2   کاتژمێر پێش ئێستا 85 جار خوێنراوەتەوە

هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چوارشەممە مانگرتنی گشتییه‌ بۆ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی

چوار ساڵ بەسەر کوژرانی کچە کوردی خەڵکی سەقز ژینا ئەمینی لە تارانی پایتەختی ئێران تێدەپەڕێت، هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی "هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پێکهێناوە، داوا دەکەن لەو ساڵیادەدا خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستان بازاڕ و دووکانەکانیان دابخەن و مانگرتنی گشتیی ڕابگەیەنرێت.

لە بانگەوازی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە:"چوار ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی “ژینا – ژن، ژیان، ئازادی” تێدەپەڕێت. شەهیدبوونی ژینا بووە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی، کە تێیدا کاردانەوەی بێ‌وێنە و بوێرانەی خەڵکی تێکۆشەرو ئازادیخوازی کوردستان و ئێران، بناغەکانی ڕژێمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی هەژاند و دەنگی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان و هەموو ئازادیخوازانی ئیرانی بە جیهان گەیاند".

دەشڵێن "لە کاتێکدا لە ساڵیادی ئەو سەرهەڵدانە سەرتاسەرییە نزیک دەبینەوە کە دۆخی خەڵک و پرسی ئازادییەکانیان لەوپەڕی خراپی دایە. بەتایبەت دوای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرجەم قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان قووڵ بوونەتەوە. دەسەڵات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە ئاستی دەرەوە و لاوازییەکانی نێوخۆی، گوشارە ئەمنی و ئابوورییەکانی بۆ سەر خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد و ئێرانی چەند هێندە کردووە، بە جۆرێک کە هەژاری، گرانی، بێکاری و نەبوونی ئازادی و ئاسایش تەنگی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەڵچنیوە".

"سەرەڕای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و زیندوویی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان، ڕژێم بەردەوامە لە سیاسەتی کوشتار و سەرکوتکردن. شەپۆلی دەستبەسەرکردنی خەباتکارانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافی ژنان، چالاکانی کلتووری، ژینگەپارێزان، کرێکاران و مامۆستایان بەردەوامە و لە هەڵکشاندایە. سەپاندنی سزای قورسی بەندکردن و زیادبوونی بێ‌وێنەی سزای سێدارە، لەلایەکەوە نیشانەی ترسی ئەم ڕژێمەیە لە ئیرادەی خەڵک و لەلایەکی دیکەش ئاماژەیە بە پێداگریی لە توندوتیژی کە بنەمای دەسەڵاتەکەیەتی".

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئەوەشیان خستووەتەڕوو "گەلی کورد کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەمیشە پێشەنگی تێکۆشان بۆ ئازادی بووە، لەم هەلومەرجە هەستیارەشدا ڕۆڵێکی مێژوویی لەئەستۆیە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و تێپەڕبوون لەم ڕژێمە، تەنیا بە یەکگرتوویی و ئیرادەی یەکلاکەرەوەی خەڵک دەکرێت. کاریگەریی هەبوون و بەردەوامیی تێکۆشان لە بوارە جیاوازەکان و دەوری خەباتی مەدەنی و سەرتاسەری لەلایەن کۆمەڵگە، بۆ بەچۆکداهێنانی دەسەڵات و هەروەها نیشاندانی ئیرادە و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژەکان بابەتێکی سەلمێندراوە، بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان هەر لە دەستپێکی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە تا بە ئەمڕۆ ئەوەی نیشان داوە کە ڕەوتی داواکارییە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هێڵی سیاسی و بنەماکانی ئەو دەسەڵاتە جیاواز بووە. نەتەوەکەمان لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی و مێژوویی جگە لە جەختکردنەوەی مافەکانی خۆی، دژی توندوییژی و سەرکوتیش وەستاوە و پەیامی سیاسی‌بوون و مەدەنیانەی تێکۆشانی خۆی نیشانی جیهانیان داوە".

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵک دەکات، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و "لە چوارەمین ساڵڕۆژی تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی مانگرتنێکی سەرتاسەری و گشتی لە بەرانبەر بەردەوامیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن. ئەم مانگرتنە جگە لە وەبیرهێنانەوەی یادی سەرجەم شەهیدان و نرخەکانی شۆڕشی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی»، تێکۆشانێکی مەدەنی و وڵامێکی جەماوەرییە دژی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان و دەبێتە پەیامی زیندووبوونی خەباتی مەدەنی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان".

لە کۆتاییشدا دەڵێن "داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەکەین ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیان پەیوەستی ئەم مانگرتنە گشتییە بن و هەمووان پێکەوە بە هەڵوێستێکی یەکگرتووە دووپاتی بکەینەوە کە گەلەکەمان لە هەر دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و هەرگیز تەسلیمی زوڵم نابێت. ئەم مانگرتنە گشتییە، هەنگاوێکی گرنگ و پەیامێکی ڕوونی بەرەنگاربوونەوە دەبێت بۆ چەسپاندنی ئیرادەی سیاسی و نەتەوەییمان. هەر بۆیە داواش لە سەرجەم لایەن و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان دەکەین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە گشتییە بکەن، تاوەکو بە یەکڕیزی و بە هێزی خەباتی مەدەنیی خۆمان نیشانی بدەین کە سیستمی سەرکوت و سێدارە هەرگیز ناتوانێت پێش بە تێکۆشانە ڕەواکانمان بگرێت".

کوژرانی ژینا

١٦ ئەیلوولی ٢٠٢٦ چوارساڵ بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی تێدەپەرێت کە بە هۆیەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕش بە ناوی " ژن . ژیان . ئازادی " سەریهەڵدا و بە ئێستاشەوە لە چەشن و شێوەی جیاواز درێژەی هەیە .

ژینا ئەمینی، ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوو، بەهۆی داگیرکاری و سڕینەوەی زمانی کوردی، خێزانەکەی ناچاربوون ناوی لە بەڵگەنامەی کەسیدا بە مەهسا ئەمینی تۆمار بکەن“.

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ژینا لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی خزم و کەسوکارەکەی لە تاران دەکەن، لە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ڕۆژی سێشەمەی ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ، لە نزیک وێستگەی میترۆی شارەکە بە بیانووی باڵا پۆشی دەستگیر دەکرێت و ئەشکەنجەیەکی توند دەدرێت، کە بە هۆیەوە دەچێتە کۆماوە، دوای سەردانی بنەماڵەکەیان، پزیشکی نەخۆشخانە لە ١٦ ی مانگ ، واتا دوای ٣ ڕۆژ لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەکەس و کارەکەی دەوترێت ژینا هۆشی نەماوە و گیانی لەدەستداوە .

ژینا لە ٢٢ ساڵیدا گیانی سپارد بەڵام شۆڕشێکی لەسەرانسەری ئێران بەرپاکرد

دوای کوشتنی ژینا و گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری سەقز، یەکەم تروسکەی شۆڕش بە لابردنی سەرپۆشەکانیان و بە وتنەوەی دروشمی " ژن . ژیان . ئازادی " لە لایەن ئامادەبوان و چالاکوانان و دایکانی ناوچەکە دەستی پێکرد .

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەیەکەم کاردانەوەدا هەموو دەرگاکانی شارەکەی داخست بەڵام ئەوە نەیتوانی ڕێ لە دەرپەڕینی شۆڕشەکە بگرێت بۆ سەرانسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، ناڕەزایەتییەکان زیادیان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە وتنەوەی درووشمی “ژن ژیان ئازادی” ڕژانە سەر شەقامەکان و وێنەی عەلی خامنەییان بەردباران کرد.

دیمەنەکانی کوشتنی ژینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دواتر لە سەرانسەری ئێران و هەرچوار پارچەی کوردستان و پاشانیش لە سەرتاسەری جیهان بڵاوکرانەوە .کە بەهۆیەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ ، شۆڕش و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرپا بوون، هێزەکانی ڕژێم سەدان کەسیان ڕاپێچی زیندان و بەرپەتی سێدارە کرد . 

لەکاردانەوەی ئەو بارودۆخەدا و تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و تویتەری کۆن بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن هاشتاگی ژینا ئەمینی ڕیکۆردی تۆڕەکە شکێندرا، دەیان و سەدان چالاکوانی ژن لەبەردەم شاشەکاندا قژی خۆیان بڕی، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەیان سیاسی و هونەرمەند و کەسایەتی و وەرزشوان وتوێژی جیاواز کاردانەوەیان نیشاندا و پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی تاران بچڕاند .

لە ماوەی دوای کوشتنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشەکەدا و بە پێی ووتەیەکی غولام حسین موحسینی،، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری وڵاتەکەیدا دانی بەوەدا نا کە تەنها لەو ساڵەدا جیا لەوەی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە سەرکوتی خۆپیشاندان بە تونترین شێوە کراوە " زیاتر لە ٩٠ هەزار " داوای یاسای دژی مامۆستا و چالاکوان و خوێندکار و توێژی جیاواز تۆمار کراوە ، هەر لە ماوەی شۆڕشەکەدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٥٢٤ کەس کوژران و بە دەیان و سەدان کەسی دیکە بریندار و دەستگیرکران.

 

 

  • حوسییەکان بە سەرپەرشتی ئێران و چاوپۆشی ئەمریکا چۆن گەیشتنە دەروازەی بابولمەندەبن؟

  • کەجەکە: کورد لە سوریا بێخاوەن نییە

  • هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چوارشەممە مانگرتنی گشتییه‌ بۆ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی

  • سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی ئێران کۆتایی دێت و حوسییەکان نایانەوێت ڕوبەڕوومان ببنەوە

  • مەرجی نوێی هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٧؛ وردەکاری کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم

  • لە تیرۆرکردنی "سیپان"ەوە بۆ پشێویی زیندان؛ لە رۆژئاوای کوردستان چی ڕوویدا؟

  • ١١ ی سێپتەمبەر؛ ئەو رۆژەی ئەمریکا و جیهانی گۆڕی

  • وەڵامەكەی تاران بۆ ریاز: حوسییەكان بە ئێمە ڕاناگیرێن

  • لە نێوان سەدان ملیار داهاتی "ڕووناکی" و نۆ ملیار دۆلار قەرزدا؛ قەیرانی کارەبا و پرسیارە بێوەڵامەکە

سەرەکی