2026-08-12 230 جار خوێنراوەتەوە

لەگەڵ پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"؛ کەجەکە مەرج و ستراتیژیی نوێی ئاشکرا دەکات

ڕەخنەکانی کەجەکە لە "یاسای چوارچێوە"؛ لە نەبوونی ناوی کوردەوە تا کۆنتڕۆڵکردنی ڕاگەیاندن لەلایەن دەسەڵاتەوە

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت، پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی ٤٦٨ دەنگ، ئەگەرچی وەک سەرەتایەک و زەمینەسازییەک بۆ پرۆسەی ئاشتی دەبینرێت، بەڵام بەبێ دیاریکردنی ستاتۆ، ڕۆڵی کرداری و بەشداریی ئازادانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاساکە و گەڕانەوەی گەریلا و ئاوارەکان مەحاڵە.

پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمان و کاردانەوەکان

دوای چەندین مانگ لە چاوەڕوانی، ١٠ی ئاب پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "پتەوکردنی یەکگرتووی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" (کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە) لە ١٢ ماددەدا خستە دەنگدانەوە. لە کۆی ٥٦٢ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، ٤٦٨ پەرلەمانتار دەنگیان بە "بەڵێ" دا، لە کاتێکدا ٨٨ پەرلەمانتار (بەتایبەت لە ئیی پارتی و ئۆپۆزسیۆن) دەنگی "نەخێر"یان دا. بڕیارەکە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و بەشێک لە بریندارانی شەڕ وەک ناڕەزایەتی مەدالیاکانیان لە بەر دەرگای پەرلەمان دانا. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی و هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل (ڕەمزی کارتاڵ) جەختیان کردەوە کە بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆ و ئازادانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەم یاسایە ناکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەڵسەنگاندنی مستەفا قەرەسوو: یاسایەکە کەموکوڕیی جددی تێدایە

لە هەڵسەنگاندنێکی تایبەتدا بۆ 'مەدیا خەبەر تیڤی'، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، مستەفا قەرەسوو، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم یاسایە دوای ساڵ و نیوێک لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتە ئاراوە، کە بەپێی پێویست ئیرادەیەکی خێرای تێدا بەدی ناکرێت.

 ناوبراو وتی:"ئەم یاسایە چارەسەریی بنەڕەتیی پرسی کورد ناهێنێتە دی و ناو و مافەکانی کوردی تێدا نەبراوە، بەڵام دەکرێت وەک یەکەم هەنگاو لە ڕێگەیەکی درێژدا هەڵبەسەنگێندرێت. سەرکەوتنی ئەم دەستپێکە بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی دیموکراتیزەبوون و گۆڕینی زمانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکان لە ئاستی ئاشتیدا."

ستاتۆی ئۆجەلان؛ مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی پرۆسەکە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەسوو جەختی لەسەر پێگەی "ڕێبەر ئاپۆ" کردەوە و ڕایگەیاند، ناتوانرێت پرۆسەکە لە کەسایەتیی ئەو داببڕدرێت. ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان بەردەنگی سەرەکیی گەلە و بەڕێوەبەری سەرەکیی ڕێکخستنەکەیە.

"ئەگەر ئۆجەلان بە شێوەیەکی چالاک لە ناوەندی پرۆسەکەدا نەبێت و ستاتۆ و ڕۆڵی هەماهەنگکاری ئاشتی بە یاسا بۆ دیاری نەکرێت، جێبەجێکردنی ماددەکانی ئەم یاسایە مەحاڵە. تاوەکو ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوە نەبات، هیچ کەسێک—نە کۆنەکان و نە گەریلا نوێیەکان—مامەڵەی تاکەکەسی ئەنجام نادەن."مستەفا قەرەسوو وای وت.

گواستنەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و داڕشتنی کۆماری دیموکراتیک

قەرەسوو بە ئاماژەدان بە ٤٢یەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب جەختی کردەوە، تێکۆشانی چەکداریی ٥٠ ساڵی ڕابردوو بوونی کوردی سەلماند و دەوڵەتی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ناچارە پەنا بباتە بەر چارەسەری سیاسی.

کۆتایی تێکۆشانی چەکداری

ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند: پەکەکە کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکانی هێناوە و ستراتیژیی نوێ تەنیا تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیکە، ئامانجی سەرەکی دروستکردنی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ە لە ڕێگەی کۆمۆن و ئەنجومەنەکانەوە، بۆ گەیشتن بە "کۆماری دیموکراتیک".

کاردانەوە بەرامبەر ڕاگەیاندن و ئۆپۆزسیۆن

قەرەسوو ڕەخنەی لە ڕاگەیاندنی نزیک لە ئاکەپە گرت کە لەبری بەکۆمەڵگەیکردنی ئاشتی، هێشتا زمانی سەردەمی شەڕ بەکار دەهێنێت. هاوکات جەختی لە گرنگیی پشتگیریی ئۆپۆزسیۆن (بەتایبەتی جەهەپە) کردەوە و داوای کرد لەبری تەماشاکاربوون، بە شێوەیەکی کرداری بەشداری لە پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی تورکیادا بوبن.

لە کۆتاییدا، قەرەسوو دووپاتی کردەوە کە تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیکی ئەمڕۆ، درێژەپێدەری ئامانجەکانی شەهیدانی ١٥ی ئابە بۆ هێنانەدیی ئاشتی و ئازادی لە ناوچەکەدا.

  • پەردە لەسەر ژمارە شاراوەکانی قەیرانی بەنزین هەڵدەماڵرێت؛ داواکارییەک بۆ دابەزاندنی نرخ یان بازرگانیی مانگانە؟

  • یاسای داماڵینی چەك لە كورد؛ هەنگاوێكی مێژوویی یان مانۆڕێكی سیاسی؟

  • لە نێوان لێدوانی توندی ترەمپ و هەوڵەکانی پاکستاندا؛ ئایا ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریكا درێژ دەکرێتەوە؟

  • بەغدا دەست بە گەمارۆدانی گرووپەکان دەکات؛ تاران لە چارەنووسی چەکەکانی نیگەرانە

  • لەگەڵ پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"؛ کەجەکە مەرج و ستراتیژیی نوێی ئاشکرا دەکات

  • "هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات

  • "لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"

  • ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم

  • "ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟

سەرەکی