3 کاتژمێر پێش ئێستا
81 جار خوێنراوەتەوە
گەمارۆکانی ئەمریکا شادەماری ئابووریی ئێران دەبڕێت و وڵاتانی دراوسێشی تووشی شۆک دەکات
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری ململانێکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاران هۆشداریی توند دەداتە وڵاتانی دراوسێی لە بەکارهێنانی ئاسمانیان، هاوکات بەرپرسانی ئێرانیش دان بەوەدا دەنێن کە قەیرانی ئابووریی ناوخۆ بڕست لە وڵاتەکەیان بڕیوە و بووەتە هۆکاری سەرەکیی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان.

پەیامی تاران بۆ دراوسێکان"ڕێگە بە ئەمریکا مەدەن"
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیی داوە، بەڵام ئێران مافی ڕەوای خۆیەتی وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە." بەقائی جەختی کردەوە کە ئاگاداری دراوسێکانیان کردووەتەوە ڕێگە بە ئەمریکا نەدەن خاکیان یان ئاسمانیان بەکاربهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد لە حالەتی پێچەوانەدا: "وەڵامەکانمان زۆر توندتر دەبن."
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە سەردانەکەی محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق، بەقائی ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشیی ئایینی، کلتوری و سنووری هاوبەشی هەردوو وڵات کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

قاڵیباف: "سوپای بەهێز ناتوانێت گەلێکی برسی بپارێزێت"
لە چوارچێوەی دیدارێکیدا لەگەڵ ئابووریناسان لە بەغدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هۆشدارییەکی نائاسایی دا بەوەی کە تەنها دارایی و ڕاهێنانی سەربازی بەس نین بۆ مانەوەی سیستەمەکە. قاڵیباف وتی: "هێزی سەربازیمان چەندە بەهێز بێت، ئەگەر خەڵکەکەمان برسی بێت و ئابووریمان بەردەوام بێت لە تێکچوون، بەرقەرار ناستین."
ئەم لێدوانە وەک دانپێدانانێکی دەگمەن دەبینرێت لەلایەن سەرکردایەتی ئێرانەوە، لە کاتێکدا هەڵاوسان لە ئێران نزیک بووەتەوە لە ٩٠٪، زیاتر لە ملیۆنێک هۆکاری کار لەدەستچووە و هەناردەی نەوتیش بەهۆی گەمارۆکانەوە بە تەواوی دابەزیوە.

پلانەکەی ئەمریکا و پچڕانی شادەماری ئابووری
ئەم دۆخە ناوخۆییەی ئێران هاوڕاستەیە لەگەڵ بەڵێنی سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، کە ئاماژەی بەوە کردبوو واشنتۆن دەست دەکات بە جێبەجێکردنی "گەورەترین گەمارۆی دارایی لە مێژوودا" بە مەبەستی بڕینی شادەماری ئابووریی تاران. ئەم سزایانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تەنها ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گوشاری خستووەتە سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی وەک:
چین: کە پێشتر ٩٠٪ی نەوتی ئێرانی دەکڕی و ئێستا تووشی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووەتەوە.
هیندستان: کە قەبارەی بازرگانیی لە ١٧ ملیار دۆلارەوە (لە ساڵی ٢٠١٩) دابەزیوە بۆ ١.٦٣ ملیار دۆلار.
عێراق، تورکیا و پاکستان: کە بەهۆی فشاری خنکێنەری واشنتۆنەوە زۆربەی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان ڕاگرتووە.

داخستنی گەرووی هورمز و کێشمەکێشی کەنداو
وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکان، ئێران کاردانەوەی بەرامبەری نیشانداوە بە داخستنی گەرووی هورمز و هەڕەشەکردن لە ڕاگرتنی جووڵەی نەوت. ئەم هۆکارە هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکەی تووشی نیگەرانی کردووە:
قەتەر: ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوایکرد گەرووی هورمز بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم وڵاتانی کەنداو پشتیوانی لە چارهسهری ئاشتییانە دەکەن.
پاکستان: شاندێکی ئەمنی بە سەرۆکایەتیی عاسم مونیر (فەرماندەی سوپا) و موحسین ڕەزا نەقەوی (وەزیری ناوخۆ) سەردانی تارانیان کرد. نەقەوی ئاماژەی بە "پێشکەوتنی گەورە و ئەرێنی" کرد لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ دووبارە کاراکردنەوەی یاداشتی تێگەیشتن و کردنەوەی گەرووی هورمز.
-
ئۆجەلان لەبارەی ئەو قسە و نووسراوانەی بەناویەوە بڵاو دەكرێنەوە: ڕاست نین
|
-
گەمارۆکانی ئەمریکا شادەماری ئابووریی ئێران دەبڕێت و وڵاتانی دراوسێشی تووشی شۆک دەکات
|
-
پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەوە؛ ئەمینداری یەکگرتوو باس لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات
|
-
لێکترازانی ئابووری و سەربازی؛ ئەمریکا گەمارۆکان توندتر دەکات و ئێران هۆشداری لە ئاژاوە دەدات
|
-
ئۆجەلان هۆشداری دەدات و پێشنیاری "حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک" بۆ هەرێمی کوردستان دەکات
|
-
هەوڵی لابردنی سفرەکانی سەر دینار؛ نەشتەرگەرییەکی بەئازار بۆ ئابوورییەکی پەککەوتوو
|
-
دادگای فیدراڵی و چارەنووسی کابینەی نۆ؛ بڕیارێک کە بونیادی حکومڕانی لە هەرێم دەلەرزێنێت
|
-
ئهمریكا گهورهترین جهنگى ئابوورى دژ به ئێران دهستپێدهكات؛ ئێرانیش ههڕهشهى ڕاگرتنى نهوت دهكات
|
-
لە چەواشەکارییەوە تا بێدەنگی؛ بۆچی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بکوژانی گوڵستان و هێرۆ ئاشکرا نەکرا؟
|
|
|
|