوه كه سه‌ردانیان بكه‌ین، ئه‌وانیشی كه سه‌ردانمان كردوون چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستیانین"، ئه‌مه وته‌ی فه‌رهاد تۆفیق وته‌بێژ‌و كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە بۆ ئیرادە.
فه‌رهاد تۆفیق ده‌شڵێت، "سه‌رجه‌م حزبه‌كان كه سه‌ردانمان كردوون هاوهه‌ڵوێست بوون له‌گه‌ڵمان، ته‌نها چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی پارتی دیموكراتی كوردستانین كه داوای دانیشتن و وه‌ڵام دانه‌وه ده‌كه‌ن".
"پرۆژه‌كه ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه"
وتەبێژەکەی سۆسیال دیموکرات وتیشی"پارتی سۆسیالیست به‌نیازه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی حزبه مه‌سیحی‌و توركمانه‌كانیش بكات، هه‌رچه‌ند تا ئێستا یه‌كێتی و پارتی ئاماده‌ییان ده‌رنه‌بڕیوه".
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا فه‌رهاد تۆفیق ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، "پرۆژه‌كه ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئه‌و لایانانه‌شی كه كورسی په‌رله‌مانیان نییه، مه‌كته‌بی عیلاقاتی حزبمان سه‌ردانیان ده‌كات".
به‌وته‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی سۆسیال دیموکرات، "پێكهێنانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه سیاسییه باڵایه، هاوشێوه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌دیلی په‌رله‌مان نییه، تاوه‌كو ئێستا سێ دانیشتن له‌گوڵه‌خانه به‌ڕێوه‌چووه".
"هیچ حزبێك نییه دژی پرۆژه‌كه بێت"
ئه‌نجومه‌نه‌كه ئامانجی قوڵتری هه‌یه، له(2016) پرۆژه‌كه پێشكه‌شی حزبه كوردستانییه‌كان كراوه، پرۆژه‌كه‌ش دیراسه كراوه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، حزبی شیوعی، یه‌كگرتووی ئیسلامیش پشتیوانی ده‌كه‌ن، هیچ حزبێك نییه دژی پرۆژه‌كه بێت، ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێن دیراسه‌ی ده‌كه‌ن‌و دوایی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌و جۆره ئه‌نجومه‌نانه تاقیكراونه‌ته‌وه
كۆبونه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه‌كان له‌كاتی ته‌نگژه و قه‌یران و بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌لای به‌شێك له‌چاودێران وه‌ك پێدانی ئازارشكێنه و سودی ئه‌وتۆی نابێت، لای خۆشیه‌وه، مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێری سیاسی بۆ ئیراده میدیا ڕایگه‌یاند، هه‌رچه‌نده ئه‌و جۆره ئه‌نجومه‌نانه تاقیكراونه‌ته‌وه سودێكی ئه‌وتۆی نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكهات پێم باشه له‌بری یه‌كێتی‌و پارتی بۆ ماوه‌ی (6) مانگ حزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن سه‌رۆكایه‌تی كاتیی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بكات.

چاره‌سه‌ری به‌په‌له پێكهێنانی حكومه‌تی ئینقازه
مه‌سعود عه‌بدولخالق داواده‌كات، حزبی سۆسیالیست بچێته نێو هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی نیشتمانی‌و نه‌وه‌ی نوێوه،" چونكه سیناریۆی ئه‌نجومه‌نی باڵای حزبه سیاسییه‌كان تاقیكراوه‌ته‌وه، به‌بڕوای من چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌و نیشتمانی پێكهێنانی حكومه‌تی ئینقازه".
جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە مانگی ئایاری 2024دا، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسییەکانی لێکترازان و دابەشبوونی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا، نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی وەک زیان بە سەقامگیری.
"دیپلۆماسیه‌تی كورد سفره"
مه‌سعود عه‌بدولخالق له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت، به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم به‌گوێی پلاسخارتیان نه‌كرد، ئه‌و كات به‌ڕوونی پێیوتین، "ئه‌گه‌ر دۆخی خۆتان چاك نه‌كه‌ن، بارودۆخی هه‌رێم تێكده‌چێت"، ئێستا دیپلۆماسیه‌تی كورد سفره، چونكه سه‌ركرده‌كان دوای ماڵ‌و سامان كه‌وتوون.

"پارتی خۆی به موخلیس ده‌زانێت"
پارتی بۆچونێكی جیاوازی له‌باره‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی هه‌یه، دانا جه‌زا په‌رله‌مانتاری پارتی له خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئیراده میدیا ده‌ڵێت، "پارتیش هاوشێوه‌ی حزبه‌كانی دیكه خۆی به‌خه‌مخۆر‌و موخلیس ده‌زانێت، له‌هه‌مانكاتدا به‌پێویستیشی ده‌زانین ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێكبهێنرێت، بۆ بڕیاره ستراتیژییه‌كانی تایبه‌ت به‌پێگه‌ی كورد له‌بابه‌تی ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، بودجه‌و گۆڕانكاری له‌ده‌ستوردا له‌داهاتوودا‌و ئاسایشی نیشتمانی‌و زۆر بابه‌تی دیكه".
"شه‌ڕه له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن؟
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌پارتێكی ئۆپۆزسیۆن سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بێت، ڕای پارتی چی ده‌بێت؟، دانا جه‌زا له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، "ته‌سه‌ور ناكه‌م له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه شه‌ڕ بكرێت، مادام ئه‌نجومه‌نه واتا بڕیار تێیدا تاكه كه‌سی نییه، پێویستیشه هه‌ر بڕیارێك له‌و ئه‌نجومه‌ن بدرێت سه‌رجه‌م حزبه‌كان پێوه‌ی پابه‌ند بن و ڕێز له‌بڕیاره‌كانی بگرن".
داواکاری بۆ پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە باڵایه‌ی هەرێم لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 20ی 10ی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان بەڕێوەچوو، تاوەکو ئێستاش جگە لە دانیشتنێک بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران نەتوانراوە پەرلەمانی کورستان كارابكرێت هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ململانێکانی یەکێتی و پارتین.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سیاسی و یاسایی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٢ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، هێشتا لە بنبەستدا ماوەتەوە. پێشتر سەڵاحەدین بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی، ئاشکرای کردبوو کە هەردوو حیزبی سەرەکی وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەلاحەدین بەهادین هەبووە. ئەو دەستپێشخەرییە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە: ڕاگرتنی گرژییە میدیاییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ماوەی مانگێکدا، و داڕشتنی بەرنامەیەکی ڕوون لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی مووچە. سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە، کێشەی دابەشکردنی پۆستەکان و هاوپەیمانییەکان پرۆسەکەی ڕووبەڕووی وەستان کردووەتەوە.

درێژەکێشانی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە ناونیشانی "حکومەتی کاربەڕێکەر" و پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان، دۆخێکی نەخوازراوی هێناوەتە کایەوە کە کاریگەریی قووڵی لەسەر حوکمڕانی هەبووە و کۆمەڵێک مەترسیی جددی لێکەوتووەتەوە:یەکەم: پاشەکشەی شەرعییەت و ئیفلیجیی دامەزراوەیی نەبوونی پەرلەمان وەک دەزگایەکی یاسادانان و چاو‌دێر، حکومەتی لە لێپرسینەوە بەدەر کردووە. لەدەستدانی شەرعییەتی یاسایی و پوکانەوەی ڕۆڵی دامەزراوەکان وایکردووە دەزگا چاودێرییەکان ببنە پاشکۆی بڕیاری سیاسی.دووەم: مەترسییە سیاسی و نیشتمانییەکان درێژەکێشانی ئەم دۆخە زەمینە خۆش دەکات بۆ تۆخبوونەوەی مەترسیی "دوو ئیدارەیی" و دابەشبوونی زیاتری سنوورەکان، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا و بێومێدکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دیموکراسی.سێیەم: پێگە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گومانەوە سەیری حکومەتێک دەکات کە شەرعییەتی هەڵبژاردنی نەبێت. هاوکات، نەبوونی یاسای بودجە و پلانی درێژخایەن بووەتە هۆی تەنگژەی ئابووری، سستبوونی بازاڕ و ڕاوەستانی پرۆژە ستراتیژییەکان، کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ دامەزراوە فەرمییەکان.
-
گرێكوێره‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه؟نوێترین زانیاریی لەبارەی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان
|
-
٤٢ ساڵ دوای یەکەم گوللە؛ کورد و تورکیا لە ڕێگەی ئاشتی و ئازادکردنی زیندانییان نزیک دەبنەوە؟
|
-
گرژبوونی ململانێکان لە گەرووی هورمز؛ لە گاڵتەی ترەمپەوە تا هەڕەشەی گەمارۆدانی ئابووریی ئێران
|
-
بەنزین بۆ ٧٥٠ دینار؛ چارەسەر بۆ قەیران یان بڕیارێکی کاتی؟
|
-
پەردە لەسەر ژمارە شاراوەکانی قەیرانی بەنزین هەڵدەماڵرێت؛ داواکارییەک بۆ دابەزاندنی نرخ یان بازرگانیی مانگانە؟
|
-
یاسای داماڵینی چەك لە كورد؛ هەنگاوێكی مێژوویی یان مانۆڕێكی سیاسی؟
|
-
لە نێوان لێدوانی توندی ترەمپ و هەوڵەکانی پاکستان‌دا؛ ئایا ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریكا درێژ دەکرێتەوە؟
|
-
بەغدا دەست بە گەمارۆدانی گرووپەکان دەکات؛ تاران لە چارەنووسی چەکەکانی نیگەرانە
|
-
لەگەڵ پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"؛ کەجەکە مەرج و ستراتیژیی نوێی ئاشکرا دەکات
|
|
|
|